بەشار ئەسەد رەتی دەکاتەوە لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەرۆکى رژێمی سوریا رەتی دەکاتەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە و ئاژانسێکیش ئاشکرای دەکات دیمەشق نایەویت پێش هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی تورکیا لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە.
ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز لەزارى چەند سەرچاوەیەک لە سوریا بڵاوی کردوەتەوە کە هەوڵەکانى روسیا بۆ نزیککردنەوەى ئەسەد و ئەردۆغان سەرکەوتو نەبوە و ئەنجامدانى دیدارى نێوانیشیان لەلایەن دیمەشق رەتکراوەتەوە.
رۆیتەرز ئاشکرای کردوە کە ئەسەد رەتى کردوەتەوە کە پێش هەڵبژاردنە گشتییەکەى تورکیا لەگەڵ ئەرۆدغان کۆببێتەوە بەوهۆیەى کە ئەم هەنگاوە پێگەی جەماوەریی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکان بەهێز دەکات.
ئەو سەرچاوانە بە رۆیتەرزیان وتوە: تا لە لایەن ئەنکەرەوە پێشنیاریكی گرنگ رادەستی دیمەشق نەکرێت و تورکیا هێزەکانی لە خاکی سوریا نەکشێنێتەوە پێناچێت هیچ دانوستان و دیدارێک لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی رژێمی سوریا بەڕێوەبچێت.
بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە روسیا هەوڵی ئەوە دەدات پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رژێمی سوریا ئاسایی بکاتەوە.