بڵاوكردنەوەی راپرسییەك لەرۆژنامەی سەباح خەریك بوو گڕ لەپەیوەندییەكانی هەولێرو بەغداد بەربدات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێشتا گەڕی نوێی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداد كۆتایی نەهاتبوو، راپۆرتێكی رۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی حكومەتی عێراق خەریكبوو جارێكی دیكە گڕ لەپەیوەندییەكانی بەغداو هەولێر بەربدات و ناكۆكییەكانی نێوانیان زیندووبكاتەوە ئەگەر لێدوان و ڕەتكردنەوەی هەردوولایەن نەبووایە لەسەر بابەتەكە.

رۆژنامەی (سەباح) كە سەر بەتۆڕی میدیای عێراقە و بارەگاكەی لەبەغدایە رۆژی شەممە 18-2-2023، بابەتێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا باسی لە ئەنجامدانی راپرسییەك كردبوو لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و دەڵێت: «بەهۆی ناكۆكییەكانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، لە راپرسییەكیدا كە سەنتەرێكی ئەكادیمی بۆ راپرسی و شیكردنەوە ئەنجامیداوە خەڵكی هەرێمی كوردستان بێ هیوابوونی خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كورستان راگەیاندووە و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا.»

هەرزوو راپۆرتەكەی رۆژنامەی سەباح حكومەتی هەرێمی هێنایە سەرخەت و وەڵامێكی توندی رۆژنامەكەی دایەوەو و رایگەیاند: هەرێمی كوردستان خاوەن قەوارەیەكی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەكانە و هیچ دەسەڵاتێك توانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانی نییە بە نووسینی رۆژنامەیەكی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە، كە پارەیەكی زۆری لێ خەرجدەكرێ و كەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە.

حكومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەم سەنتەر و بەناو راپرسییەی رۆژنامەكە پشتی پێبەستووە، هیچ بنەمایەكی زانستی نییە و دوورە لە راستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش رۆژنامەی (سەباح ) و ئەوانەی لە پشتییەوەن، باوەڕیان بە راپرسییە، لە 25ـی سێپتەمبەری 2017 ، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی كوردستان، لە گەورەترین راپرسی و ریفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێكی ئازاد دا، قسەی خۆیان كرد و دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی بەغدا، بە هێرشی سەربازی و بەكارهێنانی سوپا لە دژی خەڵكی كوردستان و گەمارۆدان وەڵامی ریفراندۆم و رای خەڵكیان دایەوە.

توڕەبوونەكەی حكومەتی هەرێم وەهای لەحكومەتی عێراق كرد بێتە دەنگ و وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند: ئەو بابەتەی لە رۆژنامەی (سەباح)ی عێراقی بڵاوكراوەتەوە، رای كەسی خۆیانە و گوزارشت لە بۆچوونی فەرمی حكومەتی عێراق ناكات.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق وتی: دەستوور دەوڵەتی ئیتیحادی عێراقی پێكهێناوە، شێوازی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتیحای داڕشتووە، ئەمە یەكێكە لە دەستكەوتەكانی عێراقی نوێ ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەغدا پشتگیری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكات، كە بە پێی دەستوور، خاوەنی حكومەتێكی هەڵبژێردراوی شەرعییە.

لەلایەن خۆشیەوە تۆڕی میدیای عێراقی كە خاوەندارێتی رۆژنامەكە دەكات داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلەی كرد لەو راپۆتی رۆژنامەكە و رایگەیاند: «ئێمە ئەو لێدوانەی بەشی راگەیاندن و زانیاریمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بینیوە، كە لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی یەكێك لەو راپۆرتانەی بڵاوكراوەتەوە». ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە:» جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، هەر زیانگەیاندنێك بە مافە دەستوورییەكانی دامەزراوە و قەوارە یاساییەكان، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، رەتدەكەیەنەوە».

دواتر ئەحمەد عەبدولحسێن بەڕێوەبەری بەشی نووسین لە رۆژنامەی سەباحی عێراقی رایگەیاند، ئەو راپرسییەی لەبارەی رای خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕاندنەوە بۆ سەر بەغداد بڵاویانكردووەتەوە خۆیان نەیانكردووە، بەڵكو لە سەنتەرێكی ئەكادیمی وەریانگرتووە و دەڵیت: «ئەگەر بڵاوكردنەوەی ئەو راپرسییە گەلی كوردی دڵتەنگكردووە، داوای لێبووردنیان لێ دەكەین.» دوابەدوای ئەو كاردانانەوەش رۆژنامەكە لە ئەرشیفی ئەلیكترۆنی خۆیدا راپۆرتەكەی سڕیوەتەوەو دەستكاریی لاپەڕە 3ی رۆژنامەكەی كردووە.

ئەو راپرسییەی كە رۆژنامە عێراقییەكە بڵاویكردۆتەوە هی كۆمپانیای شیكارە بۆ تۆیژینەوەو راپرسی كە لەساڵی 2010ەوە دامەزراوەو بارەگاكەی لەشاری هەولێرە.

لەروونكردنەوەكەیەكیشدا كۆمپانیاكە دەڵێت: كۆمپانیاكەیان ١٠٠% ئەهلییە و لەلایەن (موراد حەكیم، رابەر تەڵعەت و مەهدی حەسەن)ەوە خاوەندارێتی دەكرێت و ساڵانە باج دەداتە فەرمانگەی باج و دەرامەتی حكومەتی هەرێم، ئاماژە بەوەشدەكات: لە ماوەی كاركردنیدا ژمارەیەكی زۆر پرۆژەی راپرسی و توێژینەوەی بۆ ناوەندە جیهانی و ناوخۆییەكان ئەنجامداوە، دوا راپرسیش كە مشتومڕێكی لە شەقامدا دروست كردووە لەسەر بنەمایەكی زانستی ئەنجامدراوە و هیچ بەرژەوەندی شەخسی و سیاسی تێدا نەبووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: بەداخەوە راپرسییەكە وەكو گشت ناخوێندرێتەوە بەڵكو تەنیا ئاماژە بە بەشێكی زۆر بچووكی دەكرێت و بەلارێدا دەبرێت، پێمانناخۆشە بۆ مەرامی سیاسی و حزبی بەكاربێت و رێگەش نادەین بدرێینە پاڵ هیچ لایەن و كەسایەتییەكی ناوخۆیی یان بیانی و ئەگەر پێویستیشی كرد بۆ پاراستنی ناوبانگی پیشەیی خومان پەنا بۆ دادگاكان دەبەین.

ئەم گرفتە میدیاییەی لەنێوان بەغداد و هەولێر كە ئان و ساتەكەی لەكاتێكی زۆر هەستیاردا بوو ئەویش بەو پێیەی گفتوگۆكانی بەغدا و هەولێر لەسەر بابەتەكانی بودجە و یاسای نەوت و غاز زۆر بەگەرمی بەڕێوەدەچێت و بەپێی لێدوانەكانی هەردوولا بێت هیوایەك هەیە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن.

دوای گەڕانەوەی دووبارەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، هەردوو لایەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بڕیاریاندا لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنن بۆ ئامادەكردن و دارشتنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی. 

بەپێی راگەیێندراوێك رۆژی یەكشەممە 19ی شوباتی 2023، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبووەوە و بڕیاردرا لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنرێت بۆ ئامادەكردن و داڕشتنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی.

هاوكات محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش رایگەیاندووە تا كۆتایی ئەمساڵ یاسای نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق دەردەچێت.

لەبارەی سەرهەڵدانی جیاوازی و ناكۆكیش لەنێوان پارتی و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیشدا، ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی، چاپی لەندەنی بڵاویكردۆتەوە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە سەردانەكەیدا بۆ فەرەنسا،  داوای لە ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا كردووە فشار بخاتە سەر بەغداد تا پابەندی ڕێكەوتنی پێكهێنانی حكومەت بن لەگەڵ كورد و ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەن كە بەكورد دراوە.

ڕۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە: كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەست بەوە دەكات لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی كودەتایان بەسەر ئەو ڕێككەوتنانە كردووە كە لە كاتی پێكهێنانی حكومەت لە نێوان كورد و چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجامدراون و ئێستا خواستی پابەندبوونییان پێوەی نییە، ئاماژەشی بەوەكردووە: پارتی دیموكرات و بارزانی كشانەوەیان لە حكومەتی سودانی وەك دوا كارت داناوەو ئەگەر حكومەتی سودانی پابەندی بەڵێنەكانی نەبێت دەست بۆ ئەو كارتە دەبەن و پێدەچێت ئەو  پەیامەیان بەماكرۆن گەیاندبێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار