خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵات و ئێران 67 ڕۆژی تێپەڕاند

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 67 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و حەفتەیەکە ئاستی توندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر خەڵکی کورد زۆر زیاتری کردوە بە جۆرێک ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و مامۆستایانی ئایینیی هۆشداریی دەدەن لە چۆنیەتی مامەڵەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات.

سەرەڕای توندوتیژییەکان و رەوانەکردنی هەزارن هێزی چەکدار بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵام ناڕەزایەتییەکان لەو بەشەی کوردستان بەردەوامن و ژن و منداڵ، بەساڵاچو و گەنجی کورد بەردەوامن لە ناڕەزایەتیی و گوللـە و کوشتن و بڕین لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی ساردی نەکردونەتەوە بە جۆرێک ئێستا کورد بوەتە پێشەنگی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و بە دروشم لە تاران و کەرەج و شارەکانی دیکە هاوسۆزی و پشتیوانیی بۆ کورد دەردەبڕدرێت. رۆژی سێشەممە دوای تێپەڕاندنی سێ شەوی خوێناوی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. لە (مەهاباد،بۆکان، سەقز، سنە، پیرانشار، مەریوان، جوانڕۆ، روانسر) و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵات دوکان و بازاڕەکان لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان نەکرانەوە و هێزە ئەمنییەکانیش لە رێگەی بڵندگۆوە داوایان لە کاسبکاران کرد دوکان و بازڕەکان بکەنەوە بەڵام ئەو هەوڵەی هێزە ئەمنییەکان شکستی هێنا. لە هەندێک گەڕەکی شاری جوانڕۆ ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوپێکردنی گەنجان تەقەیان کرد بەڵام تا ئێستا ژمارەی کوژرا و برینداری ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی ئەو شارە دیار نییە بە تایبەت کە زۆرینەی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەو ناوچەیە لەکارخراون.

لە شاری کرماشان و مەهاباد هێزە ئەمنییەکان شەوی سێشەممە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دەیان دانیشتوی ئەو دو شارە و چەند کەسێکیان دەستگیر کرد. سوپای پاسداران حاشای لەوە نەکردوە کە هێزەکانیان لە جوانڕۆ و پیرانشار و مەهاباد تەقەیان لە خەڵک کردوە. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی کە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکراونەتەوە؛ هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی و کۆتایی خۆپیشاندانەکان چەکی سەربازیی و لە هەندێک حاڵەتیشدا دۆشکا بەکاردەهێنن.

مامۆستایانی ئایینیی شاری سنە ودەوروبەری لە بەیاننامەیەکدا؛ رایانگەیاند ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی لە ماوەی زیاتر لە دو مانگی رابردودا بەرامبەر خۆپیشاندەران کردویانە، هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکی ستەمکارانەیە. ئەو مامۆستایانە ئاماژەیان بەوە کردوە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەمو شێویەک هەوڵی سەرکوتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان داوە و دەستیان هەبوە لە رشتنی خوێنی گەنجان و لاوان بۆیە ئەوان هاوشانی خەڵکی ناڕازیی پشتیوانیی لە خۆپیشاندان دەکەن و هاوکات جەختیان لەوە کردەوە دەسەڵاتی ستەمکار نابێت حوکمڕانیی خەڵک بکات و دەبێت شەرعیەتی دەسەڵات بخرێتە ریفراندۆمە و خەڵک مافی خۆیانە دەسەڵاتی ئێستای ئێران هەڵنەبژێرن.

زانکۆکان لە ژمارەیەکی بەرچاوی زانکۆکانی کوردستان لە سنە و زانکۆکانی تاران و بابۆل و ئەسفەهان گردبونەوە و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون. لە زانکۆی کوردستان لە سنە سرود بۆ شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان وترایەوە و خوێندکاران بە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. ژمارەیەکیش لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بە رێپێوان و خۆپیشاندان دروشمی "کوردستان ناوی بەرزە دوژمن دەخاتە لەرزە "یان وتەوە. لە زانکۆی شەریف لە تاران پێکدادن لە نێوان خوێندکارانی ناڕازی و خوێندکارانی سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران رویدا. هاوکات لە زانکۆی پزیشکیی مەشهەد هێرش کرایە سەر خوێندکاران و ژمارەیەکیان لێ برینداربو و لە زانکۆکانی بوشەهر-یش بایکۆت و ناڕەزایەتیی بەردەوام بو. خوێندکارانی زانکۆی بوشەهر گردبونەوەیان ئەنجام دا و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد.

ناڕەزایەتییەکانی شەوی سێشەممە شەوی سێشەممە لە چەند گەڕەکێکی تاران ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و دژی دەسەڵات دروشم وترایەوە. لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی تەقەیەکی زۆریان کرد. لە شاری ئەندیمێشک لە پارێزگای خوزستان هاوشێوەی زاهیدان تەقەی زۆر کرا و لە چەند شارێکی پارێزگای فارس هاوکات ناڕەزایەتیی بەڕێوچو.

میدیاکانی سەر بە دەسەڵات بڵاویان کردەوە شەوی سێشەممە ئەفسەرێکی سوپای پاسداران بە ناوی سەعید بەهەشتی لە شاری کرماشان و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بە دەستڕێژی گوللـە کراوەتە ئامانج و مردوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتەوە بڵاو کراوەتەوە ئەو ئەفسەرە دەستی هەبوە لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و تەقەکردن لە گەنجانی شارەکە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوە لە 66 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 102 کەس لەو بەشەی کوردستان کوژروان، بە گشتی تا ئێستا 434 کەس لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران کوژراون کە یەک لەسەر چواری ژمارەی کوژراون هەومو وڵاتەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بون.

بە پێی ئامارەکان تا ئێستا لە سەرتاسەری ئێران نزیکەی 17 هەزار و 500 کەس دەستگیرکراون، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە بەهۆی هێزە ئەمنییەکانەوە ژمارەیەکی زۆری برینداران رو لە نەخۆشخانەکان ناکەن و ئەوەش مەترسیی بۆ ژیانیان دروست دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار