هەسەدە: شەش چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەسەدە ئاماری دوێنێ هێرش و پێکدادانەکانی دوێنێی رۆژئاڤای کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوێنێ 25ی تشرینی دووەم، سوپای تورکیا ٧٧ جار شاروچکە و گوندەکانی رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کردووە و لە پێکدادانەکانیشدا شەش چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) ئاماری شەڕ و پێکدادان و هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " سوپای تورکیا حەوت رۆژە بە چڕی هێرشەکانی بۆسەر خاکی رۆژئاڤای کوردستان دەست پێکردووە. دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانیدا شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی خزمەتگوزاری دەکاتە ئامانج. لە بەرامبەر هێرشەکاندا، هێزەکانمان مافی خۆپاراستنی رەوا بەکار دەهێنن."
هەسەدە دەڵێت، لە هێرشەکانی دوێنێ هەینی ٢٥ی تشرینی دووەمدا کە شەشەمین رۆژی هێرشە چڕەکانی تورکیا بوو، ٧٧ گوند، شارۆچکەی رۆژئاڤای کوردستان تۆپباران کراون.
هەروەها باسی ئەوە دەکات، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر دەوروبەری ناوچەی زرگانی سەر بە حەسەکە، بەڵام شەڕڤانان وڵامیان داوەتەوە. لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، شەش چەکدار کوژراون.
هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، سوپای تورکیا بە گشتی هێرشی کردووتە سەر، عامودێ، قامشلۆ، تەل تەمر، کۆبانێ، دەروبەری گرێ سپی. تروازیەی سەر بە عەین عیسا، منبج، تەل رەفعەت، تەل تەمر، هۆڵ، منبج.
دوای تۆمەتبارکردنی یەپەگە بە تەقینەوەکەی ١٣ی تشرینی دووەمی شەقامی ئیستقلالی ئەستەنبوڵ کە تێیدا شەش کەس کوژران و ٨١ کەس بریندار بوون، تورکیا ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی چڕی لەژێر ناوی ' چنگ – شمشێر' لە ١٩ی تشرینی دووەمدا، بۆ سەر زۆربەی شار و شاروچکەکانی رۆژئاڤای کوردستان دەست پێکرد.
حەوت رۆژە هێرشەکانی تورکیا بەردەوامە و لە هێرشەکاندا چەندین، قۆتابخانە، کۆگای دەغڵ و دان، پاڵاوگە و کێڵگەی نەوت، کارگەی غاز و نەخۆشخانە بۆردومان کراون. بەگوێرەی ئامارەکانی هەسەدە، تاوەکو ئێستا لە هێرشەکانی تورکیادا، نزیکەی ٤٠ کەس لە خەڵکی مەدەنی، شەڕڤانان و هێزەکانی سوریا کوژراون.