پاڵاوگەی ئاوی 18گوندی کۆبانێ بەهۆی بومەلەرزەوە زیانی پێگەیشتووە
3 ساڵ لەمەوپێش
بومەلەرزەکەی 6ی شوبات کە ناوەندەکەی باکوری کوردستان بوو، کاریگەری لەسەر هەرێمی فوراتی رۆژئاوای کوردستانیش داناوە. پاڵاوگەی ئاوای کۆبانێ کە ئاوی 18 گوند دابین دەکات درزی بردووە و بەشێکی لەکار کەوتووە.
دوای لێکۆلینەوەکان کە لەلایەن تیمەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە ئەنجامداوە، دەرکەوت، پاڵاوگەی ئاوی کۆبانێ زیانی بەرکەوتووە و ناتوانێت وەک جاران ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان دابین بکات.
مەسعود بۆزی هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێمی فورات بۆ ئاژانسی هاوارنیوز رایگەیاند، پاڵاوگەکە ئاوی 18 گوندی کۆبانێ دابین دەکات، لەو گوندانە 50 هەزار کەس دەژین و ئەمەش کارەساتێکی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.
بۆزی وتیشی، پاڵاوگەکە زۆر کۆنە و پێویستە بە زوترین کات نۆژەن بکرێتەوە یان پاڵاوگەیەکی نوێ دروست بکرێت.
هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێمی فورا دەشڵێت، جگە لەوە بومەلەرزەکە زیانی بە تۆڕەکانی ئاویش گەیاندووە و تاوەکو خۆبەڕێوەبەرێتیەکە بودجەی تایبەت دابین دەکات، ئەوان بە بودجەی خۆیان هەوڵی چارەسەری کاتی دەدەن.
شاری کۆبانێ هاوسنورە لەگەڵ شارۆچکەی پرسوسی سەر بە پارێزگای روحای باکوری کوردستان. بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی پارێزگای مەرەشی باکوری کوردستان بوو، کاریگەریەکی لەسەر شارەکە دروست کرد، بەڵام جگە لە چەند بریندارێک، زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.
لە کۆبانێ جگە لە پاڵاوگەی ئاوەکە، زیان بە ١٣ قۆتابخانەی گەیشتووە و پرۆسەی خوێندن لەو قۆتانخانانە راگیراون.
