سزای تەنها ٨ ساڵ زیندانی پیاوێکی ئێرانی دوای ئەوەی هاوسەرە ١٧ ساڵانەکەی سەردەبڕێت کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پیاوێکی ئێرانی بە تاوانی سەربڕینی هاوسەرەکەی و نمایشکردنی سەری لەبەردەم خەڵکدا سزای زیاتر لە هەشت ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندرا و ئەم سزا کەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە

ڕۆژی چوارشەممە دەزگای دادوەری ئێران ڕایگەیاند، پیاوێکی ئێرانی بە تاوانی سەربڕینی هاوسەرەکەی و نمایشکردنی سەری لەبەردەم خەڵکدا سزای زیاتر لە هەشت ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندراوە.

مەسعوود ساتایشی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ، سەجاد حەیدەرنوا، هاوسەر و بکوژی مونا حەیدەری ، "بەهۆی کوشتنی بە ئەنقەست سزای حەوت ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە و بۆ لایەنی دەستدرێژی بە ئەنقەستەوە، سزای هەشت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە."

وتیشی ، دایک و باوکی قوربانییەکە " لە بکوژەکە خۆش بوون" لە بری ئەوەی داوای "سزادانی" بکەن.

ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی چوارشەممەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بۆ سزادانی ئەو پیاوە تەنها بۆ " هەشت ساڵ و سێ مانگ زیندانی کردن" کە هاوسەرە تەمەن حەڤدە ساڵەکەی خۆی سەربڕی بوو، کاردانەوەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێ کەوتەوە بە تایبەتی لە کاتێکدا ئێران چەندین سزای قورس لە ناویاندا سزای لەسێدارەدانیشی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئەم دواییە بەکارهێناوە.

مونا حەیدەری تەمەن 17 ساڵ لە مانگی 2ی ساڵی 2022 لەلایەن هاوسەرەکەی و شوبراکەیەوە لە شاری ئەحوازی پایتەختی پارێزگای خوزستان کوژرا.

پاش کوشتنەکەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایە کە تیایدا نیشان دەدات هاوسەرەکەی بە زەرەخەنەوە سەرە بڕاوەکەی ژنەکەی لە سەر شەقامدا نمایش دەکات ئەمەش بووە مایەی خەم و توڕەییەکی زۆر لە ناو خەڵکیدا بەتایبەت دوای ئەو سزا کەمەی درا بەسەر هاوسەرەکەی مونادا.

هاوکات، مەسعوود ساتایشی گوتیشی " تاوانبارەکە هیچ مافێکی بەرەنگاربوونەوەی حوکمەکەی نییە، ئەمە دوا بڕیارە."

گوتیشی تاوانباری دووهەمی ئەم دۆسێیە " حەیدەر حەیدەرنەوا سزای 45 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە بە تۆمەتی هاوبەشی لە کوشتنی بە ئەنقەستدا."

کاردانەوەکان لە بەرامبەر ئەم سزا کەمە دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتی ئێران خۆپیشاندەران لەسێدارەدەدات هەربۆیە چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایی نیشان دەدەن و دەڵێن چۆن دەبێت خۆپیشاندەر لە سێدارە بدرێت و کەسێکیش کە بەو شێوەیە هاوسەرەکەی سەربڕیوە تەنها سزای 8 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار