بۆچی دەستبەجێ دوای هێرشەکەی پاریس، پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی تورکیا کرا؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


٢٣ی ئەم مانگە پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵی  بە ڕەگەز فەڕەنسی بەناوی ویلیام، بە چەکەوە هێرشی کردە سەر ناوەندی کلتوری ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک وڕێستۆرانتیکی کوردی لە زۆنی دەیەمی پاریس، بەهۆیەوە ٣ هاوڵاتی کورد  کە هونەرمەند میر پەروەر و عەبدول رەحمان کزل کە چالاکوانێکی لاوی کرد بوو، لەگەڵ ئەندامێکی کەجەکە بەناوی ئەڤین گۆیی " ئەمینە کارا" شەهیدبوون.
دوابەدوای ڕووداوەکە ناڕەزایی وخۆپیشاندانی ڕەوەندی کوردی لە پاریس درووست بوو، هەرزوو پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا ڕاکێشرا بەوەی کە تورکیا دەستی هەیە لە ڕووداوە تیرۆریستیەکە، سەرەڕایی بوونی مێژووی تاوانی کەسی تۆمەتبار بە کردەوەی ڕەگەزپەرستی و نەبوونی بەڵگەی پێویست، لەگەڵ ئەوەشدا کە لێکۆڵینەوەکان لەسەرەتادا بوون و تۆمەتبارهیچی لەبارەی هۆکاری پشت هێرشەکەوە نەدرکاندبوو.

لە چاوپیکەوتنێکی هاوڵاتیدا، لەسەر ڕووداوەکە  ڕێباز مەجید ڕۆژنامەنوس وخوێندکاری ماستەر لە لێکۆڵینەوە لە زانستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئازادی بەرلین،  دیوێکی تری هێرشەکەی سەر ناوەندی کلتوری ئەحمەد کایای لە پاریس خستە ڕوو.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:

هاوڵاتی:ئایا هێرشەکە بە هێرشێکی تیرۆریستی دەبینن یاخود کردەیەکی تیرۆریستی دژی کورد؟
ڕێباز مەجید: لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی بڵێین هێرشەکە تیرۆریستیە یاخود ڕەگەزپەرستیە کەمێک قورسە بڕیار لەسەر ئەوە بدەیت ، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە مێژووی هەیە لە کردە ڕەگەزپەرستیەکانی دەکرێت پەیوەندی بە ڕەگەزپەرستیەوە هەبێت، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان کە  بەکردەیەکی تیرۆر دژی کورد دائەنرێت  ئەوەیە کە هەموو ئەو شوێنانەی هێرشەکەی بۆسەر ئەنجامدراوە شوێنی کوردەکان بوون.
هاوڵاتی: بۆچی سەرەڕای نەبوونی بەڵگە، ڕاستەوخۆ تۆمەتەکان ئاڕاستەی تورکیا کرا لەسەر هێرشەکەی پاریس؟
ڕێباز مەجید: هۆکاری پشت ئەوەی کە بۆچی ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا ڕاکێشرا وتۆمەتبار کرا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وادەی هێرشەکە ماوەیەکی کەمی فەرق بوو لەگەڵ یادی هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٣ دا کە لە مانگی کانوونی دووەم دا ڕوویدا وبەهۆیەوە سێ ژنە چالاکوانی کورد تیرۆرکران کە یەکێک لەوانە ساکینە جانسز بوو.
یەکێکی تر لە هۆکارەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە وڕۆژەی ئەم هێرشە روویدا باس لەوە کراوە کە ڕێکخستنێک هەبووە  لە ناوەندی کلتوری ئەحمەد کایا بۆ ئامادەکاری بۆ یادکردنەوەی ڕووداوە تیرۆریستیەکەی ساڵی ٢٠١٣، ئەمەش زیاتر گومانەکانی خستە سەر تورکیا، هەروەها ئەمەش یەکەمین هێرشی تیرۆریستی نیە بۆ سەر کوردەکان لە پاریس؛ هەرچەندە تورکیا سەبارەت بە هێرشەکەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر بە فەرمی ئەو کارە تیرۆریستیەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام لە میدیاکانی سەر بە حوکمەتی تورکیا ئاماژە بەوە کرا کە هێرشەکە تورکیای لە پشتەوە بووە.

هاوڵاتی: ئایا تاچەند هێرشەکە پلان بۆداڕێژراو وتیرۆریستی بووە؟
ڕێباز مەجید: ئەگەر باس لەوە بکەین کە ئایا ئەمە تاچەند هێرشێکی تیرۆریستی بووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا هەیە هۆکاری یەکەم بۆ ئەوەی کە هێرشەکە بە هێرشێکی تیرۆریستی بناسێنین ئەوەیە کە هێرشەبەرەکە پێش ڕووداوەکە  بە ئۆتۆمبێلێک گەێندراوەتە شوینی ڕووداوەکە وکەسێکی لەگەڵدا بووە، واتە کەسێک هاوکاری کردووە ئەمەش  دەری ئەخات کە پلان بۆ داڕێژراو بووە وکەسێک هاوکاری کردووە، دووەم هۆکار بۆ ئەو گومانانە بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە لەو کاتەدا بڕیاربووە  نزیکەی ٥٠ ژنی چالاکوانی کورد کۆببنەوە و چالاکیەک ئەنجام، بدەن، بەڵام  کۆبونەوەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک دواخراوە، بۆیە ئەگەر کۆبونەوەکە دوانەخرایە ئەوا دەکرا ئەو هێرشە قوربانیەکی زۆرتری لێبکەوتایەتەوە.
ئەمانەش زیاتر گومانەکان چڕتردەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە هێرشیکی پلان بۆ داڕێژراو بووە دژی کورد.

هاوڵاتی: بۆچی هێرشەکان بۆسەر کوردەکان زۆربەی لە وڵاتێکی وەک فەڕەنسا ئەنجام ئەدرێت، لەگەڵ ئەوەی کوردەکان لە زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپا پەنابەرن؟
ڕێباز مەجید: ئەمە یەکەم هێرشی سەر کورد نیە لە وڵاتانی ئەوروپا، لە وڵاتەکانی دیکەش هێرش کراوەتە سەرکورد، بەڵام هۆکاری ئەوەی کە بۆچی زیاتر ئەم هێرشانە دەکرێتە سەرکورد لە وڵاتی فەڕەنسا بۆ ئەگەڕێتەوە کە هێزە سیاسیە کوردەکان لە فەڕەنسا ئازادیەکی زیاتریان هەیە بۆ کارو چالاکیەکانیان بەبەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بۆ نمونە ئەڵمانیا، ئەوەس وادەکات ببنە جێی ئامانجی هێرشە تیرۆریستیەکانی وڵاتێکی وەک تورکیا.

هاوڵاتی: ئایا پێت وایە تا چەند کورد پارێزراوە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە کۆچیان بۆکردووە؟
ڕێباز مەجید: بە دڵنیای کاتێک کورد وەک هەر پەنابەرێکی دیکەی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کاتێک کۆچ دەکات بۆ وڵاتە ئەوروپیەکان ڕووبەڕووی سەختی ودژواری و هەڕەشە دەبێتەوە، وە بەتایبەتی هەموو پەنابەرەکان کە پێستیان ڕەشە یان قاوەییە بە سەر ڕەش ناوەبرێن، بەدڵنیای لەلایەن گروپە ڕاستڕەوەکانی وڵاتە ئەوروپیەکانەوە توشی ڕەگەزپەرستی وجیاکاری دەبنەوە.
ئەم جیکاریە ڕەگەزی  و کردە ڕەگەزپەرستیانە دژی پەنابەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم ١٠ ساڵەی دواییدا زۆر زیادی کردووە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی لێشاوی کۆچی پەنابەران و بەریەککەوتنی زیاترهەروەها گۆڕانکاریەکان زۆر خێرا ڕوودەدەن؛ ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ بەهێزتربوونی هێزە سپی پێستە ڕاستڕەوەکان، هەروەها وایکردووە لە پەرلەمانی ئەوروپا ئەو هێزانە دەنگێکی زیاتر بێنن کە دژی کۆچی پەنابەرانن.
هاوکات بۆ کورد جگە لەم  مەترسی وجیاکاریە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، مەترسیەکی دیکەش لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەر کورد هەیە وەک تورک و فارس، هەربۆیە بۆ کورد مەترسیەکە دوو جار زیاترە، بەڵام ئەمەش بەپێی بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تری ئەوروپا جیاوازی هەیە، بۆیه کوردەکان ڕووبەڕووی سەختی زیاتر ئەبنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار