78 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوشێوەی زیاتر لە 70 رۆژی رابردو لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتن و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و داواکرا لە رۆژی خوێندکار (7/12/2022) خوێندکارانی زانکۆکان بەشداریی مانگرتنی سەرتاسەریی بکەن هاوکات لە ژمارەیەک پایتخەتی وڵاتانی ئەوروپا رێپێوانی بەرفراوان بۆ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و دژایەتی دەسەڵاتی ئێران بەڕیوەچو.
ژمارەیەک لە کچە خوێندکارانی شاری سنە ئەمڕۆ وەک 78ەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکان رژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان بۆ ئازادای وتەوە.
دادگای تاران سزای سێدارەی بەسەر کەسێکی دیکە بە ناوی سەهەند نورمحەمدزادە-دا سەپاند کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا دەستگیر کرابو.
بۆ یەکەمجار ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران دانی نا بە کوژرانی 200 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە کاتێکدا ناو و ناسنامەی 469 کوژراوی ئەو ناڕەزایەتییانە لە لایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی ژمارەیەک خوێندکاریان بڵاو کردوەتەوە کە لە دێولان و کرماشان و سنە و سەقز و ورمێ دەستگیرکراون و چارەنوسیان نادیارە.
هاوکات ئەو رێکخراونە ئاشکرایان کردوە تا ئێستا هەڵمەتی هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و دەیان کەسی دیکە رۆژی شەممە لەو بەشە لە کوردستان دەستگیرکراون.
لە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەسوکاری دەستگیرکراوان چونە بەردەم دادگای شارەکە و هێزە ئەمنییەکانیش هێرشیان کردە سەر کەسوکاری دەستگیرکراوەکان.
رۆژی شەممە لە زانکۆی خارەزمی تاران داوای دەستلەکارکێشانەوەی راگری زانکۆکە کرا و لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامبو و داوای ئازادکردنی بەهرۆز چەمەن ئارا، مامۆستای ئەو زانکۆیە کرا.
میترا حەججار، یەکیک لە خانمە ئەکتەرە ناودارەکانی ئێران دوای پێنج کاتژمێر دەستبەسەربون بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و پارێزەرەکەشی رایگەیاندوە هۆکاری دەستگیرکردنەکە رون نییە ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردودا زۆربەی ئەو هونەرمەند و ئەکتەرە ناودارانەی کە پشتیوانیان بۆ ناڕەزایەتییەکان دەربڕیوە دەستبەسەرکراون و تەنها ژمارەیەکیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
ژمارەیەکی لە دانیشتوانی کورد و چالاکوانانی ئێران لە وڵاتی سوید لە شاری گۆتنبرێگ رێپێوان و گردبەونەوەیان بۆ پشتیوانیی ناڕەزایەتییەکانی دژی دەسەڵاتی ئێران دەربڕی.
هاوکات لە شاری ئۆکلاند لە نیوزلەندا بە هەمان شێوەی گۆتنبرێک ناڕەزایەتیی بەڕیوچو.
لە شاری مێلبۆرن لە وڵاتی ئۆسترالیا چالاکی و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو.
چالاکوانانی ئێران و دانیشتوانی کورد لە شاری فرانکفۆرت لە وڵاتی ئەڵمانیا گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و پشتیوانیی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوپات کردەوە.
لە ئیتاڵیا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی لە شاری رۆما-ی پایتەختی وڵاتەکە بەڕێوەچو.
لە شاری ئیستانبوڵ لە تورکیا دانیشتوانی کورد و پەنابەرانی ئێران گردبونەوەی ناڕەزایەتییان وەک هاوپشتی بۆ خۆپیشاندەرانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و دروشمیان دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وتەوە.
لە وڵاتی بەلژیک و لە شاری برۆکسێل و لە شاری ڤیەننا-ی نەمسا و لە شاری لەندەن لە بەریتانیا خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوچو.