سەرچاوەیەكی بەرپرس: دۆسیەكانی خانووبەرەی چەمچەماڵ لەشوێنێكی سەلامەتدان
«لایەنێك بەنیازبوو ئەو دۆسیانە ببات و بەكاریانبهێنێت»
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژنامەی هاوڵاتی بەدواداچوون دەكات بۆ ئەو دۆسیانەی لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ بردراون، وەزارەتی داد رایگەیاند: هێزێك سەرجەم دۆسییەكانی موڵكەكانی (قادر كەرەم)یان بەدۆڵابەكەوە بردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی بەرپرس لەسنووری قەزای چەمچەماڵ دەڵێت: ئەو دۆسیەیانە نەبراون و نەڕفێنراون، گرنگ ئەوەیە لەشوێنێكی سەلامەتدان و وتیشی: لایەنێك بەنیازبوو ئەو دۆسیانە بەلایەكدا ببات و بەكاریانبهێنێت، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات: ئەو دۆسیانەی لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ بردراون، بەفەرمانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە.
رۆژی هەشتی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢ وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە: «رۆژی سێشەممە ٦ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢، هێزێك كە نزیكەی (٥٠) كەس بوون هەڵیانكوتایەسەر بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و داوایان لەبەڕێوەبەری فەرمانگەكە كرد كەهەموو دۆسیەكانی ناوچەی (قادر كەرەم) كەنزیكەی (٣٥٠ تا ٤٠٠) دۆسیەیە رادەستیان بكات بەبێ ئەوەی هیچ نووسراوێكی فەرمیان لەلایەن دادگا یان لایەنێكی فەرمی رێپیدراو پێبێت».
وەزارەتی داد ئەوەشی خستەڕوو:» دوای ئەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوبراو گوێڕایەڵی داواكاریەكەیان نەبوو، هەستان بەشكاندنی قوفڵی ژووری دۆسییەكان و سەرجەم دۆسییەكانی موڵكەكانی (قادر كەرەم)یان بەدۆڵابەكەوە بردووە، هەروەها دیسكی كامێرای بەڕێوەبەرایەتی ئاماژەپێكراویان بردووە، ئێمە ئەم كردەوەیە بەشكاندنی سەروەری یاساو زێدەڕەوی لەسەر هەیبەتی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم دەزانین و پێشێلكردنێكی زەقە لەسەر بەڵگەنامەو دۆكیومێنتی خاوەندارێتی هاووڵاتیانی ناوچەكە».
رۆژنامەی هاوڵاتی بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە پەیوەندی بە نەریمان تاڵب وتەبێژی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد، بەڵام ناوبراو رایگەیاند جگە لەو بەیاننامەیە هیچ قسەیەكی دیكەیان نییە.
هاوكات رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند:»وەزارەتی داد لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری سنوورەكە سەرقاڵی بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ كەدەوترێت هێزێك هەڵیكوتاوەتەسەرو ژمارەیەك دۆسیەی بردووە».
لەمیانی بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەو دۆسیەیە، رۆژنامەی هاوڵاتی قسەی لەگەڵ بەرپرسێكی پەیوەست بەدۆسیەكە كرد كەبەرپرسیارێتی هەیە لەسنووری قەزای چەمچەماڵ، ناوبراو رایگەیاند:»ئێمە لەهەوڵداین بۆ پاراستنی دۆسیەكان، گرنگ ئەوەیە لەشوێنێكی سەلامەتدان، دۆسیەكان نە براون نە رفێندراون، ترسێك هەبووە لەو دۆسیانە لەو شوێنەدا بەفەرمانی سەروو خۆمان (جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم) لەو شوێنە براون و هەموو دۆسیەكان وەكو خۆیانن».
ئەو بەرپرسە وتیشی:» لایەنێك بەنیازبوو ئەو دۆسیانە بەلایەكدا ببات و بەكاریانبهێنێت، ئەو دۆسیانەش پەیوەندیدارنین بەتاپۆی چەمچەماڵەوە، بەڵكو پەیوەستن بەو ناوچانەی غازیان تێدایە، تەنها شێوازی جێبەجێكردنەكەی بەدڵی من نەبووە ئەگەرنا رێكارێكی ئاسایی بووە، رەتیشیكردەوە بردنی دۆسیەكان پەیوەندی بەهیچ كەسێكەوە هەبێت».
هاوڵاتی چەندینجار پەیوەندی بەبەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵەوە كرد، بەڵام ژمارەكەی داخرابوو، وەڵامی پەیامە دەنگیەكانیشی لەڕێگەی واتسئەپ و تیلیگرام نەدایەوە.