هەناردەی ئێران بۆ چین کەمترین ئاستی 20 ساڵی رابردو تۆمار دەکات
تمەن لە یەک ساڵدا 70٪ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەست دەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوردەی کاڵای ئێران بۆ چین بۆ کەمترین ئاستی 20 ساڵی رابردو دادەبەزێت و تمەن 70٪ی بەهاکەی لەدەست دەدات.
گومگرگی وڵاتی چین بڵاوی کردوەتەوە ؛هاوردەی کاڵای ئێران بۆ وڵاتەکەی لە مانگی رابردودا 326 ملیۆن دۆلار بوە لە کاتێکدا پێشتر ئێران مانگانە بە بڕی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار کاڵای بۆ چین ناردوە.
بە پێی بەراوردەکان ئەو بڕە لە هاوردەی کاڵای ئێران بۆ ناو چین کەمترین رێژەی 20 ساڵی رابردوە و سێ مانگە لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان بە بەردەوامی هاوردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ چین کەمی کردوە.
بە گشتی چین لە 11 مانگی ئەمساڵدا بڕی شەش ملیار دۆلار کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردوە و هاوکات هەر لەو ماوەیەدا بە بڕی هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کاڵای بۆ ئێران ناردوە.
چین بە گەورەترین هاوبەشی ئابوریی ئێران لە ناوچەکە ئەژمار دەکرێت و کەمبونەوەی هاوردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە کاریگەریی زۆری لەسەر پێگەی تاران لە ناوچەکەدا دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە بەهای هەر دۆلارێک لە ئێران جارێکی دیکە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەهای یەک دۆلار گەیشتە زیاتر لە 44 هەزار تمەن.
بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار ژمارەیەک بازاڕ و شوێنی ئاڵوگۆڕی دراو لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن کاسبکارانەوە وەک ناڕەزایەتییەک داخران.
زیاتر لە سێ مانگە دابەزینی بەهای تەمەن بەردەوامە و تەنها لە یەک ساڵدا تمەن 70٪ی بەهاکەی بەرامبەر دراوی دۆلار لەدەستداوە.