پنتاگۆن: پێشتریش رامانگەیاندووە، لەدژی ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیاین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، بۆ دووەم جار دژایەتی وڵاتەکەی لەبەرامبەر ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی. لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، "بە توندی دژایەتی" ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دەکات.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ خولوسی ئاکار هاوتا تورکەکەی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا "بە توندی دژایەتی" ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا بۆسەر سوریا دەکات.
پنتاگۆن هەروەها ڕایگەیاند کە ئۆستین سەرەخۆشی خۆی بۆ تەقینەوەکەی ١٣ی ئەم مانگە لە تەقسیم بە ئاکار گەیاندووە، بەڵام نیگەرانییەکانی ئەمریکای بە تورکیا گەیاندووە کە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی لە سوریا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئۆستن نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر ئەو کردەوانەی کە گرژییەکان لە باکوری سوریا و تورکیا زیاد دەکەن، لەوانە هێرشە ئاسمانیەکانی ئەم دواییە. بەشێک لەو کردەوانە راستەوخۆ هەڕەشە لەسەر کارمەندانی ئەمریکا دروست کردووە کە لەگەڵ هاوبەشە خۆجێییەکان لە سوریا کاریان بۆ شکستپێهێنانی داعش کردووە.
پێتریش چەندین جار، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە ئۆپرسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان، مەترسیەکی گەورە لەسەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە دروست دەکەن و کاریگەریان لەسەر شەڕی دژی داعش هەیە.
19ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورکیا، هێرشێکی ئاسمانی فراوانی بۆسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد تاوەکو ئێستا بەردەوامە. تورکیا هەڕەشەی هێرشی زەمینیش دەکات و لە میدیا ناوچەیی و جیهانیەکاندا باسی ئەوەکراوە کە ئامانجی ئۆپراسیۆنەکانی کۆبانێ، منبج و تەل رەفعەتە.
دوێنێ میدیاکانی رۆژئاوا ئاماری 10 رۆژی هێرشەکانیان بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا کرد و رایانگەیاند، لەو هێرشانەدا ١٣ هاوڵاتی و ١٩ شەڕڤان شەهید بوون، هەروەها ٧ شەڕڤان و ١٤ هاوڵاتی، کە ٣ کەسیان منداڵ بوون، برینداربوون. هاوکات ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش شەهید بوو و ٢ کەسی تریشیان برینداربوون.