نەتەوەیەکگرتوەکان: رێبەری نوێی ئەلقاعیدە لە ئێران حەشار دراوە

ئەمریکا: کۆماری ئیسلامی ئێران رێبەری ئەلقاعیدەی خستوەتە قەفەسی زێڕەوە

سەیف عەدل رێبەری نوێی ئەلقاعیدە

2 ساڵ لەمەوپێش



نەتەوەیەکگرتوەکان رایدەگەیەنێت رێبەری نوێی ئەلقاعیدە لە ئێران حەشار دراوە ئەمریکاش دەڵێت: کۆماری ئیسلامی رێبەری ئەلقاعیدەی خستوەتە قەفەسی زێڕینەوە.

دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردەوە ؛ بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان (سیف ئەلعەدل) رێبەری نوێ گروپی ئەلقاعیدە لە خاکی ئێراندا نیشتەجێ بوە و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە حەشار دراوە.

 لە راپۆرتی نەتەوەیەکگرتوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە سەیف عەدل دوای کوژرانی ئەیمەن زەواهیری بوەتە رێبەری ئەلقاعیدە و گروپی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە ئامادە نییە زانیارییەکانی کوژرانی زەواهیری لە کابول و رێبەری نوێی ئەلقاعیدە لە ئێران پشتڕاست بکاتەوە.

نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرای کردوە؛ پشتی بە زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگری و هێزەکانی ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوا بەستوە و دەرکەوتوە سەیف عەدل کە ئەفسەرێکی پێشوی سوپای میسر بوە کەسێکی بەتوانا و بە ئەزمونە لە ئەنجامدانی پەلاماری سەربازیی و هێرشی چەکداریی.

فەرماندەیەکی هێزەکانی دژە تیرۆری ئەمریکا کە نەیویستوە ناوی بڵاو بکرێتەوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە؛ مایەی سەرسوڕمانە کە رێبەری نوێ ئەلقاعیدە لە سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە و ئەو کەوتوەتە قەفەسی زێڕینەوە و رون نییە کە دەسەڵاتی ئێران رێگە بە سەیف عەدل دەدات گەشت بکات یان لەو وڵاتە بچێتە دەرەوە.

ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دەستنیشان کردوە بۆ ئەو کەسانەی کە زانیاریی لەسەر سەیف عەدل ئاشکرا دەکەن بە مەبەستی دەستگیرکردن یان کوشتنی.

پێشتر مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا رایگەیاندبو کە ئێران بوەتە ماڵی نوێی ئەڵقاعیدە.

ئەیمەن زەواهیری رێکەوتی 31 تەموزی ساڵی 2022 لە لایەن هێزێکی تایبەتی ئەمریکا لە کابول، پایتەختی ئەفغانستان کوژرا و بە پێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ئێستادا سەیف عەدل رێبەرایەتیی گروپی ئەلقاعیدە دەکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار