هاوسەرۆکی هەدەپە: لەم هەڵبژاردنەدا رۆناکی و تاریکی رکابەرایەتی دەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، دوو لایەن لەم هەڵبژاردنەدا هەیە، فاشێزم و دیموکراسی، رۆناکی و تاریکی رکابەرایەتی دەکەن.
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆبونەوەی جەماوەری هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە گۆڕەپانی کارتاڵی ئەستەنبوڵ بۆ دەیان هەزار لایەنگری پارتەکەی و لایەنگرانی پارتە چەپ و سۆسیالیستەکانی نێو هاوپەیمانێتی رەنج و ئازادی، قسەی کرد.
پەروین بوڵدان وتی، " بۆ ئەوەی ریگری لە تاڵانکردنی سروشت، تاڵانکردنی ژیان و لەناوبردنی یاسا بکرێت، ئەم میتینگەمان ساز کردووە. ئەم کۆبونەوە سەرەتایە. ئێمە لەنێو ٨٢ ملیۆن کەس لە تورکیا بڵاودەبینەوە. بە هاوپەیمانی لەگەڵ دۆستەکانمان، مۆری خۆمان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەدەین.
بوڵدان دەشڵێت، ئەگەر لە ئەستەنبوڵ سەربکەون، دەتوانن لە هەموو تورکیا سەربکەون. ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ و مێژووییە، یان تاریکی یان رۆناکی هەڵدەبژێرن. یان دیموکراسی یان فاشیزم هەڵدەبژێرن و لەم هەڵبژاردنەدا کاندیکی تایبەتی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان دەبێت.
ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی رەنج (ئەمەپ)، پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ)، پارتی ئازادی کۆمەڵگا (توپ)، پارتی بزوتنەوەی رەنجدەران ( ئەهەپ) و فیدراسیۆنەکانی ئەنجومەنە سۆسیالیستەکان (سەمەفە) پێک دێت، لە گۆڕەپانی کارتاڵی ئەستەنبوڵ، میتینگێکی جەماوەری گەورەی ئەنجامدا.
بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە هەدەپە، بە دەیان هەزار کەس لە گۆڕەپانەکە کۆبوونەوە. سەرۆک و بەرپرسانی پارتە چەپەکانی تورکیاش بەشداریان کرد و قسەیان بۆ لایەنگرانگرەکانیان کرد.