ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو ئێدانەی ئێران دەکەن

هێرشی ئەلیکترۆنی و بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەکیی ئێران بەهۆکاری ناسەقامگیریی ناودەهێنرێت

هێزەکانی ئەمریکا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وڵاتانی هاریکاریی کەنداو

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەمریکا و وڵاتانی هاریکاریی کەنداوە ئیدانەی هەنگاوەکانی ئێران دەکەن بۆ بەرنامە ئەتۆمیی و موشەکییەکەی و پشتیوانیی لە تیرۆر.

ئەنجومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایانگەیاند؛ ئێران بە بەرنامەی موشەکی و هێرشی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوەتە هۆکاری سەرەکیی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.

لەو بەیاننامەیەدا ئەمریکا و وڵاتانی ئەندمی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو ئاماژەیان بەوە کردوە کە دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی یاسا نێودەڵەتییەکان بێت و بە تەواوتی هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بکات سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ئەو وڵاتانە جەختیان لەوە کردوەتەوە کە هەنگاوەکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت و کاری دیپلۆماسی و سیاسیی وەک سەرەکیترین هەنگاو بۆ رێگریی لە ئێران و پاراستنی سەقامگیریی لەقەلەم دەدەن.

لە کۆتایی بەیاننامە هاوبەشەکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو و ئەمریکا هاتوە کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لایەنەکانی یەمەن ناچار بکەن هاوردەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ ناو وڵاتەکە قەدەغە بکەن.

ئەو بەیاننامەیە لە کاتێکدایە ئەمریکا رایگەیاندوە لە ساڵی رابردودا دەستی بەسەر سێ کاروانی چەک و تەقەمەنیدا گرتوە کە ئێران بە مەبەستی هاوکاریی چەکدارانی حوسی ویستویەتی رەوانەی ناوخۆی یەمەنی بکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار