هەڵبژاردن؛ ئاگرە سوورە لەخۆم دوورە

حزبەکان دڵیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لێدەدات و کەسیان بە ئاشکرا نایڵێن.

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

ههڵبژاردن لهههرێمى کوردستاندا بۆته ئاگرێک و حزبه سیاسیهکان خۆیانى لێ بهدووردهگرن و کهسیان ئامادهنین بهئاشکرا داواى دواخستنى بکهن، بهڵام لهڕێگهى گومانهکانیان لهسهر تۆمارى دهنگدهران ئهو پهیامه رونبۆتهوه کهمەیلى دواخستنیان ههیه.

ههڵبژاردنى پهرلهمانى کوردستان لاى حزبه سیاسیهکان و کاندیدهکانیان و هاوڵاتیانیش دودڵى زۆرى دروستکردووهو بهشێک لهلایهنهکان پێیانوایه گومانى زۆریان لهتۆمارى دهنگدهران ههیه کهزیاتر له 600 ههزار ناوى دوبارهو مردوو ناوچه کێشهلهسهرهکانى تێدا ماوهو ئهمهش هاوکێشهکان دهگۆڕێت.

بریاره رۆژى 30 ئهیلول ههڵبژاردنى پهرلهمانى کوردستان بهڕێوهبچێت و له 5/9/2018 بانگهشهى ههڵبژاردنهکان بهپێى بڕیارى کۆمسیۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنهکان و راپرسى ههرێمى کوردستان دهستپێبکات و رۆژى 28ى ئهیلول بانگهشه کۆتایى پێبهێنرێت.

تائێستا هیچ لایهنێک بهئاشکراو بهداوایهکى فهرمى داواى دواخستنى ههڵبژاردنى پهرلهمانى کوردستانیان نهکردووه، بهڵام بهشێوهى ناڕاستهوخۆ  رهخنهگرتن لهتۆمارى دهنگدەران دواخستنى ههڵبژاردن بۆته ئهگهرێک و تائێستاش ئهم پرسه بهنادیارى ماوهتهوه.

نهوزاد رهسوڵ، ئهندامى دامهزراوهى ههڵبژاردن له هاوپهیمانى و دیموکراسى بۆ دادپهروهرى، لهلێدوانێکدا به هاوڵاتی وت «هاوپهیمانى بڕواى تهواوى به ههڵبژاردنى دیموکراسى ههیه لهکاتى خۆیدا بکرێت، بهڵام ههموو لایهنهکان گومانى تهواویان لهتۆمارى دهنگدهران ههیهو ئهو تۆماره نیه که لهلایهن وهزارهتى بازرگانى عێراق دراوهته لایهنهکان، جیاوازى گهورهیان ههیهو یاداشتێکى 22 خاڵیمان تهسلیمى کۆمسیۆنى ههرێم کردووه«.

چوار لایهنهکه لهیاداشتێکى 22 خاڵیدا، گومانهکانى خۆیان ئاراستهى کۆمسیۆن کردووه کهخاڵه جهوههریهکهى ئهوهیه کهگومانیان لهناوى 600 ههزار کهسى گوماناوى ههیه.

بهرپرسهکهى دامهزراوهى ههڵبژاردنى هاوپهیمانى ئهوهشى ئاشکراکرد که «گومانهکه زیاتر له 600 ههزار ناوى دووبارهو مردوو ناوى کهسانى ناوچه جێناکۆکهکان کهدهرنههێندراون و ئهمهش هاوکێشهى سیاسى دهگۆڕێت، داوامان کردووه کۆمسیۆن وهڵامانبداتهوهو دهنگدهرى کورد تۆراوهو دهبێت چارهسهربکرێت».

نهوزاد ئهوهشى رونکردهوه کهکۆمسیۆنى باڵاى ههڵبژاردنهکان و راپرسى پێیان راگهیاندوون کهبهرپرسانى ئاسایش و پۆلیس لیستى ناوى تۆمارهکانیان نادهنێ تا دهنگدانى گشتى و تایبهت لهتۆمارهکهدا جیابکرێتهوه.

وتیشى «ئهگهر تۆمارى دهنگدهران پاکنهکرێتهوه رهنگه پرۆسهى ههڵبژاردن بوهستێت، ئهمهش بڕیارى سیاسى دهوێت».

ئیسماعیل خورماڵى بڕیاردهرى کۆمسیۆنى باڵاى ههڵبژاردنهکان و راپرسى ههرێم لهلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ئهوهى رهتکردهوه له 25/7/2018 چوار لایهنهکه یاداشتیان تهسلیم کردبێت، بەڵام وتی ههفتهیهکه یاداشتى چهند لایهنێکمان بهدهست گهیشتوه که تێبینى خۆیان لهسهر تۆمارى دهنگدهران خستۆتهڕوو، وتیشی «ئهمڕۆ یان سبهى وهڵامیان دهدهینهوهو وهڵامهکانمان ئامادهکردووه«.

ئەگەرچی ئەو چوارلایەنە دەڵێن تێبینیان لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران هەیەو بەو هۆیەوە نایانەوێت لەم کاتەدا هەڵبژاردن بکرێت، لەهەمانکاتدا دەشڵێن ههڵبژاردن بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆته ئاگر بەو پێیەی ئەوان له «گهندهڵی»هوه تێوهگلاون و ئەوەش چانسیان لەهەڵبژاردن لاواز دەکات.

فاروق عهلى، ئهندامى سهرکردایهتى کۆمهڵ وتى»ههڵبژاردن پشتى به ساختهکارى بهستبێت بۆ ههر حزبێک کهپشتیوانى لهگهندهڵى کردبێت و تێوهگلابێت بۆ ئهوانه بۆته ئاگرێک و لهههڵبژاردن دهترسێن، بهڵام ئێمه وهک کۆمهڵ پشکمان نیه لهگهندهڵیداو داواى دواخستنیمان نهکردوهو ههموو ئامادهکارییهکمان کردووهو رهتیدهکهینهوه بهههر پاساوێک بێت دوابخرێت».

جهختى لهوهشکردهوه که نه بهنهێنى نه بهئاشکرا داواى دواخستنی هەڵبژاردنیان نهکردووهو گومانیان لهتۆمارى دهنگدەران ههیه.

فاروق عهلى وتی «حهقیقهتێک ههیه ئهویش ئهوهیه که خهیاڵ پڵاویه لهههرێمى کوردستاندا ههڵبژاردن بکرێت و ساختهکارى نهکرێت، چارهسهریش ههر ئهوهیه هاوڵاتیان تۆڵه لهگهندهڵکاران بکهنهوه«.

جگە لەکۆمەڵی ئیسلامی هەروەها بزووتنەوەی گۆڕانیش کەیەکێکە لەچوار حزبە ناڕازیەکە دەڵێت ئامادهکارییان کردووه بۆ ههڵبژاردن و لهگهڵ دواخستنیدا نین، بەڵام تێبینیان هەیە لەتۆماری دەنگدەران.

زمناکۆ جهلال، رێکخهرى ژورى ههڵبژاردنى گۆڕان لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتی وت «وهکو پرهنسیپ لهگهڵ ئهنجامدانى ههڵبژاردنى پاک و بێگهردین، بهڵام تانهمان لهتۆمارى دهنگدهران داوه کهناوى دوبارهو مردوو ناوى کهسانى ناوچه جێناکۆکهکانى تێدایه، کۆمسیۆنیش نهیتوانیوه دڵنیایى بداته لایهنهکان لهپاککردنهوهى تۆمارى دهنگدهران».

وتیشی» ناڵێین  ههڵبژاردن بۆته ئاگر، بهڵام ههڵبژاردن بهدهست ههردوو حزبى دهسهڵاتهوه سومعهى خراپ کراوهو پاشخانێکى خراپى ههیهو سومعهى لهکەدار کراوه لهسهر دهستى یهکێتى و پارتى لهکوردستاندا».

رێکخهرى ژورى ههڵبژاردنى گۆڕان، تەئکیدى لهوهشکردهوه کهههڵبژاردنى پهرلهمانى کوردستان بهدهر نیه لهقهلهقى چارهنوسى ئهنجامدانى هێشتا نادیاره.

پارتى و یهکێتى لهلایهن چوار لایهنهکه (گۆڕان، کۆمهڵ، هاوپهیمانى، یهکگرتوو) رهخنهى «ساختهکاری»یان لێدهگرن و پارتى و یهکێتیش جهخت لهوهدهکهنهوه که لهگهڵ ههڵبژاردندان.

عهتا شێخ حهسهن، وتهبێژى ئهنجومهنى سهرکردایهتى پارتى لهسلێمانى و ههڵهبجه لهلێدوانێکدا به هاوڵاتی دهڵێت زۆر بهجدى  دهیانهوێت ههڵبژاردن لهکاتى خۆیدا بکرێت و  بەباشترین و ئاشتیانهترین میکانیزم دهزانن بۆ دهستاودهستکردنى دهسهڵات.

وتیشى»کۆمسیۆنى ههرێم بهتهواوى دیقهتهوه تۆمارى دهنگدهرانى پاککردۆتهوه، ههر حزبێکى سیاسى بیهوێت خۆى لهههڵبژاردن بدزێتهوه، ئهوه لهدهنگ و ئیرادهى خهڵک دهترسێت، چونکه ههڵبژاردن رۆژى پاداشت و سزاى لایهنه سیاسیهکانه«.

سهبارهت بهوهى لهڕێگهى لقهکانى پارتیهوه بهکاندیدهکان راگهیاندراوه جارێ پۆستهرهکانیان چاپ نهکهن، وتهبێژهکهى پارتى وتى «ریکلامى ههڵبژاردنمان مهرکهزیه چاپهمهنییهکانمان لهیهک شوێن چاپدهکرێت و تهعمیم دهکرێت بۆ لقهکانى پارتى، وهکو پارتى دهمانهوێت پێداگرین کهههڵبژاردن لهکاتى خۆیدا بکرێت، ههڵبژاردن ههر دهبێت لهکاتى خۆیدا بکرێت».

هەروەها یهکێتى نیشتیمانی کوردستان کە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لەمانگی ئایار بەڕێوەچوو تێیدا تۆمەتبار کرا بەئەنجامدانی «ساختەکاریی» جهختلهوه دهکاتهوه که حزبهکهى لهگهڵ ههڵبژاردندایهو ئهگهر لایهنهکانى تر داواى دواخستنى بکهن رێزى لێدهگرن.

 لهتیف نێروهیى، وتهبێژى ئهنجومهنى ناوهندى یهکێتى لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتی وت «ئهگهر حزبهکانى تر پێشنیارى دواخستنى ههڵبژاردن بکهن یهکێتى رێزى لێدهگرێت، بهڵام ئێمه ههموو ئامادهکارییهکمان کردوه«.

هاوکات زوبێر عوسمان، جێگرى سکرتێرى ئهنجومهنى ناوهندى یهکێتى، وتى «داواى دواخستنیمان نهکردووهو ئهو پرسه پهیوهسته بهپهرلهمان و حکومهتى ههرێمهوه«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار