لهڕۆژنامهی (هاوڵاتی)ییهوه..ئێران رێگانادات نەتەوەیەكگرتووەكان لێكۆڵینەوە لەسەركوتكارییەكانی بكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نزیكەی 75 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێت و ئەوەش بەگەورەترین گورز لەمێژووی 43 ساڵ حوكمڕانیی ئەو دەسەڵاتە بەسەر ئێراندا ئەژمار دەكرێت و هەر لەكاردانەوەی ئەو ناڕەزایەتییانەشدا نەتەوەیەكگرتووەكان دەستەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی ئەو وڵاتە پێكدەهێنێت.
چاودێرانی بارودۆخی ئێران باوەڕیان وایە مێژووی كۆماری ئیسلامی ئێران لەئێستادا بەسەر دوو قۆناغدا دابەشدەبێت كە قۆناغێكیان پێش شۆڕش و سەرهەڵدانەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی-یەو قۆناغی ئێستاشی دەگەڕێتەوە بۆ كاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانە دوای مەرگی ئەو كچە كوردە.
تاران پێش ژینا چاوی لە رێككەوتن لەگەڵ واشنتۆن بوو، بەڵام دوای مەرگی ئەو كچە و كاردانەوەكانی هەموو ریسەكانی لێبووەوە بەخوری و تەنانەت رۆژنامەیەكی ئەمریكی رایگەیاندووە: كە لای ئیدارەی ئێستای ئەمریكا پلانی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ئێران دادەڕێژرێت و چیتر كاراكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەپلانی وڵاتەكەدا نییە.
ناڕەزایەتییەكان گەیشتووەتە ناو ماڵی عەلی خامنەیی، كەسی یەكەمی كۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەت كە خوشكەزایەكی خامنەیی دەسەڵاتی ئێرانی بەبكوژو ببڕ لەقەڵەم داوەو داواشی لەنەتەوەیەكگرتووەكان كردووە بۆ رێگریی لەكۆمەڵكوژیی گەنجان و ژنان لەئێران باڵیۆزەكانی ئێران لەسەرجەم وڵاتانی دەرەوە دەربكات.
هاوكات خامنەیی لەنوێترین دەركەوتنیدا هەڕەشەی ئەوەیكردووە كە هێزەكانی بەسیج و سەر بەسوپای پاسداران زیاتر لە 20 ملیۆن كەسن و كۆماری ئیسلامی ئێران دەپارێزن ئەوەش بەهاوشێوەی لێدوانی بێنیتۆ موسۆلینی، دیكتاتۆری ئیتاڵیا لێكدەدرێتەوە كە لەساڵی 1935 رایگەیاند 20 ملیۆن لایەنگری هەیە، بەڵام دواجار دەسەڵاتی ئەو دیكتاتۆرە كۆتایی هات.
قورسترین بڕیاری UN دژی ئێران
ئەگەرچی نەتەوەیەكگرتووەكان لە 43 ساڵی رابردوودا هەندێك بڕیاری لەدژی كۆماری ئیسلامی پەسند كردووە بەهۆی ئە ژمارە زۆرە لەسێدارەدانانەی كە دەسەڵاتی وڵاتەكە دژی خەڵك جێبەجێی كردووە، بەڵام لەو ماوەیەدا هیچ كات دەستەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەتاوانەكانی ئەو دەسەڵاتە پێكنەهێناوەو بڕیاری لەو شێوەیەی بەسەر تاراندا نەسەپاندووە.
ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان رێكەوتی (24/11/2022) بەدەنگی 25 ئەندامی ئەنجومەنەكە بڕیاریدا بەدروستكردنی دەستەیەكی نێودەوڵەتیی بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە راستی رووداوەكانی مەرگی ژینا ئەمینی و كاردانەوەكانی دوای مەرگی ئەو كچە كوردە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی كە رادەستی نەتەوەیەكگرتووەكان كراون لەماوەی دوو مانگی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێراندا لانیكەم 400 كەس لەلایەن دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییەوە كوژراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوابەدوای بڕیارەكە رایگەیاند: بڕیارنامەی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان لەلایەن تارانەوە رەتدەكرێتەوەو رێگە بەلێكۆڵینەوەی هیچ دەستەیەك لەسەر روداوەكان نادرێت و ئەو ئامارانەشی لەسەر ژمارەی كوژراوان بڵاوكراونەتەوە راست نییەو تەنها 51 كەس كوژراون كە زۆربەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەكانن.
ئەو وەزارەتە رۆژی دووشەممە باڵیۆزی ئەڵمانیای لەتاران بانگهێشتكردووەو رایگەیاند بەرلین دەستپێشخەربووە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان كۆببێتەوەو بڕیار لەدژی ئێران بدەن.
ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە (28/11/2022) بەفەرمی رایگەیاند؛ تاران هیچ جۆرە هاوكارییەكی ئەو دەستەیە ناكات كە نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی ئێران پێكدەهێنرێت لەبەرامبەریشدا نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندووە لەزووترین كاتدا ئەو دەستەیەی پێكهێنراوە دەست بەلێكۆڵینەوە لە رووداوەكان دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش یارمەتیی لەڕێكخراوەكان و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ لەوڵاتەكە وەردەگرێت.
پێكهێنانی دەستەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكان لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە تەنها لەحاڵەتی ئەنجامدانی تاوانی مرۆیی و كۆمەڵكوژیی جەنگی پێكدەهێنرێت و ئەوەش بەواتای لاوازبوونی پێگەی دەسەڵاتی ئێران دێت لەڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان.
لەدوایین ئاماری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئێران لە 74 رۆژی ناڕەزایەتییەكاندا بەگشتی 455 كەس لەناڕەزایەتییەكانی 156 شارو شارۆچكە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كوژراون و كە تەمەنی 63 كەسیان لە 18 ساڵ كەمتر بووەو هەر لەو ماوەیەشدا 18 هەزارو 173 كەس دەستگیركراون.
دژایەتی كۆماری خاڵ
خوشكەزای رێبەری كۆمار ئیسلامی ئێران دەسەڵات بەخوێنڕێژ لەقەڵەمدەدات و داوا لەوڵاتانی جیهان دەكات وەك یەكەم هەنگاو باڵیۆزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەوڵاتانی دەرەوە دووربخرێنەوە.
فەریدە مورادخانی (تارانی) ، كچی بەدری خامنەیی و تاقانە خوشكی عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران رەخنەی توند لەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی دەگرێت و لەتۆمارێكی ڤیدیۆیدا دەڵێت پێویستە نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوەكان رێگریی بكەن لەو كۆمەڵكوژییەی كە لەئێران دژی ژنان و منداڵان و گەنجان دەكرێت.
خوشكەزاكەی خامنەیی دوای بانگهێشتكردنی لەلایەن دادگای تاران، دەستگیرکراو رەوانەی زیندان كرا.
عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، لەدوایین وتاریدا سەرهەڵدانەكانی وڵاتەكەی بەپلانی دوژمنان و خۆپیشاندەرانیشی بەگەمژە و بەكرێگیراو ناوهێنا.
وەرچەرخانی ئەمریكا
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردووەتەوە لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، واشنتۆن ئاڕاستەی هەڵوێستەكانی لەگەڵ تاران گۆڕیوەو هەر لەمانگی سێپتەمبەردا دانوستانەكانی بۆ چالاككردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و (5+1)ی لەڤیەننای پایتەختی نەمسا راگرتووە لەكاتێكدا 18 مانگ دانوستان و گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان واشنتۆن و تاران ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنە چالاك بكرێتەوە.
ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەكردوە پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا دوای ئەو رووداوانە چوونەتە قۆناغێكی نوێوەو چیتر خەونی گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 لەئارادا نەماوەو واشنتۆن خۆی بۆ سەردەمێكی نوێ و تەنانەت رووبەڕووبوونەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە دەكات.
نیویۆرك تایمز نووسیویەتی: بەرپرسانی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریكا لەئێستادا هەموو سەرنجیان لەسەر راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و لەبەرامبەریشدا تاران ئاستی پیتاندنی لەوێستگەی ئەتۆمیی (فۆردۆ) زۆر بەرزكردووەتەوە لەكاتێكدایە ئەو وێستگە ئەتۆمییە لەقووڵایی چەند شاخ و كێوێكدایە كە بۆردومانكردن یان هێرشكردنەسەری ئاسان نییە.
بێكاربوونی سەدان هەزاران كەس
رۆژنامەی شەرق لەئێران بڵاویكردووەتەوە بڕین و فیلتەركردنی هێڵەكانی ئینتەرنێت لەوڵاتەكە تائێستا بووەتە هۆی لەناوبردنی 300 هەزار كارو پیشە، پسپۆڕانی ئابووری و كۆمەڵایەتێش هۆشدارایی دەدەن ئاستی بێكاریی بەرزببێتەوە و لانیكەم ژمارەی كەسانی بێكار لەوڵاتەكە بۆ 10 ملیۆن كەس بەرز ببێتەوە.
پێشتر بەپێی ئامارەكانی حكومەت نزیكەی دوو ملیۆن و 600 هەزار كەس لەئێران بێكاربوون و ئەوەش ئاماژەیە ئەو رێوشوێنانەی بۆ سەركوتی خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەكان گیراونەتەبەر زیانی گەورەی بۆ دەستی كار لەوڵاتەكە بووە.
زیانەكانی بڕینی ئینتەرنیت و كشانەوەی سەرمایە نێودەوڵەتییەكان لەئێران بەنزیكەی پێنج ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.
سەركوتكاری دەسەڵات لەڕۆژهەڵاتی كوردستان
بەردەوامی مانگرتن و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لەكاتێكدایە تەنها لەماوەی حەوت رۆژی هەفتەی رابردووی خۆپیشاندانەكانی ئەو بەشە لەكوردستان 51 كەس كوژران و سوپای پاسداران هێزێكی زۆری پڕچەكی رەوانەی شارەكانی مەهابادو
بۆكان و جوانڕۆو پیرانشار كرد.
سەرچاوەكانی هەواڵی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویانكردووەتەوە لەشەوی چوارشەممەی رابردووەوە رەشبگیریی گەنجان و هەڵكوتانەسەر ماڵی خەڵك لەشارەكانی مەهاباد، بۆكان، پیرانشار، سەردەشت، كامیاران، جوانڕۆو كرماشان دووبارە دەستیپێكردووەتەوە و دەیان گەنج دەستگیركراون و چارەنووسیشیان نادیارە.
زۆربەی بریندارەكانیش بۆ ئەوەی دەستگیرنەكرێن روو لەنەخۆشخانەو بنكە تەندروستییەكان ناكەن و هاوكات بەپێی بڕیارێكی حكومەتیش نابێت ئەو دەرزی و دەرمان و پێداویستییە پزیشكییانەی بۆ چارەسەری برین بەكاردەهێنرێن بەبێ رەچەتەی پزیشك بفرۆشرێن.
گەنجان و خۆپیشاندەران لە رۆژهەڵاتی كوردستان داوایانكردوە ئەوانەی دەیانەوێت پشتیوانیی لەخەڵك و خۆپیشاندەران بكەن هەوڵی گەیاندنی دەرمان بەو بەشە لەكوردستان بدەن.
هێزە ئەمنییەكانی ئێران و چەكدارانی سەر بەسوپای پاسداران لەماوەی ئەو هەفتەیەدا بەتۆپ و تانك و زرێپۆش روویان لەشارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە و بەتوندی رووبەڕووی خەڵكی ناڕازیی بوونەتەوە.
لەئامارەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان هاتووە لە 73 رۆژی ناڕەزایەتییەكاندا 108 كەس بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكان لەشارەكانی ئەو بەشە لەكوردستان كوژراون.
بەلوچەكان پشتیوانیی كورد دەكەن
دوای بەڕێوچوونی نوێژی هەینی رابردوو لەشارەكانی زاهیدان و خاش و سەراڤان و ئێرانشەهر لەپارێزگای سیستان و بەلوچستان لەباشوری رۆژهەڵاتی ئێران خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیی لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوچوو، خۆپیشاندەرانی بەلوچ بەزمانی كوردی رایانگەیاند « كورد تەنها نییەو بەلوچ پشتیوانییە».
خۆپیشاندانەكانی ئەو پارێزگایە بەهۆی تەقەی زۆری هێزە ئەمنییەكانەوە بریندارو كوژراوی لێكەوتەوەو سەرچاوەكانی هەواڵ كوژرانی چوار كەس و برینداربوونی دەیان كەسیان بڵاوكردووەتەوە.
مەولەوی عەبدولحەمید، پێشەوای سوننەكان و پێشنووێژی مزگەوتی زاهیدان لەوتاری نوێژی هەینیدا پشتیوانیی خۆی بۆ كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند؛ كوردەكان هاوشێوی بەلوچەكان بەباشترین شێوە نیشتیمانی خۆیان پاراستووەو ناكرێت دەسەڵات وەڵامی ناڕەزایەتییەكانیان بەكوشتن و خوێنڕشتن بداتەوە.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان تائێستا زیاتر لە 108 بەلوچ لەشارەكانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان كوژراون و رەنگە نەتەوەی بەلوچ زیاترین هاوسۆزیی بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەربڕیوە.
خۆپیشاندەران بەچەكی فەڕەنساو ئیتاڵیا كوێر دەكرێن
ژمارەیەك لەپزیشكانی پسپۆڕی چاو لەئێران بەبەیاننامەیەك هۆشدارییان داوە لەبەكارهێنانی چەكی ساچمەیی دژی خۆپیشاندەران، تەلەفیزیۆنی (فڕانس 24)یش بەراپۆرتێك ئاشكرایكرد ئەو فیشەك و گوللـە ساچمەییانەی كەهێزە ئەمنییەكانی ئێران بەكاریانهێناوە لەلایەن كۆمپانیایەك لەفەڕەنسا و ئیتاڵیا بەرهەم دەهێنرێن.
270 پزیشك و پسپۆڕی چاو لەئێران هۆشداراییان داوە بەهۆی بەكارهێنانی چەكی ساچمەیی زیانی زۆر بەو كەسانە گەیشتووە كە هێزە ئەمنییەكان بەو جۆرە چەكە تەقەیان لێكردوون و تائێستا نزیكەی 580 كەس یان چاو یان هەردوو چاویان لەدەستداوە.
140 پزیشكی پسپۆڕی چاو لەنامەیەكدا بۆ ئەنجومەنی پزیشكانی چاو لەئێران ئاشكرایان كردووە ژمارەیەك زۆر لەگەنجان و
لاوان بەچەكی ساچمەیی چاویان پێكراوەو ئاستی زیانەكانی ئەو چەكەش بەڕادەیەكە كە لەزۆر حاڵەتدا ناچار بەدەرهێنانی ئەو چاوانە بوون كە بەركەوتەی چەكی ساچمەیی بوون.
پێشتر نەخۆشخانەی فاڕابی كە تایبەتە چاو ئاشكرای كردبوو كە 400 كەس بەهۆی چەكی ساچمەی یان چاوێك و لە هەندێك حاڵەتیشدا هەردوو چاویان لەدەستداوە.
چەكی ساچمەیی هەر گولـلەیەكی زیاتر لە 100 ساچمە لەخۆدەگرێت و هێزە ئەمنییەكانی ئێرانیش بۆ هێرشكردنەسەر خۆپیشاندەران ئەو چەكە مەترسیدارە بەكاردەهێنن، بەپێی راپۆرتی تەلەفیزیۆنی (فڕانس 24) چەكی شاتگان كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێران دژی خۆپیشاندەران بەكاردەهێنرێت فیشەك و گوللـەكانی لەلایەن دوو كارگە لەفەڕەنسا و ئیتاڵیا بەرهەمدەهێنرێن كەخاوەنداریەتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای (Cheddite)ی فەڕەنسا.
لە راپۆرتەكەشدا ئەوە ئاشكراكراوە لەساڵی 2011 دەست بەهەناردەكردنی ئەو فیشەكانەوە بۆ ئێران كراوەو یەكێك لەو سزایانەشی كە لەرابردوودا دژی تاران دەركراوە قەدەغەی هەناردەكردنی ئەو فیشەك و گولـلانە بووە بۆ ئێران.
ئاشتبوونەوەی باڵەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەركوتی ناڕەزایەتییەكان
میدیاكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بڵاویانكردووەتەوە ژمارەیەك لەسەركردەكانی باڵی ریفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامی ئێران كەپێشتر ناكۆكیی قووڵیان لەگەڵ باڵی دەسەڵاتدار هەبوو، پێكەوە كۆبوونەوەیان كردووەو تاووتوێی كۆنتڕۆڵ و سەركوتی ناڕەزایەتییەكانی وڵاتەكەیان كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو میدیایانە ژمارەیەك لەسەركردەكانی ریفۆرمخوازان لەگەڵ عەلی شەمخانی، سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران و غوڵام حسێن موحسینی ئێژەی سەرۆكی دەزگای دادو هاوكات لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی وڵاتەكە كۆبوونەتەوە.
ئاشكرا بووە عەلی شەمخانی لەكۆبوونەوەكەدا داوای لەبنەماڵەی عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی، بنەماڵەی روحەڵڵا خومەینی، لەدامەزرێنەرانی كۆماری ئیسلامی لەئێران كردووە كە بەئاشكرا داوا لەخۆپیشاندەران بكەن كۆتایی بەناڕەزایەتییەكان بهێنن.
دیداری ریفۆرمخوازان و باڵی توندڕەوی محافزكاری كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاتێكدایە ئەو دوو باڵە پێش ناڕەزایەتییەكان بەتوندی بەرەنگاری یەكتر دەبوونەوە، بەڵام دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان باڵی ریفۆرمخواز هیچ هەڵوێستێكی ئەوتۆی سەبارەت بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دەرنەبڕی و ئەوەش وایكرد ئەو باڵەش هاوشێوەی باڵەكەی دیكە لەلایەن خەڵكی ناڕازییەوە لۆمە بكرێن.
بەپێی زانیارییەكانی میدیاكانی ئۆپۆزسیۆن ریفۆرمخوازان سوپاسی هێزە ئەمنییەكانیان كردووە بۆ ئەو رێوشوێنانەی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان گرتوویانەتەبەرو جەختیان كردووەتەوە ئەو بەشە لەئێران مەترسیی دابەشبوون و پارچەبوونی هەیە لەوڵاتەكە.