دوای 9 ساڵ لە شەهیدكردنی كاوە گەرمیانی كەسوكارەكەی بەدوای بكەری سەرەكی تاوانەكەدا دەگەڕێن ​​​​​​​

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای نۆ ساڵ لەشەهیدكردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی هێشتا كەسوكارەكەی و رۆژنامەنووسان بەدوای بكەری سەرەكی تاوانەكەدا دەگەڕێن، خێزانەكەی دەڵێت: ئەگەرچی لەلایەن دادگاوە دۆسیەكەی داخراوە بەڵام لەلای ئێمە هیچ كات داناخرێت و بەردەوام دەبین لەدۆزینەوەی بكەرانی پشت تاوانەكە، برایەكی كاوەش ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: ئەو كەسەی كە ئێستا لەزیندانەو دانی بەتاوانەكەیدا ناوە بەتەنها نیەو كەسانی تر لەپشت ئەم تاوانەوەیەو ئێمە زانیاریمان دەستكەوتووە كەبكەری ئەم تاوانە تەنها خۆی نەبووە. لەنۆهەمین ساڵیادی شەهیدكردنی كاوە گەرمیانیدا كەسوكارەكەی بەڵێنی بەردەوامبوونی رێبازەكەی دەدەن و دەڵێن بەهۆی سەروەر نەبوونی دادگاكان نەتوانراوە بكەرانی پشت شەهیدكردنی كاوە گەرمیانی بدۆزێتەوەو سزای خۆیان وەرگرن، هەرێمی كوردستانیش بەشوێنێكی مەترسیدار ناودەبەن بۆ رۆژنامەنوسان و ئازادی رادەربڕین.

هاوكات رۆژنامەنووسان پێیانوایە هەرێمی كوردستان ژینگەكەی لەبارنیە بۆ ئازادی رادەربڕین و تا ئەوكاتە ژیانت پارێزراوە كە دەست بۆ بەرژەوەندی كەسانی دەستڕۆیشتو نەبەیت، تائێستاش دادگا سەروەربوونی خۆی نەسەلماندووەو یەكێك لەنموونەكانیش كەیسی كاوە گەرمیانییە. كاروان ئەحمەد برای كاوە گەرمیانی بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» كەیسی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی هەروەكو خۆی ماوەتەوە، بەڵام ئێمە بەردەوام لەهەوڵداین بكەرانی پشت ئەم تاوانە بدۆزینەوە چونكە پێمانوایە ئەو كەسەی كەئێستا لەزیندانەو دانی بەتاوانەكەیدا ناوە تەنها نیەو كەسانی تر لەپشت ئەم تاوانەوەیەو لەم ماوەیەشدا ئێمە زانیاریمان دەستكەوتووە كە بكەری ئەم تاوانە تەنها خۆی نەبووە». ئاماژەی بەوەشكرد:» ئێمە هیچ بڕوایەكمان بەدادگا نیە چونكە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەر بۆ خۆی لەمیدیاكاندا باس لەوەدەكات كە دادگا رۆڵی خۆی نابینێت، ئیتر ئێمە چۆن بڕوامان بەسەروەری دادگاكان هەبێت». وتی:»كاوە كێشەی لەگەڵ هیچ كەسێکدا نەبووە بۆیە هەمیشە ئێمە داوادەكەین كێن ئەو كەسانەی كەدەستیان لەتیرۆركردنیدا هەبووە».

هەروەها  رۆژنامەنووس ئەیاد محەمەد بەهاوڵاتی وت:» دادگاكان لەهەرێمی كوردستاندا لەژێر هەیمەنەی حزب و كەسایەتیدان و زۆرجار نەیانتوانیوە لەكەیسی رۆژنامەنووسان و چالاكانی مەدەنی بێلایەنی خۆیان بسەلمێنن، نموونەش كەیسی كاوە گەرمیانیە كە تائێستا بكەرانی پشت ئەم تاوانە دادگایی نەكراون و هەر كەیسێك دژ بەدەسەڵات بێت و لەبەرژەوەندی هاووڵاتی بێت ناگات بەئەنجامی دڵخۆشكەر بۆ ئێمەو خانەوادەكانیان كە بۆ ئەم قسەیەش چەندین نموونەمان هەیە لەكوردستان كە تاوەكو ئێستا هیچ ئەنجامێكی دڵخۆشكەری نەبووە». وتیشی: ئازادی رادەربڕین لەهەرێمدا لەوپەڕی خراپیدایە چونكە رۆژانە دەبینن رۆژنامەنووس ئازار دەدرێت و زیندانی دەكرێت و شەهید دەكرێت و دەست بەسەر كەلوپەلەكانی كاركردنیدا دەگیرێت و هەڵدەكوتنە سەر ماڵیان، یاخود كەیست لەدژ دروست دەكرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین كە ئازادی تائەوكاتە پارێزراوە كەدەست بۆ بەرژەوەندی حزب و شەخس نەبرێت». رۆژنامەنووس ئەیاد محەمەد دەڵێت:»ژیانی رۆژنامەنووسان پاێزراو نیەو هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی مەترسیدارە بۆ رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان، بەداخەوە متمانە نەماوە لەنێوان ئەو لایەنانە كەخۆیان بەبەرگریكاری رۆژنامەنووسان دەبینن و بەشێكیان گومان دەكرێت كە لەگەڵ دەسەڵاتدا تێكەڵبن، ئەم گومانە لەلای بەشێكی زۆری رۆژنامەنوسان هەیە».

شیرین ئەمین خێزانی كاوە گەرمیانی سەبارەت بەكەیسی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی دوای نۆ ساڵ بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت:» پەیامی ئێمە بۆ نۆیەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی ئەوەیە كە بەردەوام دەبین لەسەر رێبازەكەی كاوە كەبەڵینی دابوو لەهیچ شتێك سڵنەكاتەوەو داكۆكیكاری مافەكانی خەڵك بێت دوور لەهەموو بەرژەوەندیەكی تایبەت، ئێمە تەواوكەری كارەكانی ئەو دەبین، ئەگەرچی لەلایەن دادگاوە دۆسیەكەی داخراوە بەڵام لەلای ئێمە هیچ كات داناخرێت و بەردەوام دەبین لەدۆزینەوەی بكەرانی پشت تاوانەكە». وتیشی،» ئێمە هەندێك زانیاری و سەرچاوەی دیكەمان دەستكەوتووە لەسەر دۆسیەكەی، بەڵام دەمانەوێ وردتر كاری لەسەر بكەین لەداهاتوودا». «من وەك ئەندام پەرلەمان لەماوەكانی رابردوودا هەوڵماندا كە یاسای رۆژنامەنووسان هەمواربكرێتەوە بۆ ئەوەی كە ژیانی رۆژنامەنووسان باشتربكرێت و بەئاسانتر دەستیان بەزانیارییەكان بگات و بەئازادانەتر داكۆكیکاری لەئازادی بكەن بەڵام بەحوكمی ئەوەی كەئێمە رێژەیەكی كەم بووین و ترسی ئەوەمان هەبوو دەست بۆ ئەو پرسە ببەین، لەبەرئەوەی ترسی ئەوەمان هەبوو هەمواركردنەكەی لەبەرژەوەندی رۆژنامەنووسان نەشكێتەوە، هەروەها ئەمساڵ پرۆژە یاسایەكمان پێشكەش بەپەرلەمان كرد بۆ رۆژنامەنووسانی شەهیدانی قەڵەم بۆ ئەوەی كەخزمەت بەشەهیدانی قەڵەم و تەواوی رۆژنامەنووسان بكات، بەڵام بەداخەوە رێگەنەدرا پرۆژەیاساكە بخرایە بەرنامەی كارەوە»، شیرین ئەمین وای وت.

هاوكات رێكخراوی داكۆكی بۆ ماف و ئازادی، لەهەرسێ شاری لەندەن و بێرمینگهام و مانجستەر لەبەریتانیا ساڵیادی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانیان كردەوە. لەگەڵ داگیرساندنی مۆم و دانانی گوڵ لەسەر وێنەی كاوە گەرمیانی درودو سڵاو بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی قەڵەم و تیرۆركراوانی دەستی غەدرو ستەم نێردرا، نەفرەت لەتاریكخوازان و دوژمنانی ئازادی كرا . هەر لەم یادەدا دووبارە جەخت لەسەر ئیدانەكردنی هێشتنەوەی چالاكوانان و رۆژنامەنووسانی بادینان و بەرتەسككردنەوەی ئازادی و رێگەگرتن لەخۆپیشاندان كرایەوە.

هەروەها  رۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر لەسەر دۆسیەی ئازادی رۆژنامەنووسی لەكوردستان بۆ هاوڵاتی دواو وتی:»ئازادی رادەڕبڕین لەپاشەكشەیەكی بەردەوامدایەو ئەوەتا دەبینن رۆژانە هەڵدەكوتنە سەر ماڵی رۆژنامەنووس و دەیگرن، سسترین كەیس كە دەیبینین كەیسی رۆژنامەنووسانە لەدادگاكان، كاریگەری حزب بەسەر دادگاكانەوە هەیە، كاتێك رۆژنامەنووسێك دەعوایەك تۆماردەكات كەمترین كاری لەسەردەكرێت و رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان دەگۆڕێ لەلایەن كەسانی باڵادەستەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار