ئیسرائیل 3هەزار بنکەی ئێران بۆ هێرشکردن دیاریی دەکات
تاران: ئیسرائیل لەهەر وڵاتێکەوە هێرش بکات ئەو ڵاتە دەکەینە ئامانج
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پلانێكی ئیسرائیل بۆ دەستنیشانكردن و بەئامانجگرتنی سێ هەزار شوێنی ستراتیژیی لەئێران ئاشكرا دەبێت و دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیش بەئاشكراكردنی بنكەیەكی سەربازیی ژێرزەوی بەرپەرچی پلانەكەی تەلئەبیب دەداتەوە.
محەمەد باقری، سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران لەكاتی ئاشكراكردنی بنكەیەكی هێزەكانی ئاسمانیی لەژێرزەویی بەناوی (هەڵۆ 44) یان (عوقاب 44) هەڕەشەی لەئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكە كرد لەكاتێكدا ئیسرائیل ئەزموونی لێدانی ئەو جۆرە بنكانەی هەیەو پێشتر لەناوچەی وەیسی ماهی دەشت لەكرماشان بنكەیەكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لەو شێوەیەی كردبووە ئامانج.
باقری رایگەیاند؛ ئەگەر ئیسرائیل لەهەر وڵاتێكەوە هێرش بكاتەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوا ئەو وڵاتەش لەلایەن سوپای ئێرانەوە دەكرێتە ئامانج و جەختی لەوە كردەوە هەر وڵاتێكی ئیسلامی و عەرەبی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە ئەوا ناپاكیی بەرامبەر جیهانی ئیسلام كردووە.
ئەو بنكەیە كەتایبەتە بەحەشاردانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئێران، دروستكردنەكەی هەشت ساڵی خایاندووەو بەوتەی بەرپرسانی سەربازیی كۆماری ئیسلامی هیچ بۆمبێكی ئەمریكا توانای بڕینی ئەو بنكەیەی نییە.
ئێران لەساڵی 1984 و لەكاتی جەنگ لەگەڵ عێراق دەستی كردووە بەدروستكردنی ژمارەیەك بنكەی ژێرزەوی بەمەبەستی شاردنەوەی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكە جەنگییەكانی كەژمارەیەكیان دەكەونە زنجیرە كێوەكانی زاگرۆس لەڕۆژهەڵاتی كوردستان.
تەلەڤیزیۆنی كەناڵی حەوتی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە كەئێران بەهۆی ئەو هاوكارییانەی لەبواری فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا پێشكەشی روسیای دەكات هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنیوە فڕۆكەی جەنگی نەوەی نوێ و پێشكەوتو لەمۆسكۆ وەرگرێت و بنكە ئاسمانییەكەی ژێرزەویی پێ بەهێزبكات.
رۆژنامەی مەعاریف لەئیسرائیل ئاشكرایكردووە؛ كابینەی نوێی حكومەتەكەی بنیامین نەتانیاهۆ پلانی هێرشكردنەسەر زیاتر لەسێ هەزار پێگەی ئێرانی یەكلایی كردووەتەوە بەڵام تەنها پێویستی بەهاودەنگیی وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت فەڕەنسا هەیەو هاوكات دەیەوێت وڵاتانی عەرەبیی كەنداو رازیی بكات بەپشتیوانیی لەتەلئەبیب.
یۆنی بن مناحیم، پسپۆڕی ئیسرائیلی و شارەزا لەكاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتوویەتی بەئەگەری زۆر ئێران وەڵامی ئەو هێرشەی كەئیسرائیل لەشەوی (28/1/2023) كردیەسەر بنكەیەكی دروستكردنی چەك و تەقەمەنی لەئەسفەهان دەداتەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویكردەوە كە ئەو هێرشە لەڕێگەی سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە ئەنجامدراوە كەپلانەكەی لەلایەن ئیسرائیلەوە داڕێژراوە و لەلایەن پارتە كوردییە نەیارەكانەوە جێبەجێكراوە.
ئاسایشی نیشتیمانی ئێران ژمارەیەك لەئەندامانی پارتە كوردییەكانی نەیاری دەسەڵاتی تۆمەتبار كردووە بەهێنانی فڕۆكەكان لەسنورەكانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی كوردستان و دواتر لەكارگەیەك پارچەی درۆن یان ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە سەریەك كراون و هێرشەكەی پێ ئەنجامداوە.
بەپێی ئەو موشەكباران و هێرشانەی ئێران لەڕابردودا دژی هەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە هەر كاتێك دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و دامەزراوەكانی دەكرێنە ئامانجی سەربازیی و دەردەكەوێت هێرشەكان لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە، وەك بەرپەرچدانەوەیەك پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم تۆمەتبار دەكات و هێرشی موشەكیی دەكاتەسەر خاكی هەرێمی كوردستان.
نموونەی نزیكی ئەو هێرشە موشەكییە لە (13/3/2022) روویدا كەسوپای پاسداران بەبیانوی بوونی بنكەی ئیسرائیل چەند موشەكێكی ئاڕاستە ماڵی شێخ باز بەرزنجی كردو كۆماری ئیسلامیش بانگەشەی ئەوەی كرد لەهێرشەكەد ژمارەیەك ئەفسەر كوژراون بەڵام بەپێی راگەیەنراوی دەزگا فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم تەنها زیانی ماددی بەچەند ناوچەیەكی نیشتەجێبوون گەیشتووە.
ئەو هێرشە موشەكیەی ئێران دوای ئەوە هات كەئیسرائیل هێرشی كردەسەر بنكەیەكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەو وڵاتە لەناوچەی ماهی دەشت لەشاری كرماشان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، بۆیە دوور نییە بەو هێرشەی ئەم دواییانەش پەرچەكرداری دیكەی هاوشێوەی موشەكبارانەكانی رابردوو لەدژی هەرێم نەنوێنێ.
سوپای ئێران دوای توركیاو میسر بەسێەم سوپای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدرێت لەڕووی ژمارەی چەك و كەرەستەی سەربازییەوە بەڵام سوپای ئەو وڵاتە بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانەوە نەیتوانیوە لەئاستی تەكنەلۆژیادا پێشكەوتنی بەرچاو بەدەستبهێنێت.