ئێران: وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ روخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نین
ئێران: بە هاوکاریی عێراق دانوستانەکانی تاران و ریاز دەست پێدەکاتەوە
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
ئێران هەواڵی دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بەریتانیا پشتڕاست دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت چارەسەری کێشەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ تاران ئەنجامی نابێت.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دوشەممە ؛ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپای تۆمەتبارکرد بە دەستوەردان و هاندانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و وتیشی ئەو هەنگاوانە بە بێ زیان نابێت بۆ ڵاتانی رۆژئاوا.
کەنعانی وتی؛ ئەگەرچی وڵاتانی رۆژئاوا جەختیان لەوە کردوەتەوە ئامانجیان لە پشتیوانیکردنی ناڕەزایەتییەکان روخانی دەسەڵاتی وڵاتەکە نییە بەڵام تاران ئەو هەڵسوکەوت و دەستوەردانانە فەرامۆش ناکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرە وتیشی؛ ئێران هاوکاریی دەستەی ئاشکراکردنی روداوەکانی ناوخۆی وڵاتەکە لە نەتەوەیەکگرتوەکان ناکات و هەڵوێستی تاران لەسەر ناڕەزایەتییەکان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەواڵی دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بە رەگەزنامە بەریتانیی لە ناڕەزایەتییەکان پشتڕاست کردوە و ئاماژە بەوەشکراوە بە گشتی لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی بیانی لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران دەستگیر کراون.
کەنعانی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ریاز و تاران رایگەیاند؛ هەنگاوی باش بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بە هاوکاریی و نێوەندگیریی عێراق نراوە و بارودۆخەکە گونجاوە بۆ ئەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە بەغداد بەڕێوبچێت.
لە بەشیکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، ناسر کەنعانی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستە بە پێی پێگەکەی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت چونکە چارەسەری کێشەکانی ناوچە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ تاران ئەنجامی نابێت.