توركیا ناوەندە خزمەتگوزارییەكانی خۆرئاوای كوردستان دەكاتە ئامانج

ئەمریكاو روسیا سەبارەت بەهێرشەكان هۆشداری دەدەنە ئەنكەرە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە، دەوڵەتی توركیا هێرشی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە، هێرشەكانی ئەم جارەی توركیا لەهێرشەكانی پێشووتر كەناوەندە سەربازییەكانی دەكردە ئامانج جیاوازترەو ئەمجارە ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری رۆژئاوای كوردستان دەكاتە ئامانج.

لە ١٩ بۆ ٢٣ی تشرینی دووەم، هێزی ئاسمانی و تۆپخانەكانی توركیا ئەم ناوەندە ئابوری و خزمەتگوزارییانەیان كردە ئامانج: وێستگەی كارەباو غازی شاری دێرك كە زیانی بەسێ تۆرباینی غاز، دوو تۆرباینی كارەبا گەیاندووەو كارەبای شارو شارۆچكەكانی گركێلەگێ، چلئاغا، تربەسپی، قامشلۆو چەندین گوند بڕاوە. كێڵگەو پاڵاوگەكانی گردەهۆڵ، ئەلئۆدە، وێستگەی نەوتی زەرابە، كێل حەسەناك، ئەلقەوس، ماشوقی تربەسپی كردە ئامانج.

هاوكات سوپای توركیا نەخۆشخانەی ژیان – كۆڤید ١٩ی رۆژهەڵاتی قامیشلۆ تۆپبارانكردو  كۆگای هەڵگرتنی گەنمەشامی، دەغڵودان و پەینی كیمیایی كەنزیكەی هەشت هەزار تۆن بەرهەمی تێدابووە لەقامشلۆ، كردە ئامانج. نەخۆشخانەی كۆڤید١٩ی كۆبانێی خاپووركرد. قوتابخانەی كۆرانی كۆبانێ تۆپبارانكردو پرۆسەی خوێندن لەقۆتابخانەكە راگیرا.

سوپای توركیا بنكەی تەندروستی قەرەموخ-ی تۆپبارانكرد كەخزمەتی تەندروستی پێشكەش بە ١٠ گوند دەكرد. بورجی پەیوەندییەكانی گوندی جێشانی رۆژهەڵاتی كۆبانێی رووخاند.

هێرشەكان ١٩ی تشرینی دووەم، دوای تەقینەوەكەی ١٣ی تشرینی دووەمی شەقامی ئیستقلالی ناوچەی تەقسیمی شاری ئەستەنبوڵ روویدا، كە لەتەقینەوەكەدا شەش كەس گیانیان لەدەستداو ٨١ كەسیش بریندار بوون. بەرلەوەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەكە ئاشكرابكرێن و لێكۆڵینەوە بكرێت، بەرپرسانی توركیا دەستی تاوانیان بۆ كوردانی خۆرئاوا راكێشا. سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا كە بەپێی هەندێك سەرچاوە ئەو رۆژە لەناوچەكانی سنوری سوریا كە لەژێر دەسەڵاتی گروپە جیهادییە توندەڕەكاندان دەگەڕایەوە، دەستبەجێ پەكەكە\یەپەگە\پەیەدەی بەئەنجامدانی تەقینەوەكە تۆمەتبار كردو هەڕەشەی توڵەسەندنەوەی كرد.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا دوای چەند كاتژمێرێك، وێنەی ژنێكی بەناوی ئیلهام ئەلبەشیر بڵاوكردەوەو رایگەیاند، ماددە تەقەمەنیەكانی بەهاوكاری هەندێك كەسی دیكە جێگیر كردووەو بەگشتی زیاتر لە ٥٠ كەسی عەرەبی سوری دەستگیركران و راگەیەندرا كە سەر بەهێزەكانی رۆژئاوای كوردستانن.

هەرزوو دوای تاوانباركردنیان، بەرپرسان و ناوەندە سەربازی و سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان وەڵامی دەوڵەتی توركیایان دایەوەو وێڕای ئەوەی تەقینەوەكەیان بەتوندی ئیدانە كرد، رەتیانكردەوە، دەستیان لەكارێكی لەو شێوەیەدا هەبێت.

چەند رۆژ دوای هێرشەكانی توركیا، مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)، هەندێك زانیاری وردو ئاماری هێرشەكانی توركیای بڵاوكردەوەو وتی، " ئیلهام ئەلبەشیر كە تەقینەوەكەی ئەستەنبوڵی ئەنجامداوە، ئەندامی رێكخراوی تیرۆریستی داعشە. سێ برای لەڕیزەكانی داعشدا لەسوریاو عێراق كوژراون و برایەكیشی لەئێستادا بەرپرسێكی سەربازییە لەنێو گروپە جیهادی و توندڕەوەكانی نزیك لەتوركیا لەناوچە داگیركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان و پارێزگای ئیدلبی باكوری سوریا".

مەزڵومم كۆبانێ رایگەیاند: برێــت مەكگــورك، رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەراست و باكوری ئەفریقاو راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، پەیوەندی پێوەكردووەو رایگەیاندووە كەئەمریكا لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی توركیا كۆتایی بەهێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بهێنێت".

توركیا هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی زەمینی دەكات

لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە، سوپای توركیا بەبەردەوامی شاروچكەو گوندەكانی، رۆژئاوای كوردستان تۆپباران و بۆردومان دەكات، بەڵام بەرپرسانی توركیا و خودی ئەردۆغان بەئاشكرا هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوا دەكەن و دەڵێن:  'شەوێك لەناكاودا هەڵدەكوتینە سەریان'.

مەزڵومم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هەسەدەو ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی، ئاماژەیان بەوەكردووە كە توركیا چاوی بڕیوەتە شارەكانی كۆبانێ، تەل رەفعەت و منبج.

بەرپرسانی دەسەڵاتی خۆسەری رۆژئاوا رایدەگەیەنن كەتوركیا دەیەوێت تۆڵەی شكستەكەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەكۆبانێ بكاتەوەو بەشێكی هێرشەكانیشی بۆ كۆكردنەوەی دەنگی چینی نەتەوەپەرستی توركیایە لەهەڵبژاردنەكانی مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا.

وڵاتانی زلهێز لەگەڵ هێرشەكانی توركیادا نین

هەرچەندە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا ئەگەر وەك رۆژی یەكەمی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە چڕ نەبێت، بەڵام رۆژانە هێرشەكانی لەڕێگەی بارەگاكانی سەر سنورەوە، بەردەوامەو زیان بەخەڵكی مەدەنی و ژێرخانی ئەو بەشەی كوردستان دەگەیەنێت.

جۆن كیربی، رێكخەری پەیوەندییە ستراتیژییەكان لەئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند: توركیا مافی ئەوەی هەیە بەرگری لەخۆی بكات لەبەرامبەر هەڕەشەكان، بەڵام نابێت زیان بەشەڕی دژی داعش بگەیەنێت، ئێمە لەدۆخێكدا نین كە دیاری بكەین كێ بەرپرسیاری تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵە. داعش تاوەكو ئێستاش هەڕەشە لەعێراق و سوریا دەكات. سوپای ئەمریكا لەسوریا لەشەڕی دژی داعشدا، پشتگیری لەهێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەكات. نامانەوێت، ئۆپراسیۆنێكی سەربازی توركیا یاخود هیچ وڵاتێكی دیكە لەسوریا ببینین كە زیان بەشەڕی دژی داعش بگەیەنێت و مەترسی لەسەر سەربازە ئەمریكییەكان دروست بكات.

لەلایەكی دیكەوە، ئەلێكساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا لەسوریا دووجار لەبارەی هێرشەكانی توركیا قسەی كردو داوای لەدەوڵەتی توركیا كرد، خۆی لەفراوانكردنی گرژییەكان لەباكورو رۆژهەڵاتی سوریاو ناوچەكە بەدووربگرێت.

وتیشی: روسیا هەوڵدەدات، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە، كێشەی كورد بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت و بەدووری زانی كەتوركیا هێرش بكاتەسەر رۆژئاوای كوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار