مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵات دژی سێدارە و سەرکوتی دەسەڵاتی ئێران دەوستنەوە
مامۆستایانی رۆژهەڵات تۆمەتەکانی دەسەڵاتی ئێران بۆ لەسێدارەدان رەت دەکەنەوە
مامۆستایانی ئاینیی شارەکانی پیرانشار و نەغەدە و شنۆ و دەوروبەری
یەک ساڵ لەمەوپێش
مامۆستایانی ئاینیی شارەکانی پیرانشار و نەغەدە و شنۆ و دەوروبەری لە بەیاننامەیەکدا دژی سزای سێدارە و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە یان بڵاو کردەوە و رایانگەیاند؛ سەرەڕای ئەوەی ناڕەزایەتییەکان کەموکوڕییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی کردە ئامانج بەڵام بڕیارەکانی دەسەڵات بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێراندا نەبوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە لە سایەی گەندەڵیی رێکخراو لە دەزگا و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، خەڵک لە لایەکەوە گیرۆدەی هەژارییە و لە لایەکی دیکەوە مافە یاسایی و شەرعییەکانی لێ زەوت دەکرێت.
بە پێی بەیاننامەکە وەڵامی دەسەڵاتی ئێران بۆ ناڕەزایەتییەکان شەپۆڵێک لە توندتیژیی و سەپاندنی سزای سێدارە بوە و لە جیاتی دەستەبەرکردنی مافەکان بڕیاری زۆر بێبەزەییانە دژی خەڵک دراوە.
ئەو مامۆستایانە رونیان کردوەتەوە؛ تۆمەتی دژایەتیی خودا(محاربە) بۆ خەڵکی ناڕازیی بە پشتبەستن بە ئایەتی قورئان پێچەوانەی تێگەیشتن و ئامانجەکانی ئیسلامە.
لە بەیاننامەکەدا ئەو مامۆستا ئایینیانە داوایان کردوە؛ دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان ئازاد بکرێن و داوای لێبوردنیان لێبکرێت و قەرەبو بکرێنەوە و هاوکات سەرجەم ئەو بازگانەی کە بونەتە مایەی بێزاریی خەڵک لاببرێن و دەستبەرداری هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک و دەستگیرکردنیان بن.
ئەمە دوەم بەیاننامەی مامۆستایانی پیرانشار و نەغەدە و شنۆیە کە وەک هۆشدارایی دەدرێتە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.