منداڵبوونی سروشتی لەكوردستان بۆ نیوە كەمبووەتەوە
ئەو منداڵانەی بەسروشتی لەدایك دەبن لەچەند نەخۆشییەك پارێزراو دەبن
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتح
منداڵبوونی ناسروشتی بەگشتی لەجیهاندا زیادی كردووەو بەپێی ئامارێكیش كە لەبەردەستی رۆژنامەی هاوڵاتی-دایە نیوەی ئەو منداڵانەی لەهەرێمی كورستان و بەدیاریكراوی لەشاری سلێمانی لەدایك دەبن، بەنەشتەرگەری لەدایكبوون، پسپۆڕێكی بواری ئافرەتانیش دەڵێت: بەتووێژینەوە سەلمێنراوە كە ئەو منداڵانەی بەڕێڕەوی سروشتی لەدایك دەبن رێژەی هەستیاریان و تەنگەنەفەسی و رەبۆیان لەداهاتوودا كەمترە لەو منداڵانەی كە بەنەشتەرگەری لەدایكدەبن.
بەشێك لەخانمان بەتایبەت ئەوانەی كە لەتەمەنێكی كەمدا (١٦-٢٠ ساڵی) هاوسەرگیری دەكەن و دووگیان دەبن باس لەوە دەكەن كەترسێكی زۆریان لەژان و منداڵبوونی سروشتی هەیە، بۆیە پەنا دەبەنەبەر نەشتەگەری بۆ لەدایكبوونی منداڵەكانیان.
لەماوەی مانگی رابردوو 981 منداڵ لەنەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری سلێمانی لەدایكبوون لەو ژمارەیە 442 منداڵیان بەنەشتەرگەری لەدایكبوون.
هەر لەمانگی رابردوودا لەنەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری 650 منداڵ لەبەشی نەبەكام داخڵكراون و 22 حاڵەتی لەدایكبوونی دووانەو چوار حاڵەتی لەدایكبوونی سیانە 59 لەبارچوون هەبووە.
بەشێوەیەكی گشتی چەند هۆكارێك هەن وادەكەن كەپێویست بكات منداڵەكە بەنەشتەرگەری لەدایك ببێت.
د.هالا جەودەت پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و لەدایكبوون و بەڕێوبەری پێشووی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی فێركاری هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»نەشتەرگەری منداڵبوون نەك تەنها لەكوردستان بەڵكو لەسەرانسەری جیهان زیادیكردووە، بێگومان منداڵبوون بەسروشتی باشترە، ئەگەر بێت و پڕۆسەكە بەسروشتی ئەنجامبدرێت نەك بە نەشتەرگەری چونكە پڕۆسەیەكی فیسیۆلۆجیە و ئەو ژانە كەدێت وادەكات ئەو منداڵە بە رێڕەوی منداڵبووندا بێتە خوارەوەو لەكاتی هاتنە خوارەوەشیدا هەندێ جۆری بەكتریای باش هەیە لەو رێرەوەدا كەهانی منداڵەكە دەدات تووشی نەخۆشی و هەستیاری نەبێت و بەتووێژینەوە سەلمێنراوە كە ئەو منداڵانەی بەڕێرەوی سروشتی لەدایكدەبن رێژەی هەستیاریان و تەنگەنەفەسی و رەبۆیان لەداهاتوودا كەمترە لەو منداڵانەی كە بەنەشتەرگەری لەدایك دەبن، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە كە بەهیچ جۆرێك نەشتەرگەری نەكەین یاخود نەڵێین كەنەشتەرگەری باشە».
د.هالا وتیشی: «منداڵبوونی سروشتی پاش چەند كاتژمێرێك ئافرەتەكە دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەوەو ژیانی ئاسایی بەڕێبكات و شیری خۆی بداتە منداڵەكەی كەهاندەر دەبێت بۆ ئەوەی كەمنداڵدانەكەی بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و كەمتر تووشی خوێنبەربوون ببێت، واتە رێژەی خوێنبەربوون پاش منداڵبونی سروشتی زۆر كەمترە لەمنداڵبوون بەنەشتەرگەری، هەرچەندە ژانی دەبێت و رەنگە تووشی تەقەڵ یان دوورینەوە ببێت، بەڵام وەك ئەو ئافرەتە نییە كە بە نەشتەرگەری منداڵی دەبێت.
ئەوان وەك پزیشكانی ئافرەتان لەساڵی ٢٠١٤وە هەوڵی ئەوەیان داوە كە لیژنەیەك پێكبهێنن وەك لیژنەیەكی زانستی كە لەدوو پزیشكی پسپۆڕ پێكبێت رۆژانە ئەو نەخۆشانەی بۆ نەشتەرگەری ئامادەكراون بەپێی فۆڕمی تایبەت ئەو پزیشكانە بیانبینن و پشكنینیان بۆ بكەن بەتایبەت بۆ ئەو خانمانەی منداڵی نۆبەرەیانەو زۆرجار نەخۆش سوورە لەسەرئەوەی نەشتەرگەری بۆ ئەنجامبدرێت بێ ئەوەی بنەمای زانستی هەبێت لەو كاتەدا رەزامەندی ئەو لیژنەیە وەرناگرێت كە نەشتەرگەری بۆ بكرێت.
چەند ساڵێكە كە ئەو لیژنەیە هەیە لەنەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوون توانیومانە رێژەی نەشتەرگەری لەنێوان ٣٠٪ تاوەكو ٣١٪ بپارێزین و زیادی نەكردووە»، د.هالا جەودەت وای وت.
میدیا محەمەد، ئافرەتێكی تەمەن ٣٩ساڵە و پێنج منداڵی لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە بووە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بارودۆخی تەندروستیم هۆكاربوو كە لەڕێی نە شتەرگەرییەوە منداڵی یەكەمم لەدایكببێت و ئازارو ناڕەحەتی وایلێكردم كە بترسم لەئازاری منداڵبوون بەڕێگای سروشتی.
وتیشی: «من هیچ كات بیرم لە نەشتەرگەری نەكردبووەوە ئەگەر تەندروستی دایكەكەو كۆرپەكە سەلامەت بێت ئەوا باشترین منداڵبوون بەڕێگای سروشتیەو بێگومان ئەگەر منداڵیش پێش وادەی خۆی لەدایك بێت ئەوا كێشەی تەندروستی بۆ دروستدەبێت»؟
هاوكات، شیلان ئەحمەد ئافرەتێكی تەمەن ٤٤ ساڵەو حەوت منداڵی بەڕێگای سروشتی لەدایكبوون، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «خۆم و منداڵەكانیش هیچ كێشەیەكی تەندروستیمان نەبووەو نەشمویستووە بەڕێگای نەشتەرگەری منداڵەكانم لەدایكببن و لەئازاری منداڵبوونی سروشتیش نەترساوم، هەرچەندە بۆ منداڵی شەشەم و حەوتەم تووشی فشاری خوێن بووم، بەڵام نەبوونە هۆكاری ئەوەی نەشتەرگەری ئەنجام بدەم لەماوەی دووگیانیمدا زۆر گرنگیم بەخواردنە سروشتییەكانی وەك سەوزە و میوە داوە».
بەشێوەیەكی گشتی سێ هۆكار وادەكەن نەشتەرگەری منداڵبوون بۆ خانمان ئەنجامبدرێت ئەوانیش: هۆكاری پەیوەندیدار بەدایكەكە، بەتایبەت ئەو ئافرەتانەی لەسەروو ٣٨ ساڵی هاوسەرگیری دەكەن و دووگیان دەبن، ئەو ئافرەتانەی كەكێشیان زۆرەو نەخۆشی شەكرەشیان هەیە، یان ئەو ئافرەتانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیەو نەخۆشیەكانیان كۆنترۆڵ ناكرێت، ئەو ئافرەتانەی كەكەمترین وەرزش دەكەن و ماسولكەكانیان لاوازبوون، ئەو ئافرەتانەشی كە لاوازن و كێشیان لەخوار ٤٥ كیلۆگرامەوەیە.
هۆكاری پەیوەندیدار بەمنداڵەكە، كاتێك كەمنداڵەكە دانیشتبێت واتە قاچی لەخواری منداڵدانی دایكەكەوە بێت، ئەو منداڵانەی كە دووانەو سیانەن، ئەو منداڵانەی كێشیان سەروو چوار كیلۆگرامەوەیە یان پەتی وێڵاش لەملیان دەئاڵێت، ئەو منداڵانەی لەكۆتایی مانگی نۆیەمەوە كێشیان كەم دەبێت و ئاوی دەوروبەری منداڵدان كەمدەبێت واتە منداڵەكە لەژێر كێشەیەكی ترسناكدا دەبێت پەنا دەبرێتە بەر نەشتەرگەری.
هەروەها ئەو رێڕەوەی كەمنداڵەكە پیایدا تێپەڕدەبێت لەكاتی لەدایكبووندا، ئەگەر هاتوو گرێ هەبێت لەڕێڕەوی منداڵبوون یان وێڵاشەكە لەخوارەوەی منداڵداندا بێت و رێڕەوی منداڵبوونەكە بگرێت، ئەگەر هاتوو پێشوەختە وێڵاشەكە لێببێتەوە كەئافرەتەكە لەكاتی دووگیانی تووشی خوێنبەربوون ببێت بەتایبەت ئەو ئافرەتانەی كە پاڵەپەستۆی خوێنیان هەیە، هەروەك ئەگەر بێت و وێڵاشەكە بەشێوازێكی باش كارنەكات و هاتوچۆی خوێن لەناو وێڵاشەكە باش نەبێت و خوێنێكی كەم بۆ منداڵەكە بچێت و منداڵەكە تووشی تەنگەنەفەسی و كەمبوونی گەشەی ببێت نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێت.
ئەگەر بێتو پێشوەختە سەراوی ئافرەتەكە كون ببێت و ئاوی دەوروبەری كەم ببێتەوە ئەوەش رەنگە تووشی نەشتەرگەری ببنەوە، بەڵام مەرج نییە هەر ئافرەتێك ئەم هۆكارانەی هەبوو تووشی نەشتەرگەری ببێت.
د.هالا جەودەت پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان داواكارە لەئافرەتان هەركاتێك كەدووگیان دەبن هەوڵبدەن سێ بەشی دووگیانییەكەی كە پێكهاتووە لەسێ مانگی یەكەم و سێ مانگی ناوەندو سێ مانگی كۆتایی بتوانێت بەتەندروستییەكی باش بەڕێیبكات و دووربكەوێتەوە لەدڵەراوكێ و زۆر بیر لەپڕۆسەی منداڵبوونەكەی نەكاتەوە تاكو دەگاتە ٣٦ هەفتە ژیانێكی تەندروست و خۆراكێكی تەندروست بخوات و دووربكەوێتەوە لەخواردنی خێراو خواردنی چەورو ئەو خواردنانەی كە شەكرو ئاردو برنج بەڕێژەیەكی زۆری تێدایەو زیاتر بایەخ بەسەوزەوات بەتایبەت برۆكلی و سپێناغ هەروەها گرنگی بەمیوە بدات بەتایبەت ئەوانەی كەڤیتامین سییان تێدایە.
د.هالا دەڵێت: منداڵبوون بەنەشتەرگەری كۆمەڵێك كێشەی هەیە بەتایبەت كێشەكانی سڕكردن هاوكات رەنگە ئافرەتەكە تووشی خوێنبەربوون ببێت لەكاتی نەشتەرگەریداو رەنگە ئافرەتەكە ماسولكەكانی منداڵدانی گرژ نەبێت و نەگەڕێتەوە شوێنی خۆی و هاندەر بێت بۆ بەردەوامبوونی خوێنبەربوون، هەندێك جار ئەو ئافرەتانە كە نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدراوە بەتایبەت ئەوانەی زیاتر لەسێ جار نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامدراوە منداڵدانیان پێكەوەنووسانێكی زۆر دروستدەكات لەگەڵ میزەڵدان یاخود لەگەڵ ریخۆڵە یاخود وێڵاشەكە لەبەر نەشتەرگەری بەردەوام لەجێگای نەشتەرگەرییە كۆنەكە دەچەقێت و ئافرەتەكە تووشی خوێنبەربوونێكی زۆر دەبێت و هەندێكجار بەهۆی ئەو پێكەوەنووسانە كەوێڵاشەكە لەمنداڵدانەكە نابێتەوە ناچاردەبین منداڵدانەكەی دەربهێنین یان هەندێكجار میزەڵدانی ئافرەتەكە یان ریخۆڵەكانی تووشی برینداربوون دەبێت.