لە رۆژهەلاتی کوردستان 52 کەس لەسێدراەدراون

رێکخراوێک ئامارەکانی سێدارە و کوشتن لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکاتەوە

ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە

3 ساڵ لەمەوپێش



رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 50 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون و نزیکەی 130  کەسیش لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو بەشە لە کوردستان کوژراون.

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ لە ئەمساڵدا 52 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی جیاواز لەسێدارەدراون و هاوکات 46 کۆڵبەریش بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

بە پێی ئەو ئامارانەی هەنگاو بڵاوی کردونەتەوە لە ماوەی ساڵی 2022 لانیکەم 128 کەس لە لایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون کە زۆرینەیان لە ناڕەزایەتییەکاندا کراونەتە ئامانج.

لەو ئامارانەدا ئاماژە بەوە کراوە لە 105 رۆژی ناڕەزایەتییەکان زیاتر لە سێ هەزارکەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربون.

هەنگاو ئاشکراشی کردوە 19 زیندانیی کورد لە ساڵێکدا گیانیان لەدەستداوە و 12 بەندکراویش بە ئەشکەنجە کوژراون و پێنج زیندانیش بەهۆی نەبونی چارەسەری پزیشکی لە زیندانەکان گیانیان لەدەستداوە.

هەر ئەم ساڵ زیاتر لە شەش کاسبکاری رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنورەکان گیانیان لەدەستداوە و 31 کەسی دیکەش بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەکانی جەنگی ئێران و عێراق بونەتە قوربانیی و ژمارەیەکیان کەمئەندام بون.

لەماوەی ساڵی 2022دا  237 کچ و ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە 201 کەسیان لە ماوەی 105 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا بە تۆمەتی هاندان و بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون.

لە ئامارەکانی ناوەندی هەنگاودا هاتوە لە ماوەی 12 مانگی 2022 زیاتر لە 155 چالاکوانی رۆژهەڵات سەرجەمیان سزای 323 ساڵیان زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە.

بڵاوبونەوەی ئەو ئامارانە لە کاتێکدایە نزیکەی چوار مانگە دوای مەرگی ژینا ئەمنیی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و زیاتر لە حەوت هەزارکەس لەو بەشەی کوردستان لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراو.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار