خۆپیشاندانەكان ئابووریی ئێران لەداڕووخان نزیك دەكاتەوە

لەزۆربەی زانكۆكان پرۆسەی خوێندن هەڵدەپەسێردرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نزیكەی 60 رۆژە ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامەو بەپێی دوایین ئامار نزیكەی 320 كەس لەو ناڕەزایەتییانەدا كوژراون و بەبڕوای چاودێران ژنان رۆڵی گەورەیان لەدرێژەكێشانی ئەو ناڕەزایەتییانە هەبووە كە دەسەڵاتی لەرزۆك كردووە.

ئەگەرچی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەزموونی زۆری لەسەركوتی ناڕەزایەتییەكانی وڵاتەكەیدا هەبووەو لە رابردووشداو لەخراپترین دۆخدا نزیكەی هەشت ساڵ لەگەڵ رژێمی سەدام حسێن لەجەنگدا بووە، بەڵام ئەوەی لەئێستای ئەو دەسەڵاتەدا بەدیدەكرێت گەورەترین پەشۆكاویی و ئاڵۆزییە كە بەرۆكی دەسەڵات و سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەو كۆمارەی گرتووە.

خۆپیشاندانەكان دژی دەسەڵاتی ئێران بە دوورودرێژترین ماوەی ناڕەزایەتیی دژی ئەو دەسەڵاتە ئەژماردەكرێت لە 43 ساڵی رابردوودا بۆیە دەوترێت ئەو ناڕەزایەتییانە زیاتر لەهەمیشەی دەسەڵاتی تارانی لەزۆرك كردووە.

بەرفراوانبوون و درێژەكێشانی ناڕەزایەتییەكان وای لەتوندڕەوەكانی باڵی محافزكاری كۆماری ئیسلامی ئێران كرد كەداوای دەستلەكاركێشانەوەی عەلی شەمخانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن و تەنانەت تۆمەتی ئەوە خرایە پاڵ شەمخانی كە ئەو تەنها جێی متمانەی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی وڵاتەكە بووە.

بابەك نیگەهداری، بەڕێوەبەری ناوەندی تووێژینەوەی ئابوریی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە؛ 11 ساڵە ئابوریی ئێران لەپاشەكشێدایەو لەساڵی نوێشدا هیچ ئاسۆیەك بۆ باشتربوونی ئابوریی وڵاتەكە بەدیناكرێت.

لەلایەكی دیكەوە دەسەڵاتداران رایانگەیاندوە بەدەر لەوەی بەزیانی زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار ئامێرو ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی گشتی سووتێنراوە، بەڵام زیانی گەورە بەر كەتی سەرمایەی بیانیی لەوڵاتەكەدا كەوتووە چونكە سەرمایەدارانی بیانی ترسیان لەسەرمایەكانیان لەناوخۆی ئێران بۆ دروست بووەو تەنانەت سەرمایەدارانی ناوخۆش پارەكانیان دەبەنە دەرەوە.

رۆژنامەی (ئیعتماد) بڵاویكردووەتەوە هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لەیەك ساڵدا بە رێژەی (100%) زیادی كردووە و ئێران بۆ بەرزكردنەوەی بەهای تمەن ناچارە لەهەر چركەیەكدا 45 ملیۆن تمەن دراو چاپ بكات و پێشبینی دەكرێت بەدابەزینی زیاتری بەهای تەمەن چاپكردنی ئەو دراوەش زیاتر بكات، چونكە زۆربەی سەرچاوەكانی داهاتی ئەو وڵاتە كەمیان كردووە.

بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاندووە كە پارەی چاپكراوی وڵاتەكەی لەئێستادا پێنج ترلیۆن و 401 ملیار تمەنە.

 

ژنان پێشەنگی ئازادی و ئازایەتی

ژنان كەپێشەنگی ناڕەزایەتییەكان بوون لەپێناو ئازادیدا لەئێستادا رۆڵیان وەك دایك و خوشكیش ئازایەنەیە چونكە زۆربەی ئەوانەی لەباڵای دایكی كوژراوەكان دەردەكەون تەنها شین و رۆڕۆ بۆ رۆڵەكانیان ناگێڕن بەڵكو دەیان تۆماری ئەو دایكانە دەبینرێت و بڵاوكراوەتەوە كە هانی گەنجان دەدەن بۆ بەردەوامبوون لەسەر رێبازی رۆڵە كوژراوەكانیان، بۆیە لەدوای رێوڕەسمی بەخاكسپاردن یان چلەی مەرگی هەر كوژراوێك سەرهەڵدانەكان بەهێزتر دەبنەوە.

بەبڕوای كۆمەڵناسانی ئێران ناڕەزایەتییەكانی مەرگی ژینا ئەمینی لەسەرەتادا بۆ ئازادییە كۆمەڵایەتیەكان بوون، بەڵام بەهۆی مامەڵەی خراپی دەسەڵات و بەكارهێنانی توندوتیژیی، شێوازو داواكاریی خۆپیشاندەران گۆڕاوە بۆ داواكاریی سیاسی و نەمانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و هەر لەو چوارچێوەیەشدا لەزۆربەی دروشمی ناڕەزایەتییەكان كەسی یەكەمی كۆماری ئسیلامی و دەسەڵات كە عەلی خامنەیی-ە دەكرێتە ئامانج.

ئەوەی روونە لەخۆپیشاندانەكانی  رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران 25 كچ و ژن كوژراون كەهەشت كەسیان كورد بوون.

 

زانكۆكان كۆڵەكەی ناڕەزایەتییەكان

زانكۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لەیەكەم رۆژی ناڕەزایەتییەكانەوە بەردەوامبوون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و ئەوەش وایكرد هێزە ئەمنییەكان هێرش بكەنەسەر ژمارەیەك زانكۆ بەتایبەت لەتاران و سنە.

بەگشتی  لە 135 زانكۆی گەورەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژانە ناڕەزایەتیی بەڕێوەدەچێت و پڕۆسەی خوێندن لەزۆربەی زانكۆكان هەڵپەسێردراوەو تەنانەت سەرۆكایەتیی زانكۆكانی ئێران بڕیاری داوە چیتر نابێت خوێندكارانی زانكۆ دەمامك بەكاربهێنن.

 

بۆرسەی تاران بەرەو داڕمان دەڕوات

بۆرسەی تاران بەرەو داڕمان دەڕوات و لە 10 رۆژدا زیاتر لەیەك ملیار دۆلاری سەرمایەكەی لەدەستداوە.

میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە لەماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، رۆژانە زیاتر لە 100 ملیار تمەن لەبۆرسەی تاران كشێنراوتەوە و تەنها لە رۆژی شەممە (29/10/2022) 900 ملیار كەدەكاتە نزیكەی 27 ملیۆن دۆلار لەو بۆرسەیە كشێنراوەتەوە.

پێگەی ئێكۆ ئێران ئاشكرایكردووە رۆژی یەكشەممە نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لە بۆرسەی تاران كشێنراوەتەوە.

بەگشتی تەنها لە 10 رۆژدا سێ ترلیۆن و 650 ملیۆن تمەن كە دەكاتە زیاتر لە یەك ملیارو 20 ملیۆن دۆلار لەبۆرسەی تاران كشێنراوەتەوەو پێشبینی دەكرێت ئەگەر ئەو كشانەوەی سەرمایەیە بەو شێوەیە لەبۆرسەی تاران بەردەوام بێت ئەوە لەماوەیەكی كوردتدا تووشی داڕمانی ئابوریی دەبێت.

دۆلار نرخی پێوانەیی هەڵاوسان

نرخی دۆلار لەبازاڕەكانی ئێران بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەكرێت نرخی هەر دۆلارێك بگاتە 40 هەزار تمەن و دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەش دەستوەردانی بەپەلەی كرد.

لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوەوە نرخی دۆلار لەئێران بەبەردەوامیی بەرزدەبێتەوەو لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی دراوی ئەو وڵاتە لە رۆژی شەممەدا هەر دۆلارێك بەزیاتر لە 36 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەكرا.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بەهای زێڕیش بە رێژەی 4% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و میدیاكانی سەر بەدەسەڵاتیش لەئێران رایانگەیاند بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەهۆی نەفرۆشتنی ئەو دراوە بووە لەلایەن نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەوڵاتەكەدا.

لەگەڵ دەستپێكردنی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران نرخی دۆلار لە 50 رۆژی رابردوودا بەرامبەر تمەن ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە .

پێگەی (تیجارەت نیوز) بڵاویكردووەتەوە رۆژی شەممە (5/11/2022) لەكاتژمێر (4:00)ی ئێوارە بەكاتی تاران نرخی رەسمی هەر دۆلارێك لەئێران 29 هەزار تمەن بووە، بەڵام لە بازاڕەكاندا بە 36 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەكراوە.

هاوكات راگەیاندنی سەر بەوەزارەتی هەواڵگریی ئێران ناسراو بە (ئیتلاعات) لەبەیاننامەیەكدا ئێوارەی ئەو رۆژە رایگەیاند؛ چەند تۆڕێكی كڕین و فڕۆشی دۆلارو دراوی دەستگیر كردووە كە بەشێوەی وەهمی مامەڵەیان بەدۆلارەوە كردووە.

ئیتلاعات ئاشكراشی كرد دەستی بەسەر دوو هەزارو (300) ئەژماری بانكیدا گرتووە كە یارییان بەنرخی دۆلار لەبازاڕەكانی ئێران كردووە.

 

ئەمریكا كەرتی نەوتی ئێران دەكاتەوە ئامانج

واشنتۆن لەدوای خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و  ئێران شەش بەرپرس و 17 كۆمپانیاو 11 كەشتی نەوتهەڵگری سزادا كەزۆرینەیان سەرقاڵی ساغكردنەوەی نەوتی ئێران بوون لەبازاڕەكانی جیهاندا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند: ئەو شەش بەرپرس و بازرگانانەی كەهەڵگری رەگەزنامەی سویسراو لوبنان و فەرەنسا بوون لەبازاڕی رەشدا نەوتیان بۆ ئێران فرۆشتوەو 11 كەشتیش بە ئاڵای پەناما، جیبۆتی، لیبری و چەند وڵاتێكی دیكە نەوتی ئێرانیان گواستوەتەوەو 17 كۆمپانیاش لەئیمارات، سویسراو جەزائیرو سەنكافورەو توركیا دەستیان هەبووە لە ساغكردنەوەی نەوتی ئەو وڵاتە لەبازاڕەكانی جیهاندا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا روونیكردووەتەوە سەرجەم ئەو بازرگان و كەشتی و كۆمپانیایانە لەچوارچێوەی تۆڕێكدا ساختەكارییەكان بۆ ساغكردنەوەی نەوتی ئێران لەبازاڕە نێودەوڵەتییەكاندا كردووە.

روسیا مشت لەوزەی ئێران خۆشدەكات

كۆنستانتین سیمۆنۆڤ، بەڕێوەبەری سندوقی ئاسایشی نیشتیمانی روسیا بۆ وزە لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیی وڵاتەكەی ئاشكرایكرد؛ فشارەكانی رۆژئاواو بەتایبەت ئەمریكا دژی تاران لەبەرژەوەندیی مۆسكۆ دەشكێتەوەو چونكە ئەوە وادەكات روسیا لەبواری نەوت و غاز لەئێران لانیكەم 40 ملیار دۆلار قازانج بكات.

ئەگەرچی لێدوانی ئەو بەرپرسەی مۆسكۆ ناڕەزایەتیی تارانی لێكەوتەوە، بەڵام روسیا هیچ روونكردنەوەیەكی بڵاو نەكردەوە.

ئەو بەرپرسەی روسیا رایگەیاندووە پەیوەندییەكانی تاران و مۆسكۆ لەسەردەمی سۆڤیەت و دوای سۆڤیەتیش هەر ئاڵۆز بووە، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران دوای سزا زۆرەكانی ئەمریكاو ئەوروپا بەتایبەت بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی وڵاتەكە رێبازێكی نوێی سیاسەتی لەگەڵ روسیا گرتووەتەبەر كەئەوەش مایەی خۆشحاڵییە.

بەڕێوەبەری سندوقی ئاسایشی نیشتیمانیی روسیا بۆ وزە جەختی لەوە كردووەتەوە كە وڵاتەكەی پلانی درێژ مەوداوی بۆ كەرتی نەوت و غازی ئێران هەیە كە لانیكەم قازنجەكەی بۆ مۆسكۆ دەگاتە 40 ملیار دۆلار.

لێدوانی ئەو بەرپرسەی روسیا لەكاتێكدایە لەدوای ساڵی 2018و لەگەڵ توندبوونی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوت و غازی ئێران بەوتەی بەرپرسانی تاران ساڵانە زیاتر (100) ملیار دۆلار لەداهاتی فرۆشی نەوت و غازو  بەرهەمە پتڕۆكیماییەكانی وڵاتەكە نەماوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار