ئێرانییەکان دوەم گەورەترین کڕیاری خانوبەرەی تورکیان
دوای جەنگی ئۆکرانیا روسییەکان زیاترین خانوبەرەیان لە تورکیا کڕیوە
گەڕەکێکی شاری ئیستانبوڵ لە تورکیا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتییانی ئێران لە ساڵێکدا زیاترین گەشتیان بۆ تورکیا ئەنجام داوە و زیاتر لە هەشت هەزار خانوییان لەو وڵاتە کڕیوە.
ناوەندی ئاماری تورکیا بڵاوی کردەوە؛ رێژەی کڕینی خانوبەرە لە لایەن هاوڵاتییانی ئێران لە تورکیا کەمی کردوە، بەڵام دووەم وڵات بون دوای هاوڵاتییانی روسیا کە زیاترین خانوبەرەیان کڕیوە.
ناوەندەکە رونی کردوەتەوە رێژەی کڕینی خانوبەرە لە ساڵی 2022 لە لایەن هاوڵاتییانی ئێرانەوە بەراورد بە ساڵی 2021 نزیکەی 18٪ کەمی کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەراورد بە سەردەمی رێککەوتنی ئەتۆمیی لە ساڵی 2015 تا 2018 زیاتر لە 10 هێندە زیادی کردوە.
بە پێی ئامارەکان هاوڵاتییانی ئێرانی لە ساڵی رابردودا هەشت هەزار و 223 خانویان لە شارەکانی تورکیا کڕیوە، بەڵام هاوڵاتییانی روسیا زیاترین خانویان لەو وڵاتە کڕیوە و لە پلەی یەکەمدا بون.
پشکی ئێرانییەکان لە نێوان هاوڵاتییان و گەشتیارانی بیانی بۆ کڕینی خانو لە تورکیا گەیشوەتە 12٪ و ئە رێژەیەش لە سەردەمی پێش کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی تەنها 3٪ بوە.
هاوڵاتییانی روسیا بە کڕینی 16 هەزار و 312 خانوبەرە یەکەم وڵات بون کە زیاترین خانویان لە تورکیا کڕیوە و بەوەش رێژەی کڕینی خانو لە لایەن روسییەکانەوە لە سەردەمی هێرشەکانی سەر ئۆکرانیا سێ هێندە زیادی کردوە.
دوای روسییەکان و ئێرانییەکان هاوڵاتییانی عێراق بە کڕینی شەش هەزار و 241خانو لە تورکیا سێەم وڵاتی بیانی بون کە زیاترین خانویان لە تورکیا کڕیوە.