بەریتانیا زانیارییەکانی درۆنێکی سوپای پاسدارن ئاشکرا دەکات
بەریتانیا بەڵگەکانی درۆنەکەی سوپای پاسداران رادەستی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
بەریتانیا بەڵگەکانی پڕچەککردنی حوسییەکانی یەمەن لە لایەن ئێرانەوە بڵاو دەکاتەوە و رادەستی نەتەوەیەکگرتوەکانی دەکات.
بۆ یەکەمجار و بەشێوەی رەسمی هێزەکانی بەریتانیا تۆمار ڤیدیۆیی و ئەو بەڵگانەیان خستەڕو کە لە درۆنێکی ئێرانی لە دەریای عومان تۆمار کراوە.
ئاژانسی (ئەسۆشیەتێدپرێس) لە زاری بەرپرسانی سەربازیی بەریتانیا بڵاویان کردوەتەوە؛ درۆنەکە لە جۆری (Quadcopter) لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بەکارهێنراوە و هێزە دریاوانییەکانی بەریتانیا دەستیان بەسەردا گرتوە.
هێزە دەریاوانییەکانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە کردوە سوپای پاسداران زانیارییەکانی ناو درۆنەکەی نەسڕیوەتەوە و دەرکەوتوە ئەو درۆنە 22 جار لە تاران تاقی کراوەتەوە و دواجار کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردودا لە لاین هێزەکانی بەریتانیاوە دەستی بەسەردا گیراوە.
لە تۆمارە ڤیدیۆییەکان ئەو درۆنە دەرکەوتوە ئێران چەک و موشەکی پێشکەوتوی رادەستی چەکدارە حوسییەکان لە یەمەن کردوە.
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاندوە؛ سەرجەم ئەو تۆمارە ڤیدیۆیی و بەڵگانە رادەستی نەتەوەیەکگرتوەکان کراوە و هەنگاوەکانی ئێران بە پێی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی درۆنەکەی سوپای پاسداران پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشە.