روسیا هەوڵی رێکخستنی کۆبونەوەیەک لەنێوان ئەردۆغان و ئەسەد دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا بۆ سوریا ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن کۆبوونەوەیەک لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕێکبخەن.

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلعەرەبیە، لاڤرێنتیڤ سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەسەد و ئەردۆغان ڕایگەیاند، "پێمان وایە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بە گشتی ئەرێنی و سوودبەخش دەبێت، ئێمەش بەردەوامین لە کارکردن بەو ئاراستەیە".

 ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە کە ئەنقەرە چەندین جار باسی پرۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ دیمەشق کردووە. چەند رۆژ لەمەوبەر کەناڵی ئەلجەزیرە رایگەیاندبوو کە چەندین کۆبونەوەی نهێنی لەنێوان روسیا و تورکیادا ئەنجامدراون و بەرپرسانی ئەنقەرە داوایان کردووە کە رێگەی پێبدرێت، شارەکانی کۆبانێ، منبج و تەل رەفعەت داگیر بکات.

هەواڵی داواکاری تورکیا بۆ چاوپێکەوتن و کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سوریا لەکاتێدایە کە سوریا دوو مەرجی سەرەکی هەیە، ئەویش کشانەوەی هێزەکانی تورکیایە لە سوریا  و دووەمیشیان پشتگیرینەکردنی ئەو هێزە جیهادیانەیە کە لەدژی حکومەتی سوریا شەڕ دەکەن.

چەند رۆژێکە، ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش، داوا دەکات کە دەوڵەت رێگەیان پێبدات، سەردانی سوریا بکەن و زەمینەی پرۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ ئەسەد بخوڵقێنن. لەسەر ئەم پرسە، مەڕاڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش کە پارتێکی نەتەوەپەرستە و لە مەهەپە جیابووتەوە بە فەرمی داوای کرد کە ڕۆڵیان لە لێکنزیککردنەوەی حکومەتی دیمەشق و ئەنقەرەدا هەبێت.

ئەم هەنگاوانە لەلایەن هێزە سیاسیە کوردیەکانەوە بە توندی رەخنە دەکرێت. لەسەر ئەم پرسە، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پیشووی هەدەپە کە لە زینداندایە، رایگەیاند، حکومەتی تورکیا، ئامادەیە کە لەگەڵ هەموو نەیارانیدا وەک، ئەسەد، سیسی و ئیسرائیل کۆبێتەوە و پەیوەندیەکانی ئاسایی بکاتەوە، بەڵام کاتێک پرسەکە دەبێتە کورد، چەک و ئۆپراسیۆن دێتە ئاراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار