قائانی هەڕەشە لە میدیا و راگەیاندنەکان دەکات
قائانی: هەر میدیا و راگەیاندنێک دژی ئێمە بێت گورزی بەر دەکەوێت
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس
2 ساڵ لەمەوپێش
فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی لە سعودیە و ئیسرائیل کرد و وتویەتی هەر کەسێک رۆژێک دژی ئەوان کاری راگەیاندنی کردبێت ئەوا گورزێکی بەردەکەوێت.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سەر بە سوپای پاسداران رۆژی سێشەمە لە وتارێکیدا هەڕەشەی رۆژانە 50 هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل کرد و وتیشی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە فشار لە رێڕەوی خۆی لانادات.
ئەو لە بەشێکی دیکەدا وتوی: سوپای پاسداران تابلۆیەکی گەورەی بەرگرییە و سعودیە نرخی ئەوەی نییە بە دوژمن لەقەڵەم بدرێت و چونکە ئەو وڵاتە بە شێوازی بێڕەوشتانە کاری راگەیاندن و لە دژی ئێران دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرکوتو بوە.
قائانی ئاماژەی بەوەکردوە کە سەرجەم کاری میدیایی و راگەیاند لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لای خۆیان تۆمار کردوە و ئەوەی دژایەتی دەسەڵاتی وڵاتەکەی کردبێت وەڵام دەدرێتەوە و گورزی بەردەکەوێت.
وتەکانی قائانی لە کاتێکدایە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 50 رۆژنامەنوسی کورد و ئەو وڵاتە دەستگیر کراون کە 22 رۆژنامەنوسیان ژنن و سەرجەمیان تا ئێستاش لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدان.