داواکاری هەڵگرتنی پارێزبەندی ٣٢ پەرلەمانتاری هەدەپە گەیشتە پەرلەمانی تورکیا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دادی تورکیا و داواکاری کۆماری ئەنقەرە، داواکاری هەڵگرتنی پارێزبەندی ٣٩ پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی رەوانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرد، کە ٣٢ کەسیان پەرلەمانتاری هەدەپەن.
داواکاریەکە لە رێگەی ٦٣ دۆسیەی تایبەتەوە ئامادەکراوە کە ٥٣ دۆسیەکە لەبارەی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پێشکەشکراون. هەشت دۆسیەش لەبارەی پارتی کۆماری گەل جەهەپەوەیە کە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتەکەش لە نێو ئەو کەسانەدایە کە داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاریەکەی دەکرێت.
هەروەها دوو دۆسیەش لەبارەی پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکرات و پارتی سەرکەوتن ئامادەکراون. لەنێو پەرلەمانتارانی هەدەپەدا، چوار دۆسیە لەدژی سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی پێشوو و پەرلەمانتاری پارتەکە، چوار دۆسیە لەدژی موئەزەز ئورهان ئیشیک، سێ دۆسیە لەدژی تەیب تەمەل، سێ دۆسیە لەدژی ئایشە ئاجار باشاران، چوار دۆسیە لەدژی ساڵیحە ئایدەنیز پەرلەمانتارانی پارتەکە ئامادەکراون.
دوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی ٢٠١٥دا، دەسەڵاتی تورکیا، لە رێگەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەتی پەرلەمانتارانی هەدەپە، چەندین پەرلەمانتاری بە تۆمەتی 'پشتگیریکردن لە پەکەکە و تێکدانی ئاسایشی وڵات' دەستگیرکردووە. نمونەی بەرچاویشیان سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەن کە زیاتر لە پێنج ساڵە لە زینداندانان و لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا چەندین جار بێتاوانیانی ئاشکرا کردووە، بەڵام دەسەڵاتی تورکیا ئامادە نییە ئازادیان بکات.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ەوە، حکومەتی هاوپەیمانی ئاکەپە – مەهەپە، دەستیان بە پرۆسەیەکی گەورەی دەستگیرکردنی بەرپرس، پەرلەمانتار و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان کرد و تاوەکو ئێستاش ئەو پرۆسەیە بەردەوامە. بەگوێرەی ئامارەکانی هەدەپە، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دەستگیرکراون.