٣٣ کۆمەڵە و رێکخراو کارەکانیان لە کەمپی هۆڵ هەڵپەسارد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، هوشداری لە دۆخی کەمپی هۆڵی رۆژئاوای کوردستان دەدرێت کە خانەوادەی چەکدارانی داعشی تێدایە و ٣٣ کۆمەڵە و رێکخراوی بیانی کارەکانیان لە کەمپی هۆڵ هەڵپەسارد.

فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ٢٣ی تشرینی دووەم، کەمپی هۆڵییان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد. دوای بۆردومانەکە و بەهۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە کەمپەکە، ژمارەیەک کەسی سەر بە داعش لە کەمپەکە هەڵهاتن و هێزی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش، دەستی بە لێکۆلینەوە کرد بۆ دەستگیرکردنیان.

لەمبارەیەوە جیهان حەسەن ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆڵی سەربە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆ ئاژانسی هاوارنیوز رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا مەترسیەکی گەورەیان لە ناوچەکە دروست کردووە، بەتایبەتی مەترسی لەسەر کەمپەکە هەیە. لە کەمپەکە بە هەزاران کەسی سەر بە داعش و خانەوادەکانانیان دەژین، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن و ئەندامانی داعش هەڵبێن، جارێکی دیکە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش دروست دەبێت.

جیهان حەسەن دەشڵێت، کەمپی هۆڵ بە فەرمی لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانە. رێکخراوەکانی نێو کەمپەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگن و هێرشەکانیان شەرمەزار نەکرد. دۆخی کەمپەکە پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە و هەڵهاتنی داعشەکان مەترسی بۆسەر هەموو جیهان دروست دەکات. ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆڵ ئاشکرای کرد، جگە لە مانگی سوری کوردی و خاچی سوری نێودەوڵەتی، ٣٣ کۆمەڵە و رێکخراوی جیهانی کارەکانیان لە کەمپەکە هەڵپەساردووە.

زیاتر لە ٥٣ هەزار کەس، لە ٥٠ وڵاتی جیهانەوە لە نێو کەمپی هۆڵدا دەژین. ٣٠ هەزاریان عێراقی و٢٠ هەزاریان خەڵکی سوریا و نزیکەی ١٠ هەزار کەس خەڵکی وڵاتانی دیکەی جیهانن. دوو هەزار و ٥٠٠ خێزانی داعشی بیانی لە کەمپەکەدا هەن. زۆر جار بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، داوای هاوکاری لە وڵاتانی جیهان کردووە کە هاوڵاتیەکانیان لە کەمپەکە بگوازنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بە تەواوی بەدەم ئەو داواکاریەوە نەهاتوون.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، "تەنها ٢٥ وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیان، ئەوانیش زیاتر وڵاتەکانی کازاخستان، کۆسۆڤۆ، روسیا و ئۆزبەکستانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار