بەهای تمەن نزمترین ئاستی بەرامبەر دۆڵار تۆمار کرد
پێشبینی دەکرێت بەهای یەک دۆلار لە ئەمساڵدا بگاتە 50 هەزار تمەن
2 ساڵ لەمەوپێش
بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین و هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران بۆ زیاتر لە 40 هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێک بگاتە 50 هەزار تەمەن.
نرخی هەر دۆلارێک رۆژی شەممە لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 40 هەزار و 300 تمەن و پێشبینی دەکرێت دابەزینی تمەن لەبەرامبەر دۆلاردا بەردەوام بێتو هاوکات لەگەڵ دۆلار نرخی یەک یۆرۆ گەیشتە 42 هەزار و935 تمەن.
پێگەی (ئێقتیساد 24) لە ئێران کە تایبەتە بە شیکردنەوەی ئابوری لە زاری شارەزایانی ئابوریی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ نرخی هەر دۆلارێک لە کۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە 50 هەزار تمەن.
دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رۆژانە بەهای تمەن لە بەرامبەر زۆربەی دراوەکانی جیهاندا بەردەوام بوە لە دابەزین و بە پێی نوێترین راپۆرتی ئابوریش دراوی تمەن تا ئێستا زیاتر لە 95٪ی بەهاکەی لە بەرامبەر دراوی دۆلاردا لەدەستداوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی هاوبەشی بازرگانیی ئێران و کەنەدا ئاشکرای دەکات لە ساڵێکدا 70 ملیار دۆلار سەرمایەی وڵاتەکە رەوانەی وڵاتانی جیهان کراوە و بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار جارێکی دیکە سودی بانکیی بەرز بوەتەوە.
ئەنجومەنەکە ئاشکرای کردوە کە لە ماوەی ساڵێکدا سەرمایەدارانی ئێران لانیکمە 70 ملیار دۆلار لە سەرمایەکانیان بۆ وڵاتانی دیکە گواستوەتەوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتەوە سودی بانکیی وڵاتەکە بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەن لە 20٪ بۆ 21٪ بەرز بوەتەوە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و سزا نێودەوڵەتییەکانەوە ئابوریی ئێران روبەڕوی قەیرانی زۆر ببێتەوە.