بەرپرسانی تورکیا و سوریا جارێکی دیکە کۆدەبنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سەرەتای مانگی شوبات، لەگەڵ بەرپرسانی سوریا کۆدەبنەوە.

مەولود چاوشئۆغلۆ کە لە وڵاتی روئاندایە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و باسی لە پرۆسەی خۆنزیککردنەوەی لە رژێمی ئەسەد کرد و وتی، " ئەگەری هەیە لە سەرەتای مانگی شوباتدا، لەگەڵ بەرپرسانی سوریا کۆببنەوە."

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد کە هەوڵێک هەبووە هەفتەی داهاتوو، کۆبونەوەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام رێنەکەوتووە و دەشڵێت، پێدەچێت خۆی لەگەڵ هاوتا سوریەکەی فەیسەل میقداد کۆبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە، ئایا سەرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی روسیاش بەشدار دەبێت یان نە.

لەلایەکی دیکەوە، کڤانچ ئەلە رۆژنامەنوسی بەشی تورکی داوچە وێللای ئەڵمانیا لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی تورکیا کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، وتی، پێدەچێت ئەمجارە کۆبونەوەکە لە ئەنقەرە ئەنجام بدرێت.

یەکەم کۆبونەوەی فەرمی سوریا و تورکیا دوای ١١ ساڵ لە تێکچوونی پەیوەندیەکانیان، ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەنجامدرا. لە کۆبونەوەکەدا خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا، هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت)، عەلی مەحمود عەباس وەزیری بەرگری سوریا بە نێوەندگیری سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری روسیا لە مۆسکۆ ئەنجامدرا.

بەرپرسانی تورکیا نەیانشاردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکی خۆنزیککردنەوەیان لە رژێمی ئەسەد، بۆ لێدانە لە یەپەگە و خۆبەڕێبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئەمریکا لەدژی دانوستانەکانی نێوان تورکیا و سوریایە

هەفتەی رابردوو نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ رژێمی سوریا کردبوو و رایگەیاندبوو، سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا نەگۆڕاوە و وتبووی، " پشتگیری لەو وڵاتانە ناکەین کە دەیانەویت پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر و زاڵم ئاسایی بکەنەوە. داوا لە وڵاتان دەکەین بە وردی رەچاوی پێشینەی دڕندانەی رژێمی ئەسەد بکەن کە لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا بەردەوامە لە گۆشەگیریکردنی گەلی سوریا و رەتکردنەوەی هاوکاریە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوان."

پرایس ئاماژەی بەوەکردوو، " هەوڵێک لەنێوان تورکیا، سوریا و روسیا هەیە. کاتی ئەوە نییە، تورکیای هاوپەیمانمان پەیوەندیەکانی لەگەڵ سوریا ئاسایی بکاتەوە و پشتگیری لە دانوستانەکان ناکەین. ئێمە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە بەرەنگاری تیرۆر بەردەوام دەبین."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار