فەیسبوک و تویتەرو گوگڵ هێرش دەکەنەسەر ئێران
6 ساڵ لەمەوپێش
یاد قوربانی
کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا لەئەمریکا هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی وڵاتەکەیان دژی ئێران، لەڕێگای ئینتەرنێتەوە ئەو ئەکاونت و پێگانەیان کردوەتە ئامانج کە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە بەشاراوەیی پاڵپشتی دەکرێن، هۆکاری ئەم کارەش بۆ بڵاوکردنەوەی نایاسایی پروپاگەندەو هەواڵی نادروست لەلایەن ئێرانەوە دەگەڕێننەوە.
هەر یەکێک لەکۆمپانیاکانی فەیسبوک و تویتەرو گوگڵ چەند پێگەو لایەنێکیان دۆزیوەتەوەو هەستاون بەداخستنیان کە بەڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ بەشێوەیەکی ڕێکخراوو لەچەندین شوێنی جیاوازەوە پاڵپشتی ئەو «پڕوپاگەندانە» دەکەن کە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە بڵاودەکرێنەوە، هاوکات هەندێکیان وەک میدیای سەربەخۆ خۆیان نیشاندەدەن.
ئەم هەڵوێستەی زلهێزەکانی تەکنەلۆجیا ئێرانی نیگەران کردوەو بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێیان وایە ئەمە بەشێکە لەپلانی ئەمریکا بۆ لێدانی هەژمونی ئێران و هیچی تر، ئەوان دەڵێن کەئەمریکا خۆی بەنوێنەری دیموکراسیەت و ئازادی ڕادەربڕین دادەنێت لەجیهاندا، بەڵام ئامادەیە دژی ئازادی دەربڕین و میدیای ئازادی وڵاتێکی تر کاربکات بۆ بەرژەوەندی خۆی. عەلی ڕەزا ماریوسفی، نێردەی ئێران بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان هەفتەی پێشوو بەئاژانسی ڕۆیتەرزی وت «ئەم تۆمەتانەی ئەمریکا دەیداتە پاڵ ئێران تەنها هەوڵی ئەو وڵاتەیە بۆ گۆڕینی دەسەڵاتدارانی ئێران و کۆنترۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی».
ئەم وتانەی بەرپرسانی ئێران لەسەر کۆنترۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەکاتێکدایە کە ئەو وڵاتە چەندەها فیلتەری جۆراوجۆرو قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەسەپێنێت بەسەر گەلەکەیدا، لەڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکیشدا هاتوە کەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیا لەئێران بەتەواوی دەستی بەسەرداگیراوە و تەنها ئەو هەواڵ و زانیاریانە بەردەستن کە لەبەرژەوەندی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەو ئەمە هۆکارێکی سەرەکی دژایەتیکردنیانە لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیاوە.
هێرشەکانی فەیسبوک بۆ سەر ئێران
مارک زوکەربێرگی خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک هەفتەی پێشوو ڕایگەیاند کەهەڵمەتێکی داخستنی سەدان پەیج و ئەکاونتیان دەستپێکردوە کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو کار لەسەر بەلادابردنی ڕای گشتی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دەکەن و سەرچاوەکەشیان لەئێران دەستنیشانکردوە.
لەمیانەی هەڵمەتەکەدا ٢٥٤ پەیجی فەیسبوک و ٣٩٢ ئەکاونتی ئینستاگرام (کە سەر بەکۆمپانیای فەیسبوکە) داخراون، ئەمە دوای ئەوەدێت کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کۆمپانیاکە چەندین ئەکاونتی ساختە دەستنیشانکراون کەهەواڵی هاوتای پروپاگەندەکانی دەزگا حکومیەکانی ئێرانیان بڵاوکردوەتەوەو ئەکاونتەکان بەناوی هاوڵاتی ئەمریکاو بەریتانیاو کەنەداوە دانراون، لەکاتێکدا سەرچاوەی ئەکاونتەکان ئێران بون. بۆ زیاترکردنی بینەری بیانی پۆستەکان بەئینگلیزی کراون و چەندین هاشتاگی ئینگلیزی لەگەڵ پۆستەکاندا بەکارهێندراون وەک (#lockhimup,” “#impeachtrump” “#notmypresident.) (ترەمپ لەسەرکارلابەن، ئەو سەرۆکی من نیە، ئەو بگرن) و هتد...
هێرشەکانی تویتەر بۆ سەر ئێران
هاوشێوەی فەیسبوک، تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەفتەی پێشوو لەتویتێکدا ڕایانگەیاند «بەهەماناهەنگی لەگەڵ هاوکارانمان لەکۆمپانیا تەکنەلۆجیەکان توانیمان ٢٨٤ ئەکاونتی تویتەر دابخەین کە لەسەر تۆڕەکەمان بەشێوەیەکی ڕێکخراو سەرقاڵی ساختەکاری و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستبون. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بەردەستمان کەوتون زۆرێک لەو ئەکاونتانە لەئێرانەوە سەرچاوەیان گرتوە».
لابردنی ئەم ئەکاونتە ساختانە لەکاتێکدایە کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەکاونتی تایبەتی خۆیان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەیەو لەگەڵ هەزاران چالاکوانی مەدەنی ئێرانی تر ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە بەکاردێنن.
هێرشەکانی گوگڵ بۆ سەر ئێران
گوگڵ بەتایبەتی هەڵمەتێکی بەرانبەر بەتەلەفزیۆن و دەزگای پەخشی فەرمی ئێران دەستپێکردوەو چانێڵەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوبی سەر بەو دەزگایە داخستوە. لەبڵاوکراوەیەکدا کێنت واکەری جێگری بەڕێوەبەری گوگڵ ڕایگەیاند «چەند ئەکاونتێکمان دەستنیشانکردوە سەر بە تەلەفزیۆنی فەرمی ڕژێمی ئیسلامی ئێران کەپەیوەندیەکانیان بەو لایەنەوە شاردبۆوەو لەژێرەوە پرۆپاگەندەی ئەو دەزگایەیان بڵاودەکردەوە کەهەندێکی بەزمانی ئینگلیزی پەخش دەکران».
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەی واشنتۆن پۆستدا هاتوە کەئەم هێرشەی کۆمپانیا تەکنەلۆجیەکان بۆ سەر ئێران بوەتە جێی پرسیار، بەڵام ئەوەی دەرخستوە کەدەزگای پەخش و تەلەفزیۆنی فەرمی ڕژێمی ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراو کار لەسەر ساختەکاری و بەلادابردنی ڕای گشتی دەکەن.