له‌ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)ییه‌وه‌..ژیان‌و مەرگی خۆپیشاندەرە پاڵەوانەكان

غەزالە... پاڵەوانی ئازادی‌و بەخشندەیی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


دەیان چیرۆكی سەرنجڕاكێش لەژیانی ئەو گەنج و لاوانەی كەژیانیان لەپێناو ناڕەزایەتیی لەدەسەڵاتی ئێران لەدەستداوە هەیە كۆمارو مەهساو غەزالە لەو سەدان كەسەن كە ناویان چووەتە تۆماری پاڵەوانەكانی ناڕەزایەتییەكان.
كۆمار دەرئۆفتادە لە (30/10/2022) لەناڕەزایەتییەكانی شاری پیرانشار لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەتەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژرا.
كۆمار كە لاوێكی تەمەن 16 ساڵ بوو بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەكان لەمەودای سێ مەترییەوە تەقەیان لێكردبوو بڕێكی زۆر ساچمە بەر لەشی كەوت و دوای رۆژێك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
كۆمار تەنها 12 كاتژمێر پێش ئەوەی بپێكرێ لەپۆستێكدا لەئینیستاگرام بەزمانی كوردی دەنووسێت: ئێمەی خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێكمان لەجەنگ دەكوژرێین، هەندێكمان لەبەندیخانە، هەندێكمان لەشەقام دەمرین، هەندێكمان لەدەریا نوقم دەبین، تەنانەت كەژو چیا سەربەرزەكانیش تۆڵەی تەنیاییان لەئێمە دەكەنەوە، چونكە ئێمە كارمان مردنە.
كۆمار لەپۆستێكی دیكەدا نووسیویەتی: لەهەر شتێك زۆرتر، ئازادیتان خۆشبووێت، پۆست و پەیامەكانی كۆماری ئاماژەیەكی روونن بۆ تێڕوانینی ئازادیخوازانەی ئەو لاوەی رۆژهەڵاتی كوردستان تەنانەت باوكی لەكاتی بەخاكسپاردنەكەیدا وتی: ئەگەرچی جەرگ سوتان ئاسان نییە، بەڵام مایەی شانازییە كە كۆمار لەپێناو ئازادی و نیشتیمان گیانی لەدەستداوە.
یەكێكی دیكە لەو كەسانەی كەهەر لەناڕەزایەتییەكان گیانی لەدەستدا كچێكی یاریزان و پاڵەوانی تایكواندۆ بەناوی مەهسا مەوگویی بوو كە تەمەنی 19 ساڵ بوو.
ئەو كچە وەرزشكارە خاوەنی زایاتر لە 100 میدالیاو خەڵاتی وەرزشی بوو، بەڵام رۆژی (22/9/2022) تەنها شەش رۆژ دوای مەرگی ژینا ئەمینی لەناڕەزایەتییەكانی فولادشەهر لەپارێزگای ئەسفەهان بەچەكی تاپڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا.
باوكی مەهسا رایگەیاند؛ كچەكەی من كەخاوەنی پشتێنی رەشی تایكواندۆو پەڵەوانێكی وەرزشی بوو بەم شێوەیە كوژرا، بۆیە نابێت لەئاست كوشتنی گەنجان و كچاندا بێدەنگ بین.
رێوڕەسمی چلەی مەهسا مەوگویی یەكێك لەجەماوەریترین چلەی كوژراوانی ئێران بوو كەزیاترین خەڵكی شارەكەو دانیشتوانی شاری ئەسفەهان بەشدارییان تێدا كردو لەسەر گۆڕەكەشی بەڵێندرا بەتۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئەو كچە پاڵەوانە.
یەكێكی دیكە لەو كەسانەی كە بەپاڵەوانی خۆپیشاندانەكان ناودەهێنرێت غەزالە چەلابی تەمەن (33) بوو كە بەكامێرای مۆبایلەكەی دوایین چركەساتەكانی ژیانی خۆی تا پێش تەقەلێكردن و كوشتنی تۆمار كردووە.
بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەی كە غەزالە تەنها چەند چركەساتێك پێش مەرگی تۆماری كردووە، داوا لەخۆپیشاندەران دەكات نەترسن، چونكە ئەوان پێكەوەن، ئەو لەباڵای كچێكی ئازا، هانی خۆپیشاندەران دەدات لەپێناو ئازادی و داوجار بەتەقەی راستەوخۆ هێزە ئەمنییەكانی شاری ئامۆل لەپارێزگای مازندەران لەباكوری ئێران گیانی لەدەستدا.
ئەوەی مایەی سەرنجە لەژیانی ئەو كچەدا ئەوەیە دوای ئەوەی گوللـە بەر سەری دەكەوێت و هیچ هیوایەك بۆ زیندوبونی بەدی ناكرێت، لەسەر وەسیەت و راسپەردەیەك كە پێشتر بەكەسوكاری راگەیاندووە؛ ئەندامانی جەستەی ئەو كچە شاخەوان و وەرزشكارە دەبەخشرێتە هەشت نەخۆش.
بەخشینی ئەندامانی جەستەی غەزالە ژیانی بۆ زۆر كەس گەڕاندەووەو رەنگە ئەوەش ناوی ئەو وەك پاڵەوانێكی ئازادی و بەخشندەیی بۆ ساڵانێكی زۆر بەزیندویی بهێڵێتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار