یەکەم راپرسی دوای بومەلەرزە: دەنگی ئاکەپە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە و راپرسیەکانی تورکیا رایگەیاند، بەگوێرەی راپرسیەکیان، دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات دەنگی پارتی داد و گەشەپیدان کەم دەکات و خەڵکی تورکیاش دەیانەوێت، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

لەگەڵ کارەساتی بومەلەرزەی ٦ی شوبات، پرسی هەڵبژاردنیش لە تورکیا قسەی لەسەر دەکرێت. جان سەلچوکی بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە و راپرسیەکانی تورکیا لەمبارەیەوە قسەی کرد و رایگەیاند، راپرسیەکیان لەبارەی بۆچوونی هاوڵاتیان ئەنجامداوە کە ناوەڕۆکی راپرسیەکە بە تەواوی لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاشکرا دەکرێت.

جان سەلچوکی باسی ئەوەشی کرد، لە راپرسیەکەیاندا، دەنگی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات و وتی، " زۆربەی هاوڵاتیانی تورکیا لەگەڵ ئەوەدان، هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، کە پێشتر بە شێوەیەکی فەرمی ١٤ی ئایار وەک رۆژی هەڵبژاردن دیاریکراوە. لە چەند رۆژی رابردوودا، پرسی هەڵبژاردن، یەکێک لە رۆژەڤە سەرەکیەکانی پارتە سیاسیەکانی تورکیا بوو.

دوێنێ ماڵپەڕی هەواڵی بلۆمبێرگی ئەمریکی، لەزاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئاکەپەوە، کە ناوەکانی ئاشکرا نەکردبوو، رایگەیاند، ئەردۆغان حەفتەی رابردوو لەگەڵ بەرپرسانی پارتەکەی کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیدا ئەنجام دەدرێت. هەروەها میدیاکانی تورکیا ئاشکرایان کرد، ئاکەپە سەرقاڵی گۆڕینی کارنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنە، لەبەرئەوەی دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تورکیا گۆڕانکاریەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. بەهۆی بومەلەرزەکەوە، پرسی هەڵبژاردن تاوەکو رادەیەک، لە رۆژەڤی تورکیادا کپکرابوو، بەڵام حەفتەی رابردوو، بولەنت ئارنچ یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە لە تویتێکدا گۆمەکەی شلەقاندەوە و داوای کرد، بەهۆی دۆخی بومەلەرزەوە، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی دوابخرێن و لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجام بدرێن.

تویتەکەی ئارنچ کاردانەوەی توندی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەدوای خۆیدا هێنابوو. لەمبارەیەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاندبوو، بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن، هەڵبژارندن دوابخرێت، لەبەرئەوەی، بەگوێرەی دەستووری بنەڕەتی تورکیا، تەنیا لە دۆخی جەنگدا دەتوانرێت هەڵبژاردن دوابخرێت.

لەم بارەیەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتێکدا، بە توندی رەخنەی لە دەسەڵات گرت و وتی، " دواخستنی هەڵبژاردن بە واتای کودەتا بەسەر یاسا و دەستووردا دێت." دەمیرتاش داوای لە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە کرد، هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆبکاتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنن.

لە تورکیا سێ هاوپەیمانی سەرەکی بۆ هەڵبژاردن پێکهێنراون کە ئەمانەن: هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنەک کاندیدی سەرۆککۆماری ئاشکرا نەکردووە. هاوپەیمانی کۆمار پێداگیری لەسەر کاندیدکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە دەکات، بەڵام شەش لایەنەکەی هاوپەیمانی کۆمار تاوەکو ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، هەرچەندە کەمال کلچدارئۆغلۆ لە هەموو کاندیدەکانی دیکە چانسی زیاترە.

هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکانیش، هەرچەندە رایگیەیاندووە، کاندیدی خۆیان دەبێت، بەڵام بەگوێرەی هەندێک زانیاری کە لە میدیاکاندا باس دەکرێن، چاوەڕێی هاوپەیمانی گەل دەکات کە ئەگەر کلچدارئۆغلۆ کاندید بکات، بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئەردۆغان، دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار