روداوەکانی 79رۆژ ناڕەزایەتیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
79 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و داواکاری گشتیی ئێران هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی لە وڵاتەکە راگەیاند و ئاشکرای کرد دەزگای داد چاودێریی باڵاپۆشی و سەرپۆشی ژنان و کچان دەکات و رێگە نادات پێچەوانەی یاسا و رێساکانی وڵاتەکە جلوبەرگی نەگونجاو لە شوێنە گشتییەکان بەکاربهێنرێت.
ئەمڕۆ سوپای پاسداران هێزێکی زۆری ناردوەتە شاری مەهاباد و گومان دەکرێت ئەوەش ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی ئەمنیی شارەکە بە تایبەت کە بڕیارە رۆژ چوارشەممە تا رۆژی هەینی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت.
گەنجانی شاری مەهاباد ئەمشەو لە چەند شەقامێکی شارەکە ئاگریان کردەوە و رایانگەیاند شەقامی شارەکە چۆڵ ناکەن.
بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر تەرمی ئێحسان قاسمی فەر، ئەو گەنجە تەمەن 32 ساڵەی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج کوژرا لە شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا.
تەرمی روحەڵڵا عابدینی خەڵکی شاری قوروە لە پارێزگای سنە کە لە ناڕەزایەتیەکانی (1/12/2022) لە شاری تاران بە گوللـەی هێز ئەمنییەکان کوژرابو لە گوندی دزج لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆش زیاتر لە 10 گەنج و لاوی شارەکانی ئەو بەشە لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانەوە دەستگیر کراون و چارەنوسی ئەوانەشی لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا دەستگیر کراوان نادیارە.
هەشت رۆژە زۆربەی بارهەڵگرەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 20 پارێزگای ئێران لە مانگرتندان و داوای مانگرتنی سەرتاسەریی دەکەن.
خوێندکارانی کچ لە شاری سنە ئەمڕۆش بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە خوێندگەکان و داوای ئازادکردنی شیوا مەفاخری،یان کرد کە یەکێکە لەو مامۆستایانەی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراوە.
كچانی خوێندکار لە شاری شەهریار لە تاران دروشمی " مەرگ بۆ دیکتاتۆریان وتەوە"
کچانی خوێندکاری کەرەج بە کۆڕ هۆنراوەیەکیان پێشکەشی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان کرد و گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.
پێگەی فەرمیی راگەیاندنی ئێران (جامێ جەم) بڵاوی کردوەتەوە چیتر هیچ کەسێک لە فڕۆکەخانەکان و میترۆ و شوێنە گشتییەکان لەسەر سەرپۆش و جلوبەرگ هۆشداریی پێ نادرێت و لە ماوەی رابردودا دەیان ژن و کچ لە فڕۆکەخانەکاندا بە بێ سەرپۆش هاتوچۆیان کردوە.
جامێ جەم نوسیویەتی: کۆمپانیاکان و کارمەندان بە بێ بڕیاری فەرمی حکومەت بێدەنگیان لە ئاست هۆشداریی دادن بە کەسانی بێ سەرپۆش هەڵبژاردوە و ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە کاتێکدا داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە کۆتایی بە ئەرکەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هاتوە و ئەو دامەزراوەیەش هیچ پەیوەندییەکی بە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوە و ئەوەی دایمەزراندوە ، ئێستا هەڵیوەشاندوەتەوە .
پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە کۆبونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ تیمی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم رەئیسی ئەنجام دا و رایگەیاند کێشەی سەرەکیی خەڵکی وڵاتەکە (کێشەی ئابوریی)ە.
وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند؛ لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 45 ملیۆن دۆلار زیان بە دامودەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە گشتییەکان گەیشتوە.
دەستەی دادوەریی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند هیچ ئامارێکی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانیان لا نییە بەڵام بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ئەنجامی هاککردنی پێگە ئەلیکترۆنییەکانی سوپای پاسداران بڵاو کراوەتەوە 29 هەزار و 400 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون کە 115 کەسیان سەر بە هێز ئەمنییەکان بون.
بڵاوبونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوەتە مایەی سەرنج و ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران وەک خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن.
ئەنجومەنی سینەماکارانی ئێران ئاشکرای کرد؛ 150 سینەماکاری ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و 40 سینەماکاری دیکەی وڵاتەکەش نەیان ویستوە دەستگیرکردنیان لە راگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە.