دەمیرتان: مانگی ئایار بۆ کۆتایی هێنان بە ئەردۆغان مانگێکی گونجاوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دوێنێ باسی مێژووی ٧٣ ساڵ لەمەوبەری تورکیای کرد، بەڵام دۆخێکی وەهای خوڵقاندووە کە هاوڵاتیان نازانن ٧٣ کاتژمێر لەمەوبەر چییان خواردووە و وتی، " مانگی ئایار بۆ کۆتاییهێنان بە ئەردۆغان مانگێکی گونجاوە."
دەمیرتاش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی مەدیا سکوپی تورکیا ئاماژەی بە قسەکانی دوێنێ ئەردۆغان کرد کە لە کاتی ئاشکراکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکان قسەی کە بڕیارە ١٤ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
دەمیرتاش وتی، " کاتێک ئەردۆغان باسی ٧٣ ساڵ لەمەوبەر دەکات ( لە ١٤ی ئایاری ١٩٥٠دا، پارتی دیموکرات بەسەر جەهەپەدا سەرکەوتن و بۆ یەکەم جار جەهەپە لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی هێنا) زۆر باشە دیارە کە لە سیاسەت و گەل دوور کەوتووەتەوە."
باسی ئەوەشی کرد کە لە کاتێکدا کەهاوڵاتیان، رووبەرووی هەژاری، تراژیدیای ئابوری بوونەتەوە و نازانن ٧٣ کاتژمێر لەمەوبەر چییان خواردووە، ئەردۆغان هەڵدەستێت باسی ٧٣ ساڵ لەمەوبەر دەکات.
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وتی، " باسکردنی ٧٣ ساڵ لەمەوبەر ستراتیژیەکی هەڵەیە بۆ هەڵبژاردن، بەم شێوەیە ناتوانرێت سۆزی هاوڵاتیان رابکشێت. لەبارەی ١٤ی ئایاریش، لە راستیدا مانگی ئایار بۆ کۆتاییهێنان بە ئەردۆغان مانگێکی گونجاوە. مانگی ئایاری ئەمساڵ وەک مانگێکی جوان دەچێتە مێژووە. لە ئیستاداوە ' بژی ١ی ئایار'، بەردەوام دەبین."
دوێنێ لە کۆبونەوەیی گشتی پارتەکەیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، ١٤ی ئایاری وەک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی وڵاتەکەی دیاری کرد.