هەدەپە دەیەوێت دوای هەڵبژاردنەکان بڕیاری کۆتایی لەبارەی داخستنیی بدرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، کۆمسیۆنی یاسایی و مافەکانی مرۆڤی پارتەکە، داواکاری پێشکەش بە دادگای دەستووری تورکیا کردووە کە دوای هەڵبژاردنەکان بڕیاری کۆتایی لەبارەی داخستنی پارتەکەیان بدرێت.

سانجار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بە پرسی داخستنی پارتەکەیانی کرد و وتی، " ئەگەر گوێ بە یاسا نێودەوڵەتیەکان بدرایە، نەدەبوو سکاڵایەکی بەم شێوەیە لە دادگادا قبوڵ بکرایە. دۆسیەی داخستنی هەدەپە لەدژی پێوانە نێودەوڵەتیەکانە و پێویست بوو دادگای دەستووری سکاڵاکەی رەتبکرادایە.

هاوسەرۆکی هەدەپە وتی، ئەمە پرسێکی سیاسیە. بەم شێوەیە فشار لەسەر سیاسەتی دیموکراتی دروست دەکەن. دەیانەوێت هەدەپە بەم شێوەیە لەناوببەن. دادگای بالای مافەکانی مرۆڤ بە ئاشکرایی رایگەیاندووە کە دادگاییکردنی هەدەپە کارێکی نایاساییە. "

میدحاد سانجار باسی ئەوەشی کرد کە دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن و وتی، " تاوەکو چواری شوبات دەتوانین تانەکەمان پێشکەش بکەین. تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان پێنەگەیشتووە. ئەم هەنگاوە نە تەنیا بۆ هەدەپە ، بەڵکو زیانێکی گەورە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی تورکیا دەدات. دەسەڵات نایەوێت هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە، ئازاد و یەکسان بەڕێوە بچێت."

هاوسەرۆکی هەدەپە لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە دوای داخستنی، هەدەپە لەسەر لیستی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان، بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکات،رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستیەوە. هەدەپە رێوشوێنی گرتووەتەبەر، ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرێک کردووە.

١٠ی ئەم مانگە، دانیشتنی دادگایی داخستنی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستووری تورکیا بەڕێوەچوو. سکاڵاکار بەکر شاهین داوکاری گشتی تورکیا لەدژی هەدەپە بە زارەکی قسەی کرد و هەدەپەی بەوە تۆمەتبار کرد کە پشتگیری لە پەکەکە دەکات. تاوەکو ئێستا دادگای دەستووری هیچ بڕیارێکی نەداوە.  ئەمەش لە کاتیکدایە کە بە تەنیا چەند مانگێک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار