وەزیری دەرەوەی عێراق: "تا ئێستا ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراومان گەڕاندووەتەوە"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە لە ماوەکانی رابردوودا، زۆربەی شارستانییەتییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشە بووبوونەوە و تیرۆر دەستی هەبووە لە لەناوبردنی شوێنەوارەکان و ئاماژەی بەوەیشدا کە تا ئێستا، ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراویان گەڕاندووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی عێراق و نوێنەرانی وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، کارەکانی شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتیی عەرەبی لە بەغدا دەستی پێ کرد.

فوئاد حوسێن لە میانی دەست پێ کردنی کۆڕبەندەکە رایگەیاند کە هەموو جیهان بەهۆی قەیرانەکان و جیاوازی بەرژەوەندییەکانەوە، بەرەوڕووی چەندین ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە و گوتی: "دیالۆگی رۆشنبیریی، مەرجێکە بۆ پتەوترکردنی لێکتێگەیشتن".

گوتیشی: "لە ماوەکانی رابردوودا،زۆربەی شارستانییەتییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشە بووبوونەوە و تیرۆر دەستی هەبووە لە لەناوبردنی شوێنەوارەکان، بەڵام کردە تیرۆریستییەکان ناتوانن مێژوو بسڕنەوە".

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیشدا کە عێراق، دیدێکی بەشدارانە پەیڕەو دەکات و لە ئایندەدا، بەرپرسیارییەتێکی گەورەی لەبەردەم دایە، بۆ ئەوەی پێشەنگیی بکات لە هاریکاریی و هاوبەشییدا و گوتی: "رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاووهەوا، پێویستی بە هاوکاریی و هاوبەشی هەیە".

باسی لەوەش کرد کە کۆڕبەندی شارستانییەتییەکان، رێگایەکی دیپلۆماسییە بۆ پاڵشتییکردن لە هەوڵە جیهانییەکان، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.

فوئاد حوسێن راشیگەیاند کە حکوومەتی عێراق هەوڵی زۆری داوە بۆ راگرتنی ئەو کردە تێکدەرانەی کە بۆسەر شوێنەوارەکان لە عێراق ئەنجام دەدرێن و گوتی: "تا ئێستا ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراومان گەڕاندووەتەوە، هەروەها ئۆمێدەوارین، هەمانگیی و هاریکارییە دووقۆڵییەکانمان لەگەڵ وڵاتان پتەوتر بکرێن، بەئامانجی گەڕاندنەوەی پارچەی شوێنەواری دزراوەکان".

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لەبارەی بەستنی شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتیی عەرەبی لە بەغدا رایگەیاند کە کۆڕبەندەکە، دەرفەتییەکە بۆ پەیوەندی جۆریی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار