سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا: داعش بە ئاسانی لە تورکیا تەراتێن دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەرال دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە رایگەیاند، ئەندامانی داعش بە ئاسانی لە تورکیا بازرگانی دەکەن و داوای کرد، لێکۆلینەوە لەم پرسەدا بکرێت.
مەرال دانش بەشتاش جێگری هاوسەرۆکانی هەدەپە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە لە پەرلەمانی تورکیا، پێشنیاز پرسێکی لەبارەی جموجووڵی ئەندامانی داعش لەنێو تورکیادا پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و لە وتارێکیشدا کە ئاراستەی پەرلەمانتاران کرد وتی، " ئەندامانی داعش لە تورکیا بە ئاسانی کار و بازرگانی دەکەن".
بەشتاش وتی: پێویستە ئاشکرا ببێت کە داعش لە تورکیا چۆن بازرگانی دەکات و ئابوریەکەی بەهێز دەکات. پێنج ملیۆن پەنابەری سوریا لە تورکیا هەن کە ئەندامانی داعشیش لەناویاندا هەن و پێویستە پەنابەر و ئەندامانی داعش لە یەکدی جیابکرێتەوە. 'ئیلهان بالی' کەسێکە کە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە. بەرپرسیاری تەقینەوەکەی پێنجی حوزەیرانە کە لەبەرامبەر میتینگی ئێمە ئەنجامدرا و ئێستا لە شاری کلیس مارکێتی هەیە. بە واتایەکی دیکە پۆلیس ناتوانێت دەستگیری بکات، جگە لەوەش رێگەی پێدەدرێت بازرگانی بکات. حکومەت دەزانێت کە زۆربەی ئەندامانی داعش چوونەتە نێو سوپای سوریای ئازاد و لەگەڵ سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن.
جێگری هاوسەرۆکانی هەدەپە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە لە پەرلەمانی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، لەو سەردەمانەی کە تورکیا هاوسنووری داعش بوو، حکومەتی ئاکەپە دەروازە سنوورییەکانی سوریای بە کراوەیی هێشتەوە و ئەندامانی داعش بازرگانییان دەکرد. ئێمە ئەو رۆژانە لەبیر ناکەین. بە واتایەکی دیکە داعش ئازادە لەم وڵاتەدا سامان بەدەست بهێێنێت و ببنە هاوڵاتی، تاوان ئەنجام بدەن، تەراتێن بکەن و بازرگانی بکەن.
دوای تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ لە ١٣ی تشرینی دووەمدا کە حکومەتی ئەو وڵاتە کوردی بە ئەنجامدانی تۆمەتبار کرد، مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، رایگەیاند، ئەو ژنەی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵی ئەنجامداوە، ئەندامی داعشە و سێ برای لەنێو داعشدا کوژراون و برایەکیشی کە پێشتر ئەندامی داعش بووە، ئێستا لەنێو سوپای سوریای ئازادە و وتی، " تورکیا بە هێرش کردنە سەر رۆژئاوای کوردستان، دەیەوێت تۆڵەی داعش بکاتەوە."
ف.ق