کوردانی رۆژئاوا دەبێت لەگەڵ ئەسەد رێبکەون
کاتێک رژێم لە شەڕی ئیدلیب تەواودەبێت بێهێزە، گەر کورد ئەم هەلە نەقۆزنەوە دەبێت رازیبن بەمەرجەکانی ئەسەد دوای ئەوەی ئەمریکا سوریا جێدێڵێت
6 ساڵ لەمەوپێش
یاد قوربانی
هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەو هێزە میلیشیاییەی یەکینەکانی پاراتسنی گەل (یەپەگە) ڕابەرایەتی دەکات و ئەمریکا پاڵپشتی دەکات لە ئێستادا بوەتە بەشێک لە ڕووبەڕووبونەوەیەکی چارەنوسساز لە نێوان دوو لە بەهێز ترین هێزە سەربازیەکانی جیهاندا: ڕوسیا و ئەمریکا. هێزی سوریای دیموکرات بە ڕابەرایەتی شەڕڤانانی کورد سەرەڕمی شەڕی (داعش)بوون لە سوریا بەڵام لەگەڵ کزبونی ئاگربارانی جەنگ و بێهێزبونی داعش، پرسیار لەسەر داهاتووی ئەم هێزە دێتە ئاراوە. هێزە کوردیەکان دەبێت خۆیان ئامادەبکەن بۆ سوریای دوای کشانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە و گەڕاندنەوەی بەشار ئەسەد بۆ دەسەڵات.
لە ڕاپۆرتێکی گۆڤاری (فۆرین ئەفێرز)ی ئەمریکیی تایەبەت بە بابەتە نێودەوڵەتیەکاندا هاتووە کە دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا باشترین بژاردە گەیشتنە ڕێکەوتنە لەگەڵ ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سوریا. گەیشتنە ڕێکەوتن ئاسان نابێت چونکە هێزە کوردیەکان دەیانەوێت دەست بە دەستکەوتە سەربەخۆیی خوازەکانیانەوە بگرن و هاوکات ڕژێمەکەی ئەسەد دەیەوێت دووبارە دەسەڵاتی سێنتراڵی بەسەر سوریادا بسەپێنێتەوە، ئەم دوو بەرژەوەندیەش دژ یەکن. لەبەر جیاوازیی سەربازیی بەرچاو لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ڕژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی بێ هاوکاری ئەمریکیەکان مەترسیدارە، بە پێچەوانەوە کورد دەتوانێت کارتی فشاری سیاسی بەکاربهێنێت تا بگاتە ڕێکەوتن لەگەڵ ڕژێمی سوریا.
کات لە بەرژەوەندی کوردەکانی سوریا نیە
(ئارۆن ستاین)ی نوسەری ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری (فۆرین ئەفێرز) پسپۆڕی سیاساتی نێوەدەوڵەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەندامی دێرینی ئەنجومەنی ئەتڵەسیە، ئەو پێی وایە بارودۆخی جەنگی سوریا لە ئێستادا لەبارە بۆ کوردەکان تا بیقۆزنەوە لە بەرژەوەندیی خۆیان. ڕژێمی سوریاو هاوپەیمانەکانی ئامادەکاری دەکەن بۆ گرتنەوەی پارێزگای ئیدلیب کە بەدوایین پێگەی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی سوری دادەندرێت؛ ئەم هەڵمەتە سەربازیە زۆر دەخایەنێت و دوای شەڕەکە هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە ڕووی سەربازیەوە لاوازدەبن، ئەم کاتەش بە کاتێکی نمونەیی دانراوە تا کوردەکان و هاوپەیمانە ئەمریکیەکانیان فشاربکەن و داوای دانوستان بکەن لەگەڵ ئەسەد چونکە کاتێکە کە بەرانبەرەکانیان بێهێزترن لە دۆخی ئاسایی خۆیان. بەڵام گەر کات بدرێت بە هێزەکانی ڕژێم دووبارە ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە ئەوا کارتە سیاسیەکەی کوردەکان نامێنێت و بەسەردەچێت. بە کورتی، کوردەکان دەبێت بێهێزیی کاتیی ڕژێمی سوری بقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان.
ستاین لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت کە هەرچەندە شەڕڤانە کوردەکان لە ڕووی سەربازیەوە بەتوانا و ڕێکخراون و ئەزمونی چەند ساڵەی شەڕی داعشیان هەیە، بەڵام بەرگریکردنیان لە شاری عەفرین ئەوەی پیشانداین کە ئەمە تەنها بەس نیە و ئەوان لە ڕووی سەربازیەوە ناتوانن بەرانبەر سوپای بێشوماری وڵاتان تا سەر خۆیان ڕابگرن و پێویستیان بە دۆستە، دۆستایەتی ئەمریکاش بۆ ئەوان گرنگیەکی زۆری هەیە. هەرچەندە ڕەنگە هێزەکانی سوریای دیموکرات شەڕی بردنەوەیان پێ نەکرێت لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد بەڵام دەتوانن لە کاتی بێهێزی ئەسەدا زیانی سەربازی زۆری پێبگەیەنن، لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئەسەد تا بتوانێت نایەوێت لەگەڵ کوردەکان خۆی تاقی بکاتەوە.
بڕیارە لەم رۆژانەدا هێرشی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ئیدلیب لە لایەن ڕژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانیەوە دەستپێبکات و شەڕێک دەبێت کە ڕوسیا و ئێران و تورکیاش تیای بەشدار دەبن. ئیدلیب دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای سوریا و زۆرینەی دانیشتوانەکەی کە بە ملیۆنان کەس دەبن بە نەتەوە عەرەبن و بە هەزاران شەڕکەری سەر بە گروپە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوری لێ نیشتەجێیە. ستاین پێی وایە کە کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگاکە کارێکی قورس نیە بۆ ڕژێمی سوریا بە پاڵپشتی تۆپخانە و فڕۆکەکانی ڕوسیا بەڵام گەڕانەوەی ئاشتی و نەهێشتنی ئەندامانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن زیانی زۆری مادی و گیانی بە سوپای سوریا دەگەیەنێت.
لە سەرەتای جەنگی سوریاوە هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەپەگە بە تایبەتی سڵیانکردۆتەوە لەوەی ڕووبەڕووی ڕژێمەکەی ئەسەد ببنەوە و بە پێچەوانەوە ئەسەد شەڕی لەگەڵ نەیارەکانی دەکرد و هێزە کوردیەکانیش سەرقاڵبون بە شەڕی داعشەوە. لە ڕاپۆرتە شیکاریەکەدا هاتوە کە ئەم بەرهەڵستینەکردنەی کوردەکان و هاوکات جەنگان دژی داعش وایکردوە ڕژێمی سوریا واز لە کوردەکان بێنێت شانبەشانی ڕژێم دەسەڵات پەیدابکەن و بە شێوەیەکی گشتی ڕێگری لێ نەکردون، بەڵام بەرەو کۆتایی هاتنی جەنگ دەبێت ڕێکەوتنێک هەبێت لە نێوان ئەسەد و کوردەکان چونکە کوردەکان ئۆتۆنۆمیان دەوێت و ڕژێمیش دەیەوێت حوکمی سێنتراڵی بەسەریاندا بسەپێنێت.
ڕێکەوتنەکە چۆن دەبێت؟
بە پێی پێشبینیەکانی گۆڤاری (فۆرین ئەفێرز) هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئێستا فەرمانداری کانتۆنەکانی خۆیان دەکەن لە ڕۆژئاوای کوردستان داوا لە ڕژێمی سوریا دەکەن تا دەسەڵات دابەشبکرێت لە سوریای نوێدا، خۆبەڕێوەبەری بوونی هەبێت و دەسەڵاتدارییەکی سێنتراڵی نەبێت، بە پێچەوانەشەوە ڕژێمی ئەسەد هەوڵ دەدات تا بتوانێت دەسەڵاتدارییەکی سێنتراڵی بسەپێنێت و هەموان بهێنێتەوە ژێر ڕکێفی خۆی. جیاوازیی هێزی سەربازی نێوان هێزە کوردەکان و ڕژێمی سوریا وای کردوە لە ئێستادا کوردەکان پشت بە ئەمریکا ببەستن تا هاوپەیمانیان بێت و هاوکات لەگەڵ فشاری سیاسی خۆیاندا بیانگەیەنێت بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەسەد، بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیارێکی جێگیری نەبوە لەسەر ئەم بابەتە و زیاتر لە ڕوانگەی کێشەی ئێرانەوە تەماشای سوریا دەکات وەک لە کێشەی کورد.
لە کۆتاییدا کێ دۆستی کوردەکان دەبێت؟
ستاین لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا پێشبینیەکانی دەخاتە ڕوو و دەڵێت «گەیشتنە دانوستان ئاسان نابێت. ئەسەد و کوردەکانی سوریا بیروباوەڕی تەواو جیاوازیان هەیە لەسەر پێکهاتە و سیستەمی سوریای نوێ دوای تەواوبونی جەنگ. کوردەکان دوای شەڕی ئیدلیب کارتێکی فشاری سیاسیان بەدەستەوە دەبێت کاتێک ڕژێم تەواودەبێت لە شەڕێکی سەخت و بێهێزە، بەڵام کە ڕژێم ڕیزەکانی ڕێکخستەوە کوردەکان ئەم فشارە سیاسییە لەدەستدەدەن. گەر کوردەکان ئەم هەلەشیان نەقۆستەوە ئەمریکا دەتوانێت پێگەی کوردەکان بەهێزتر بکات لەسەر مێزی دانوستان گەر بڕیار بدات پشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بگرێت. گەر نا، کوردەکان دەبێت ڕازیبن بە مەرجەکانی ڕژێم دوای ئەوەی ئەمریکا سوریا جێدێڵێت، گەر ڕازیش نەبن ڕووبەڕووی شەڕێک دەبنەوە کە پێیان ناکرێت.»