ئەمساڵ تورکیا نزیکەی ١١٠ هەزار پەنابەری دیپۆرت کردووتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەمساڵ ‌هێزە ئەمنیەکانی تورکیا نزیکەی ٢١٩ هەزار و ٤٩٥ پەنابەریان دەستگیر کردووە و لەو ژمارەیە نزیکەی ١١٠ هەزاری دیپۆرت کردووتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا رایگەیاند، ئەمساڵ بە گشتی ١٠٩ هەزار و ٨١٦ کۆچبەر دیپۆرت کراونەتەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لەچاو ساڵەکانی رابردوودا، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران چەندین جار زیادی کردووە.

ئاماژەشی بەوەکرد کە لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگرتنی گەشت و کەرەنتینە، رێژەی پەنابەران لە تورکیا زۆر کەمی کردبوو و هەردوو ساڵەکە بە تەنها ١٢٢ هەزار پەنابەر لە تورکیا دەستگیرکراون.

وتیش، بەڵام ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکان نزیکەی ٢١٩ هەزار و ٤٩٥ پەنابەریان دەستگیر کردووە و لەو ژمارەیە بە گشتی ١٠٩ هەزار و ٨١٦ کۆچبەر دیپۆرت کراونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا دەشڵێت، لەو ژمارەیە ٦١ هەزار و ٦١٧ هاوڵاتی ئەفغانی و ١٢ هەزار و ٩١٤ هاوڵاتی پاکستانی بۆ وڵاتەکانیان دیپۆرتکراونەتەوە.

تورکیا بەهۆی پێگەی جیۆپۆلیتیکی وەک پردێکی سەرەکی کۆچی نایاسایی لە وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا دادەنرێت. لە ساڵانی رابردوودا، حکومەتی تورکیا زۆر جار پرسی پەنابەرانی وەک کارتێکی فشار لەدژی وڵاتانی رۆژئاوا بەکارهێناوە و بە تایبەتی لە ساڵەکانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا، حکومەتی تورکیا رێگەی پەنابەرانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردەوە و بە دەیان هەزار کەس خۆیان گەیاندە ئەوروپا. بەڵام ئێستا بەهۆی ژمارەیەک رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەوروپا، رێگە بە پەڕێنەوەی پەنابەران نادرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار