بەریتانیا،فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئۆسترالیا، نەمسا و ئەمریکا ئیدانەی دەسەڵاتی ئێران دەکەن

مۆحسین شکاری ئەو گەنجەی بە تۆمەتی خۆپیشاندان لە ئێران لەسێدارە درا

2 ساڵ لەمەوپێش



رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئەوروپا دژی لەسێدارەدانی گەنجێکی خۆپیشاندەر لە تاران ئیدانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.

بەریتانیا،فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئۆسترالیا و نەمسا و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد بەهۆی لەسێدارەدانی مۆحسین شکاری تەمەن 23 ساڵ بە تۆمەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە وڵاتەکەی.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ئیدانەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان لە ئێران کرد و رایانگەیاند لەسێدارەدانی شکاری لە تاران ئەو راستییەی ئاشکرا کردوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەزگای دادی ئەو وڵاتە بە دور لە رەوشت و مافەکانی مرۆڤە.

وەزارەتی دەرەوەی نەمسا دوای لەسێدارەدانی شکاری رایگەیاند؛ ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نەگونجاو و نامرۆڤانەیە و بە توندی ئیدانەی دەکات.

نەمسا لەگەل دەربڕینی دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ سزای سێدارە داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە کە سەرجەم ئەو سزاکانی سێدارەی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە رابگرێت.

جەیمز کلێڤێرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا توڕەیی وڵاتەکەی بۆ لەسێدارنی کەسێکی ناڕازیی لە تاران دەربڕیی و وتی ئەو خەمبارە بەو روداوە و جیهان ناتوانێت چاوپۆشیی لەو توندوتیژیانە بکات کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی خۆپیشاندەران و خەڵک بەکاری دەهێنێت.

کلێڤێرلی رایگەیاند؛ بەریتانیا دژی هەمو جۆرە سزایەکی سێدارەیە.

 

ئانالینا بەیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە پەیامێک لە تویتەر رایگەیاند؛ لە سێدارەدانی ئەو گەنجەی لە تاران بە نامرۆڤانە لەقەڵ دا و دەسەڵاتی ئێران ناتوانێت بەو سزایە دەنگی ئازادیخوازیی لە وڵاتەکە بێدەنگ و کپ بکات.

بەیربۆک نوسیویەتی: رفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نامرۆڤانەیە و هیچ سنورێکی نییە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە پەیامێکدا رایگەیاند؛ مۆحسین شکاری لە ماوەی سێ هەفتەدا بە شێویەکی نادادپەروەرانە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و دەستبەجێش ئەو سزایەی جێبەجێ کراوە کە ئەوەش ئەوپەڕی نادادپەروەریی و مەترسیداربونی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەردەخات.

رێکخراوەکە داوای لە وڵاتانی جیهان کردوە بە زوترین کات و بەپەلە رێگریی لە دەسەڵاتی ئێران بکەن بۆ ئەوەی چیتر سزای سێدارە لەو وڵاتە جێبەجێ نەکرێت و سەرجەم سزاکانی سێدارە بە تەواوەتی راگیرێت.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا دژایەتیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێران راگەیاند و ئیدانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی و سزای سێدارە لە دژی خەڵکی ناڕازیی.

خۆپیشاندەرێکی لە ئێران لەسێدارە درا

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار