کەلار؛ کارمەندانی جەنگی کۆرۆنا حەوت مانگە موچەیان وەرنەگرتووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كەلار؛ كارمەندانی جەنگی كۆرۆنا
حەوت مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە
نیگار عومەر
بەشێكی زۆری كارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا لەكەلار كەژمارەیان 124 كارمەندە موچەی حەوت مانگیان وەرنەگرتووەو هیچ دڵنیاییەكیش نیە بۆ پێدانی موچەكانیان و كارمەندانی نەخۆشخانەكەش حكومەت بەكەمتەرخەم و بێباك دەزانن.
نەخۆشخانەی قەڵا لەقەزای كەلار لەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئەركی خێرخوازانی سنوری گەرمیان دروستكراو دوای كەمبوونەوەی ڤایرۆسەكەش بەهۆی پێویستی كەرتی تەندروستی لەگەرمیاندا نەخۆشخانەكە بۆ چاودێری وردو هەناوی تەرخانكراو خزمەت بەسنورەكە دەكات كەزۆربەیان كارمەندی خۆبەخشن.
هاوار جەبار، كارمەند لەنەخۆشخانەی قەڵا بۆ هاوڵاتی وتی:» ئێمە لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا لەوكاتەدا كەكارمەندە هەمیشەییەكانی نەخۆشخانەی گەرمیان ئامادەنەبوون دەوام لەنێو نەخۆشخانەی قەڵادا بكەن، ئێمە ژیانی خۆمانمان خستە مەترسییەوە و ئەو ئەركە قورسەمان لەسەرشان هەڵگرت كەشەڕ لەگەڵ مەرگدا بكەین، حكومەت ئامادەنەبوو كارمەند دابمەزرێنێت، ئێمە هاتین دەستمانكرد بەخزمەتكردن و بەسوپاسەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو ئەركەی لەسەرشان هەڵگرت و موچەی بو ئێمە دابینكرد بۆ ئەو ماوەیەی ڤایرۆسەكە زۆر بڵاوبوو».
وتیشی:» دوای ئەوەی كەڤایرۆسی كۆرۆنامان تێپەڕاند نەخۆشخانەكە بەردەوامبوو لەخزمەتكردن، بەو كارمەندانەی كەحكومەت ئامادەی هیچ هاوكارییەكی نەبوو، ئێمە ژمارەمان 124 كارمەندەو موچەی حەوت مانگمان وەرنەگرتووەو ئیدارەی دارایی یەكێتی بۆی سەرف نەكردووین و تائێستا نازانین چارەنووسی ئێمە چی لێ بەسەردێت و كەی ئەو موچانەمان بۆ دەگەڕێننەوە».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» لەقوناغێكدا ئێمە لەم نەخۆشخانەیە خزمەتمان دەكرد كەس ئامادەنەبوو بەڕێبواریش بەلای نەخۆشخانەكەدا تێپەڕێ، ئێستا حكومەت و وەزارەتی تەندروستی دامەزراندنمان بۆ ناكەن و دەڵێن با بەخۆبەشی دەوام بكەن».
رێبین ئەحمەد، كارمەندێكی ترە لەنەخۆشخانەی قەڵا بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» ئێمە حكومەت بەبەرپرسیار دەزانین بەرامبەر پێنەدانی موچەكانمان، حزب تەنها هاوكاری ئێمە بووە، بەڵكو پێویستە لەسەر وەزارەتی تەندروستی خەمی ژیانی ئێمە بخوات، لەهەموو دونیا ئەو كارمەندانەی خزمەتیان بەتوشبووانی كۆرۆنا كرد بۆ مانەوەی مرۆڤایەتی رێزیان لێدەگیرێت و پاداشت دەكرێت، ئێمە موچەكانیشمان بەشایستە نازانن «.
«دەبینین لەناوچەكانی تری هەرێم كارمەندانی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دادەمەزرێن، جیاوازی لەگەڵ گەرمیاندا دەكرێت و بەهەموو شێوەیەك پشتگوێخراوە، بەگشتی تەندروستی گەرمیان بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنێت و ژیانی خۆمان و ماڵ و مناڵمان بووەتە قوربانی ئەم بابەتە، ئێمە ئەو كارمەندانە بووین كەكەسی یەكەمی خێزانەكانمان لەدەستدا لەپێناو مانەوەی ژیانی هاونشتیمانیەكانمان، كەچی وەزارەتی تەندروستی ئامادە نیە هیچمان بۆ بكات»، رێبین ئەحمەد وای وت.
عەباس عەزیز، جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا وەزارەتی تەندروستی كارمەندی دانەمەزراند بۆ نەخۆشخانەی قەڵا، یەكێتی لەسەر ئەركی خۆی كارمەندی بۆ نەخۆشخانەكە داناو گرێبەستمان لەگەڵ كارمەندەكان كرد، دوای كۆتایی پەتاكە نەخۆشخانە ماوەیەك داخرا، دواتر لەبەر پێویستی كرایەوەو ئێستا وەك نەخۆشخانەیەكی گرنگ و پێویست لەسنورەكە خزمەت بەهاووڵاتیان دەكات «.
وتیشی:» وەزارەتی تەندروستی چەند كارمەندێكی كەمی بۆ دامەزراندن، لەسەرەتادا ئەوە بەشی پێویستی ئێمەی نەدەكرد، ناچاربووین بەم كارمەندە خۆبەخشانە فەراغەكان پڕبكەینەوە، بەڵام كارمەندەكان لەئێستادا موچەی حەوت مانگیان وەرنەگرتووە هی ماوەكانی رابردووەو لەلایەن یەكێتییەوە بەڵێندراوە موچەی سێ مانگیان بۆ بنێرێت، لەئێستادا موچەی یەك مانگ بەدەستیان گەیشتوە، بۆ مانگەكانی دیكە جارێك هیچ دڵنیاییەك نیە.»
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ئەم كارمەندانە سەرەڕای ئەوەی لەكاتە سەختەكاندا فریای تەندروستی گەرمیان كەوتن، بەڵام دەیان جار داوامانكردووە بۆمان دابمەزرێنن، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووە».
چۆمان ئەحمەد، بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکان لەئیدارەی گەرمیان بەهاوڵاتی وت:» ئێمە ئاگاداری گرفتەكانی كارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵاین و داواكارییەكانیانمان گەیاندووەتە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی و چەندین جار سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان قسەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا كردووە لەسەر ئەم بابەتەو هەوڵمانداوە دابمەزرێن، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكی ئەوتۆمان وەرنەگرتوە لێیان».