هه‌ولێر سه‌وز ده‌بێت و سلێمانیش زه‌رد
6 ساڵ لەمەوپێش
ئەگەرچی سلێمانى له‌سه‌ر ئاستى عێراق زۆرترین باخچه‌و سه‌وزایی تێدایه، بەڵام بەهۆی بێخزمەتیەوە له‌دوو ساڵدا دوو هەزار بنەدار وشکبوون
سازدانى: مه‌عروف مه‌جید
به‌پێى ئامارێکى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى باخچه‌کانى سلێمانى له‌سه‌ر ئاستى عێراق شاری سلێمانی زۆرترین باخچه‌و سه‌وزایی تێدایه، هه‌روه‌ها زۆرترین ڕێژه‌ی باران بارینی لێده‌بارێت و نزمترین پله‌ی گه‌رمی تێدا تۆمارکراوه، بۆیه ئێستا سلێمانى لهستانداری جیهانی که لەسەدا 15یه ده‌رچووه و له‌و ڕێژه‌یه ڕووبه‌ری سه‌وزایی زیاتره. بەڵام بەهۆی بێخزمەتیەوە له دوو ساڵدا دوو هەزار دره‌ختی وشکبوون.
سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌کان بۆ زیاتر سه‌وزکردنى شاره‌که له‌ئێستادا، به‌هۆی بێخزمهتییهوه، دوو هه‌زار بنه‌دار له‌باخچه‌کانی شاری سلێمانی له‌ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا وشکبوون.
کامه‌ران حه‌مه ساڵح به‌ڕێوه‌به‌ری باخچه‌کانی سلێمانی وتی "564 باخچه له‌سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باخچه‌کانی سلێمانی هه‌ن و به‌شێکی زۆری باخچه‌کان مه‌ترسیی فه‌وتانیان لێده‌کرێت، هۆکاری ئه‌و مه‌ترسییه‌ی بۆ ئاونه‌دانی بنهدارهکان گه‌ڕانده‌وه، که‌ده‌بێ له‌سه‌ره‌تای مانگی شه‌شى هه‌موو ساڵێک له‌وه‌رزى هاویندا ئاوی دره‌خته به‌ته‌مه‌نه‌کان و له‌مانگی پێنج-یشدا نه‌مامه‌کان ئاوبدرێن"
کامه‌ران حه‌مه ساڵح به‌ڕێوه‌به‌ری باخچه‌کانی سلێمانی وتیشی "به‌هۆی ئاونه‌دانی داره‌کانه‌وه، له‌ساڵی 2016 هه‌زار و 500 بنه‌دار وشک بوون و له‌ساڵی 2017شه‌وه 500 بنه‌داری دیکه وشکبوون، نیگه‌رانیی خۆی له‌و بارودۆخه نیشاندا و رایگه‌یاند، دیارنییه ئه‌مساڵیش چه‌ند داری دیکه وشکده‌بن"
به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى ده‌ست هاوڵاتی که‌وتوون، له‌ساڵى 2008 رێژه‌ى سه‌وزایی ناوشارى سلێمانى لەسەدا ١ بووه، ته‌نها 38 باخچه له‌سنورى به‌شى باخچه‌کاندا بونیان هه‌بووه، له‌ئێستادا له ساڵى 2018 رێژه‌ى سه‌وزایی له‌شارى سلێمانى لەسەدا 18ى تێپه‌راندووه‌و زیاد له دوو ملیۆن و 500 هه‌زار دار بونى هه‌یه.
ئێمه 564 پارک و باخچه‌مان هه‌یه، به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى وه‌رمانگرتووه، ئێمه له لەسەدا 12 سه‌وزایی له‌ئه‌ستۆى ئێمه‌یه به‌و به‌شانه‌ى تر رێژه‌که لەسەدا 18یه.
سه‌باره‌ت بهجیاوازییهکانى نێوان باخچه‌کانى سلێمانى و هه‌ولێر به‌ڕێوبه‌رى باخچه‌کانى سلێمانى وتى »جیاوازى زۆر هه‌یه، بۆنمونه به‌شێکى زۆرى باخچه‌کانى ئه‌وان دراوه به کۆمپانیا به‌ڵام له‌سلێمانى کارى وانه‌کراوه، قه‌یرانى دارایی له‌ماوه‌ى چه‌ندساڵى رابردوودا گرفتى زۆری بۆمان دروستکردووه. پێش قه‌یران له‌ساڵێکدا ده‌مانتوانى سێ ملیار دینار سه‌رف بکه‌ین ئێستا بۆ ساڵێک 120 ملیۆن بودجه‌مان هه‌یه، ساڵى 2016 مانگى 500 ملیۆن بۆ هه‌ولێر ته‌رخانکراوه ئێمه بۆ ساڵێک ئه‌و بڕه‌مان بۆ ته‌رخانکرابوو پێشیان نه‌داین.
جیاوازیه‌کى تر ئه‌وان، 1280 کارمه‌ندیان هه‌یه ته‌نها بۆ پارکى سامى عەبدولڕەحمان، ئێمه بۆ پارکى ئازادى 50 کارمه‌ندمان هه‌یه.
له‌ساڵی 2016 له‌مانگی 11 ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕاوه بۆ ئاودانی دره‌خته‌کان
له‌ساڵی 2017 له‌مانگی 3/7 ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕاوه بۆ ئاودان
له‌ساڵی 2018 له 4/8 ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕاوه بۆ ئاودان.
له‌ساڵی 2016 ته‌نها له‌به‌شی باخچه‌کان، 1500 دره‌خت وشکبووه.
له‌ساڵی 2017، 500 دره‌خت ووشکبووه.
له‌ساڵی 2018 هێشتا ئاماره‌که دیار نییه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنى بۆچونى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌ندازه‌ی باخچه‌کانى هه‌ولێر، ئاکۆ عه‌بدوڵا ره‌شید به‌رپرسى راگه‌یاندنى ئه‌ندازه‌ی پارکه‌کانى هه‌ولێر ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ئێمه له‌سنورى ناوشارى هه‌ولێر 365 پارک و باخچه له‌سنورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان هه‌یه، رێژه‌ى سه‌وزایی له‌شارى هه‌ولێر لەسەدا 16یه.
سه‌باره‌ت بهگرفتى ئاودانى دره‌خته‌کان له‌وه‌رزى هاویندا وتى "گرفتمان هه‌یه به‌ڵام پێشوه‌خته ئێمه به‌رنامه داده‌ڕێژین بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و گرفته به ته‌نکه‌رى ئه‌هلى و ته‌نکه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان، ئێمه کاتیشمان دیارى نه‌کردووه بۆ ئاودان، که‌ى پێویستى بوو ئه‌وا ئاو ده‌درێت ئه‌گه‌ر پێویست کات"
سه‌باره‌ت بهوشکبوونى دره‌خته‌کانیان له‌وه‌رزى هاوین و نه‌بونى ئاو‌و به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌کانى گه‌رما، به‌رپرسى راگه‌یاندنى ئه‌ندازه‌ی پارکه‌کانى هه‌ولێر ئاماژەی بەوەکرد ماوه‌ى دوو ساڵه هیچ دارێک له‌سنورى ئەوان وشک نه‌بووه‌و نه‌یان هێشتووه وشکبن.
سه‌باره‌ت بهوشکبوونى دره‌خته‌کانى سلێمانى رێبوار ئه‌حمه‌د سه‌رۆکى لیژنه‌ى ته‌ندروستى و ژینگه له‌پارێزگاى سلێمانى به هاوڵاتی وت "گرفتى وشکبوون یان زهردبونى دره‌خت و باخچه‌کانى سلێمانى په‌یوه‌ندى به‌ئیداره‌ى شار‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى باخچه‌کانه‌وه هه‌یه"
ساڵى 2017 به‌هۆى نه‌بون و گرفتى ئاو به‌شێک لهگهڕهکهکانى ناوشاریش ئاوى خواردنه‌وه‌یان نه‌بوو، ده‌بوو ئه‌و کاته به‌به‌رنامه و پلان کاریان بکردایه، به‌هه‌ماهه‌نگى شاره‌وانى و باخچه‌کان و ئه‌ندامێکى پارێزگا ئه‌و کێشه‌یه‌یان له‌ڕێگه‌ى ته‌نده‌رینه‌وه چاره‌سه‌ر بکردایه، ناکرێ ئه‌وان له مانگى پێنج یان دواتر بیر له چاره‌سه‌رى ئه‌و کێشه‌یه بکه‌نه‌وه. بۆیه ئه‌و کێشه‌یه ساڵانه دووباره ده‌بێته‌وه.