ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق: عێراق تەنیا 20 ملیار دۆلار قەرزاری دەرەوەیە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند كە یەدەگی دراوی دەرەكی لە عێراق زۆر بەرزە، هاوكات كۆی قەرزی دەرەکی عێراق تەنیا 20 ملیار دۆلارە.
مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە : كە قەرزی گشتی ناوخۆی وڵات لە ئێستادا بە نزیكەی 50 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، كە خاوەندارێتیەكەی بە تەواوی سەر بە سیستەمی بانكی حكومەتە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە63%ی قەرزی ناوخۆی گشتی لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوەیە و نوێنەرایەتی سەروەت و سامانی ناوخۆیی دەكات لە پێكهاتەی بودجەی بانكی ناوەندیدا.
ڕوونیشیکردەوە: پاشماوەی قەرزە ناوخۆییەی كە دەمێنێتەوە لەلایەن سێ بانكی سەرەكی حكومەتەوەیە بەرێژەی سوودی ساڵانە لە نێوان 2-3%.
ئاماژەی بەوەشكرد : ئەو قەرزە دەرەكییە كاریگەرەی كە دەبێت لەساڵی 2023ەوە بدرێتەوە، لە 20 ملیار دۆلار تێپەڕناكات، واتە كۆی قەرزی گشتی (ناوخۆیی و دەرەکی) لە ئێستادا بە نزیكەی 70 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.
لە درێژەی قسەكانیدا وتی : كارایی یەدەگی دەرەكی وڵات زۆر بەرزە و پابەندبوونی قەرزی دەرەكی بە 5 هێندە دەگرێتەوە، كە ئەمەش ڕێژەیەكی ستانداردی بەرز و دڵنیاكەرەوەیە و ڕەنگدانەوەی بەهێزی باری دارایی عێراقە.
ئاماژەی بەوەشكرد: میكانیزمی دانەوەی قەرزی ناوخۆیی و قەرزە دەرەكییەكان لە ڕێگەی تەرخانكردنی ساڵانەدا ڕوودەدەن كە لە بودجەی فیدراڵیدا پەسەندكراون.