هەناردەی غاز لە ئێرانەوە بۆ تورکیا راگیرا
هۆشداریی دەدرێت لە سەرهەڵدانی قەیرانی غاز لە تورکیا
2 ساڵ لەمەوپێش
هەناردەی غازی ئێران بۆ تورکیا رادەگیرێت و وڵاتەکەش هۆشداریی دەدات بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی غاز لە وێستگەکانی کارەبا و کارگەکان.
کۆمپانیای (بوتاش) بۆ گواستنەوە و بازرگانیی غاز و نەوت لە تورکیا رۆژی شەممە بڵاوی کردەوە؛ ئێران ئاستی هەناردەی غازی بۆ ئەو وڵاتە بە رێژەی زیاتر لە 70% کەم کردوەتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی کەمیی غاز لە کارگەکان و وێستگە کارەباییەکان.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی وزەی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە؛ ئێران هەناردەی غازەکەی بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەی 10 رۆژ راگرتوە.
ئێران لە ساڵی رابردوشدا بەهۆی بەرزبونەوەی بەکارهێنانی غاز لە ناوخۆی وڵاتەکە بۆ ماوەی دو هەفتە هەناردەکردنی غازی بۆ تورکیا راگرت.
کۆمپانیای بوتاش ئاماژەی بەوە کردوە؛ هۆکاری کەمکردنەوەی هەناردەی غازی ئێران بۆ تورکیا کێشەی تەکنیکییە لە هێڵەکانی گواستنەوەی غاز.
ئێران بە گشتی 10% غازی تورکیا دابین دەکات و وڵاتەکەش بە سەرەکیترین کڕیاری غازی ئێران لەقەڵەم دەدرێت.
ئێران لە وەرزی زستاندا بەهۆی سەرما و سۆڵەوە روبەڕوی کەمی زیاتر لە 250 ملیۆن مەتر سێجا غاز دەبێتەوە و بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو بڕە لە غاز، ناچارە هەناردەکردنی غاز بۆ تورکیا و هەندێکجاریش بۆ عێراق رابگرێت.