لە تورکیا تسونامی ئابوری بەڕێوەیە

وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا: دۆخەکە کۆنتڕۆڵ ناکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

محەمەد شیمشەک وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا رەخنەی لە سیاسەتی ئابوری حکومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند، دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تسونامی ئابوری بەڕێوەیە.

رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە زاری وەلی تۆپراک رۆژنامەنووسێکی دیاری تورکیا رایگەیاند، محەمەد شیمشەک وەزیری پیشووی ئابوری تورکیا، بەشداری لە رێورەسمی کردنەوەی وێستگەیەکی غازی سروشتی کردووە و لەگەڵ ئەردۆغان قڕدێلەی دەستبەکاربوونی ویستگەکەیان بڕیوە.

بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەکە، محەمەد شیمشەک لە رێورەسمەکەدا رەخنەی لە سیاسەتی ئابوری حکومەتی تورکیا گرتووە و رایگەیاندووە، تسونامیەکی گەورەی ئابوری چاوەڕێی تورکیا دەکات. زۆربەی وڵاتانی جیهان، پارەکانیان دەکشێننەوە و وەبەرهێنان کەم دەکەنەوە، بەڵام تورکیا بە بەردەوامی هەوڵی چاپکردنی پارەکەی دەدات و بەم شێوەیە رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا کەم نابێتەوە.

شیمشەک وتوویەتی، بە فشار خستنە سەر زنجیرە مارکێتەکان کە نرخی شتومەک هەرزان بکرێت کە قازانجەکەیان تەنیا ٤٪ بێت، ناتوانرێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و رێژەی هەڵاوسان کەم بکرێتەوە.

تورکیا لە ئیستادا لە قەیرانێکی گەورە ئابوریدایە. لیرە بەهایەکی زۆری لەدەستداوە. هەرچەندە حکومەت رایگەیاندووە کە رێژەی هەڵاوسان لە خوار ٨٥٪ەوەیە، بەڵام سەرەتای ئەم مانگە، گروپی لێکۆلینەوەی هەڵاوسانی تورکیا کە لە ژمارەیەک ئابوریناس و ئەکادیمی بواری دارایی پێک دێت، ئامارێکی نوێی لەبارەی رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ئاماری گروپەکە، مانگی رابردوو، رێژەی هەڵاوسان ٥.١٨٪ زیادی کردووە. هەروەها لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا رێژەی هەڵاوسان ٣٨.٥٧٪ زیادی کردووە. لە ئێستاشدا رێژەکە گەیشتووەتە ١٣٧.٣٣٪.

لەلایەکی دیکەوە، نرخى کارەبا و غازی ماڵان بە رێژەى ١٥٠٪ بۆ ٢٠٠٪ بەرزبووەتەوە، باجی سەر موڵک و خانووبەرە بە رێژەی ٦٦٪ و سزای سەرپێچیەکانی هاتوچۆ، لەنێوان ١٠٪ بۆ ٥٠٪ بەرزبووەتەوە.

ژووری کشتوکاڵی تورکیاش هەر لەم مانگەدا رایگەیاندبوو، نرخی سەوزە و میوە لەو وڵاتەدا بەگوێرەی ساڵی ٢٠٢١، بە رێژەی ١٠٠٪ بۆ ٣٠٠٪ زیادیان کردووە.

چەند رۆژ لەمەوبەر، دەزگای ئامارەکانی تورکیا، ئاماری بێکاری لەو وڵاتەدا بلاوکردەوە و بەگوێرەی ئامارەکە، لە تورکیا و باکوری کوردستان، سێ ملیۆن و ٥٧٦ هەزار کەس بێکارن.

کۆمپانیای میترۆپۆلی تورکیش کە تایبەتە بە ئامار و لێکۆلینەوەکان، ئەم مانگە راپرسیەکی بە بەشداری دوو هەزار و ٧٧ کەس لە ٢٨ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان لەبارەی رێژەی هەڵاوسان ئەنجام دابوو.

بەگوێرەی ئامارەکە: ٤٧.٥٪ی بەشداربووان پێیان وابووە کە رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە زیاترە لە ١٧٠٪ ، هەروەها ١٨.٨٪ی بەشداربووان پێیان وابووە کە رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە نزیکەی ١٧٠٪.

٢٤.٢٪ی بەشداربووان وتوویانە رێژەی هەڵاوسان ٨٤٪ی تێپەڕ کردووە و ٩.٥٪ی بەشداربووانیش رایانگەیاندووە کە نازانن.

هەروەها، کۆمپانیای (پی دەبلیۆ سی) و (ئیپسۆس)ی تورکی، پێکەوە راپرسیەکیان لەبارەی ئابوری تورکیا ئەنجامدابوو. بەگوێرەی راپرسیەکە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تاوەکو ئێستا یەکەمجارە، هاوڵاتیانی تورکیا بەم ئەندازەیە بەهۆی دۆخی ئابوریەوە بێهیوان.

راپرسیەکە ئاشکرای کردووە کە ٧١٪ی هاوڵاتیان، هیوایان نەماوە کە ئابوری تورکیا باش ببێت و دەڵێن، خراپتر دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار