ژنێکی دووگیانی کورد سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێنرێت
بە تۆمەتی دڕاندنی وێنەی خومەینی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە
زیندانی ورمێ
3 ساڵ لەمەوپێش
ناوەندێکی مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ دەسەڵاتی ئێران بە تۆمەتی دڕاندنی وێنەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی بەسەر ژنێکی دوو گیانی کورد-دا سەپاندوە.
ناوەندی چاودیری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرای کردوە شەهلا عەبدی بە تۆمەتی دڕاندنی وێنەی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە و ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی هەیە.
ئەو ناوەندەی داوای لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان کردوە هەوڵەکانی خۆی بۆ راگرتنی لەسێدارەدانی ئەو ژنە دووگیانە بەخاتەگەڕ.
سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتە شەهلا عەبدی خەڵکی شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە زیندانی ورمێ بەند کراوە بە مەبەستی لەسێدراەدان رەوانەی زیندانی شاری تەبرێز کراوە.
ئەو سەرچاوانە لە زاری ژمارەیەک ژنی زیندانیکراو لە زیندانی ورمێ ئاشکرایان کردوە؛ عەبدی لە ژوری تاکەکەسی زیندان راگیراوە و رێگەی پێنەدراوە لەگەڵ زیندانییەکانی دیکە تێکەڵ بێت و قسە بکات بەڵام بە پێی رەنگ و روخساری تەمەنی 21 بۆ 23 ساڵ بوە و دەرکەوتوە چوار مانگە دوگیانە.
شەهلا عەبدی بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دڕاندنی وێنەی خومەینی دەستگیرکراوە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە.
