عێراق پێش دووشەممە دەکوڵێت
ملیۆنێک کفن شەقامەکان دەتەنن، ئێران موشەک دەنێرێتە عێراق، گەندەڵی سەرکردە شیعەکان بڵاودەکرێنەوە، ئەمەریکا فشار لە کورد دەکات
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەر دوای ئەوەی فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق رۆژی دووشەمی دیاریکرد بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ئیتر مورووی چەندین ململانێ وەکو بەربونەوە لە پەتی تەسبیحێک بەدوای یەکدا هاتن، لەوانە؛ ملیۆنێک کفن شەقامەکانی بەغدا دەتەنن، ئێران موشەکی بالستی دەنێرێتە عێراق، بەڵگەی گەندەڵی سەرکردە شیعەکان بلاودەکرێنەوە، ئەمەریکا فشار لە کورد دەکات، ئەمانە بەشێکن لەبرین بوونی ململانێکان
لەگەڵ نزیکبونەوەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، شەقامی دەکوڵیت. موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و هاوپەیەمانی سائیرون ملیۆنییەک خۆپیشاندەر بە کفنەوە رێکدەخات لە کوفە لە ژێر دروشمی دژایەتی گەندەڵی و گەندەڵکاران.
عەبادی دوێنێ پێنجشەممە فالح فەیازی لە سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی و راوێژکارێتی ئاسایش و سەرۆکایەتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دوورخستەوە برایگەیاند بۆ موچەی ھەر چەکدارێکی حەشدی شەعبی ٧٥٠ ھەزار دیناری وەرگرتووە کەچی ٥٢٥ ھەزاری پێدراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە فالح فەیاز لە لیستی فەتحی هادی عامریەوە نزیکە و تەنها لە عەشیرەتی خۆی زیاتر لە ھەزار کەسی لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دامەزراندووە.
هەریەکە لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی لە ڕاگەیەندراوێکدا دژی بڕیاری دوورخستنەوەی فالح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی حەشدی شەعبی لەلایەن عەبادیەوە، وەستانەوە.
هاوپەیمان فەتح ڕاگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و بە ئایەتێکی قورئان دەستیپێکردووە، کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامە دەکات.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، بڕیاری دوورخستنەوەی فالح فەیاز پێشهاتێکی مەترسیدارە لە بەکارهێنانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان لە کێبەرکێی سیاسی و بەرژەوەندی کەسی و حزبیدا.
دەشڵێت "جێی قبوڵ نییە، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ کە سەرۆکی ماوەتەواوبووی حکومەتە، بڕیاری دوورخستنەوەی بەرپرسی هەستیارترین هێزی ئەمنی بدات، تەنها لەبەرئەوەی لەگەڵ ویلایەتی دووەمیدا نییە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی عەبادی هێشتنەوە و لابردنی بەرپرسە باڵاکانی پەیوەستکردووە بە ڕازیبوون یان نەبوونیان بە ویلایەتی دووەمییەوە".
هەروەها هیشام ڕوکابی بەڕێوەبەری نوسینگەی نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، دوورخستنەوەی فالح فەیاز لەو دوو پۆستەی هەیبووە، ئەنجام و لێکەوتەی پێچەوانەی بۆسەر هاوپەیمانی نەسڕ دەبێت و کارتەکانی لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت لاواز دەکات".
دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، فالح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
عەبادی لە نوسراوی دوورخستنەوەی فالح فەیازدا دەڵێت "فالح فەیاز دەستی بە کاری سیاسی و حزبی کردووە، ئەمەش لەگەڵ ئەرکە ئەمنییەکەی دژبەیەکە، لەبەرئەوەی بەپێی دەستوور پێویستە دەزگا ئەمنییەکان بێلایەنبن و بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەھێنرێن".
لەلایەکیترەوە ھەر دوێنێ میدیا ئەمەریکییەکان دانپێدانانی ١١ ساڵ بەر لە ئێستای قەیس خەزعەلییان بڵاوکردەوە لەسەر موقتەدا سەدر. ناوبراو کاتێک لە زیندانی ئەمەریکییەکان بووە باسی لەوە کردوە سەدر مانگانە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری لە قاسمی سلێمانی وەرگرتووە.
بەڵگەنامەکان تایبەتن بەو لێکۆڵینەوانەی لە ساڵی ٢٠٠٧ لە کاتی دەستگیرکردنی خەزعەلی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە ئەنجامدراون.
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانە، خەزعەلی دانی ناوە بە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران و سەردانیکردنی بەردەوام بۆ ئەو وڵاتە و چاوپێکەوتنی بە قاسم سلێمانی بەرپرسانی هەواڵگری ئێران.
خەزعەلی کە ماوەی دوو ساڵ لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەستگیرکرابوو، دانی بەوەدا ناوە، لە ماوەی نێوان ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ موقتەدا سەدر بەشێوەیەکی مانگانە نزیکەی ملیۆنێک دۆلاری لە ئێرانییەکان وەرگرتووە.
هەروەها وتویەتی، موقتەدا سەدر لە ساڵی ٢٠٠٣ لەگەڵ ئێرانییەکان گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ پاڵپشتیکردنی.
هەرچەندە تا ئێستا قەیس خەزعەلی فەرماندەی عەسائیبی ئەهلی حەق لەبارەی ئەو بەڵگەنامانەوە قسەی نەکردووە، بەڵام ئەندام و لایەنگرانی ئەو گروپە بەڵگەنامەکان بە دروستکراو ناودەبەن و پێیان وایە کاتی بڵاوکردنەوەی لێدانە لە قەیس خەزعەلی و حەشدی شەعبی، لەبەرئەوەی لەکاتێکدا بڵاوکراوەتەوە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاڵۆزبووە و ئەمریکا دەیەوێت ویلایەتی دووەم بداتەوە بە عەبادی و دەسەڵاتی گروپە شیعییەکان و ئێران کەمبکاتەوە.
خەزعەلی لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، بەشداریکردنی لە جەنگی گروپە شیعەکان دژی سوپای ئەمریکا و تۆمەتبارە بە کوشتنی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا.
لا لایەکی ترەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئێران موشەکی بالیستی داوەتە ئەو گروپە شیعیانەی عێراق کە بە وەکالەت شەڕ بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن.
ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی و عێراقی و ڕۆژئاوایی ئەوەی گواستەوە، جوڵەپێکردنی ئەو موشەکانە بۆ عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێکە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لێدانی دوژمنەکانی لە ناوچەکە.
ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئێران و سەرچاوەیەک لە دەزگای ھەواڵگری عێراق و دوو سەرچاوەی ھەواڵگری رۆژئاوا ئەوەی ئاشکراکردووە، ئێران لە لە چەند مانگی ڕابردوودا موشەکی بالیستی کورت مەودای داوەتە ھاوپەیمانەکانی لە عێراق.
ھەر بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە ئێران ھاوکاری گروپە شیعییە ھاوپەیمانەکانی دەکات لە دەستپێکردن بە دروستکردنی موشەک.
لەبارەی ھۆکاری ئەو ھەنگاوەی ئێرانیش، بەرپرسێک بە ئاژانسەکەی وتوە، سەرچاوەی ئەو کارەی ئێران گەڵاڵەکردنی پلانێکی جێگرەوەیە لە ئەگەری ھێرشکردنە سەر ئێران.
دەشڵێت، ژمارەی ئەو موشەکانەی ئێران ھێناویەتییە عێراق زۆر نییە، بەڵام دەتوانێت ژمارەکەی زیاد بکرێت، ئەگەر پێویست بێت.
هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا سایتی شەفەق نیوزی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بلاوی کردەوە کە بارزانی لە دیداریکیدا لەگەڵ برێت ماکگۆرک لە چەند رۆژی رابردودا پێی وتتوە کە نابێت بەو شیوەی فشار قسەی لەگەلدا بکات.
پێرێش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندەیەکی بە بارزانیەوە کرد سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق کە هەریەکە لە ئێران و ئەمەریکا ململانی دەکەن لەسەر پێکهێنانی.
لەگەل ئەمانەشدا کورد ناکۆکن لەسەر شیوازی چوونە بەگدا، پارتی دیموکراتی کوردستان ھەوڵدەدا لەگەڵ ھاوپەیمانێتی سەدڕ بگاتە ڕێکەوتن بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستووریەکانی ھەرێمی کوردستان بەڵام بەمەرجێک عەبادی لە سەرۆکایەتی وەزیران دووربخرێتەوە.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەھۆی فشارەکانی ئێران ھێشتا مەیلی بۆ دڵی بۆ گروپەکەی مالیکی ،لێدەدات و ناتوانێ خۆی یەکلابکاتەوە لەوەی ئەمریکا گۆشەگیری بکات.
هەریەکە لە پارتی و یەکێتی ناکۆکن و تەنها ڕەنگە لەوەدا یەک بگرنەوە کە ئەگەر ئەمریکا ھەر لە دانانەوەی عەبادی سوربی پێکەوە بچنە پاڵ ھاوپەیمانێتیەکەی مالیکی و عامڕی کە پارتی ئەمەی وەکو ئەگەری دوەم داناوە، لەکاتیکدا ئەگەر لەگەل سەدر نەگەنە رێکەوتن.
هەرچی چوارحزبە نارازیەکەشە هێشتا پرۆژەیەکی هاوبەش و رونیان نیەو دیار نیە بەکاملادا دەکەون یان ئایا دەتوانن بە جیاو بەبێ یەکیتی و پارتی بچنە بەغدا؟
ئەمەش لەکاتێکدایە هەندێ زانیاری نافەری باس لەدەوە دەکەن کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە موقتەدا سەدر و عەماڕ ئەلحەکیم لەلایەن سعودیەوە بە ئاگاداری ئەمریکا و ڕەزامەندی عەبادی چەک و یارمەتیان پێگەیشتووە وەک خۆ ئامادەکردنێک لە بەردەم ئەگەری ھێرشی چەکداری ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەریان.
لەناو ئەم ئاڵۆزیانەدا کورد ئەگەرچی لایەنێکی سەرەکی پێکهێنانی حکەمەتی عێراقە، بەڵام هەریەکەو لا ئاوازێک دەخوێنێت.